مەسەلەی کورد و خەباتی چەکداری

مەریوان وریا قانع

6 كاتژمێر لەمەوپێش



مەریوان  وریا قانع

بەشی یەکەم

لە دواهەمین کۆنفرانسیدا پارتی کرێکاری کوردستان (پەکەکە)، بڕیاری کۆتاییهێنانی بە خەباتی چەکداری دا و هاوکات خۆیشی وەک ڕێکخرا و وەک یەکێک لە بکەرە سەرەکییەکانی ئەنجامدانی ئەم جۆرە خەباتە، لە چل ساڵی رابووردودا، هەڵوەشاندەوە.

ئەم دوو بڕیارە دوو بڕیاری گەورەن و دەشێت «سەرەتایەکی نوێ» دروستبکات، کە هەم ئەندامان و هەوادارانی ئەم پارتە و هەم «مەسەلەی کورد» لە تورکیادا، بۆ بۆ قۆناغێکی تازە بگوازێتەوە: قۆناغی خەباتی سیاسیی و مەدەنیی و  فەرهەنگیی و ئەخلاقیی و جێندەری و مافخوازیی.  واتە هەموو جۆرەکانی خەبات لەدەرەوەی پەنابردندا بۆ چەک.

بەر لەوەی بچینە سەر باسکردنی مێژو و کێشە و تەحەداکانی خەباتی چەکداریی، با وەک سەرەتایەک لەم پرسیارە سادەیەوە دەستپێبکەین: ئایا مەسەلەی کورد چییە و کامەیە؟ بەبۆچوونی من مەسەلەی کورد دەرەنجامی هاتنەکایەی چوار گۆرانکاریی گەورەیە لە پەیوەندیدا بە بوونی کوردەوە لەسەدەی بیستەمدا وەک میلەتێک، لەناو میلەتەکانی تری ئەم ناوچەیە.

گۆڕانکاری یەکەم و هەرەسەرکیی بریتییە لە گۆڕانی کورد لە «میلەتێک»ی موسڵمانی ناو چوارچێوە دینییەکەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەوە، بۆ «کەمینەیەکی ئەتنی» لەناو چوار دەوڵەتی دەسەڵاتگەری تازە دروستکراو لە رۆژگاری دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی یەکەمدا. بوون بە «کەمینەی ئەتنی» کۆڵەکەی یەکەمی دروستبوونی ئەو مەسەلەیەیە کە وەک «مەسەلەی کورد» هاتۆتە ناو مێژووی سەدەی بیستەمەوە. لە «موسڵمان»ێکی ناو ئیمپراتۆریەتە دینییەکانەوە، بۆ بوون بە «تورک»، «ئێرانی» و «عێراقی» و «سوری» لە پێگەی کەمینەبوونێکی ئەتنییەوە. گۆڕانکاری دووهەم بریتییە لە «بەئەمنیکردن»ی «مەسەلەی کورد» و تەماشاکردن و نمایشکردنی «مەسەلەی کورد» و لەوێشەوە بوونی کورد لەو وڵاتانەدا، وەک «هەڕەشەیەکی وجودی» لە بوون و بەردەوامی ئەو دەوڵەتە تازانەوە.

سێهەمین گۆڕانکاریی بریتییە لە سڕینەوەی روخسارە جیاوازەکانی کوردبوون، ئیتر لە گۆڕینی ناوی گوند و شار و شارۆچکە کوردییەکانەوە بیگرە، تا بە یاساخکردنی زمان و بۆنە و جلوبەرگ و نووسین دەگات، بە تێپەڕین بەناو یاساغکردنی هونەر و مۆسیقا و ئەدەبیاتدا بە زمانی کوردیی. واتە سڕینەوە و لەناوبردنی دەرکەوت و بەرجەستەبوونە ئینسانیی و مێژووییەکانی کوردبوون.

گۆڕانکاری چوارهەم بریتییە لە وەڵامدانەوەی سەربازیی و ئەمنی توندوتیژانەی ئەو دەوڵەتانە بەم مەسەلەیە و چەوساندنەوە و بێماف و بێنرخ و بێئومێدکردنی بەردەوامی خەڵکی کوردستان، لە فۆرمی گرتن و کوشتن و ڕاوانان و راگوێزانی بەزۆر و وێرانکردن و لەناوبردنی سیستماتیکی و ناسیستماتیکیدا. بێگومان بە پلە و رادەی جیاواز لە هەر پارچەیەکی کوردستان و لەناو هەریەکێک لەو چوار دەوڵەتدا کە باسمانکرد.

 لەدوای جەنگی جیھانیی یەکەمەوە کورد بەدوای دانپیانان، یان ئیعترافێکی سیاسیدا دەگەڕێت بتوانێت وەک بکەرێکی ئەتنیی و نەتەوەیی سیاسیی خاوەن مافی تایبەت، وەک ھەڵگری شوناسێکی جیاواز لە شوناسی سەپێنراوی ئەو دەوڵەتانەی لەناویاندا بووە بە کەمینە، مامەڵە بکرێت. ئەوەی کورد لەدوای جەنگەکەوە پێوەی سەرقاڵە، هەوڵدانە بۆ شوێنکردنەوەی خۆی لەناو ئەو جوگرافیا سیاسییە تازەیەی لەدوای جەنگەکەوە لە ناوچەکەدا دروستدەکرێت، شوێنکردنەوەی خۆی وەک گروپێکی خاوەن شوناس و مافی سیاسیی و کولتوریی نەتەوەیی تایبەت. ئەم داواکارییانە لە گەشەی خۆیاندا کورد بەرەو بەرگریکردن و خەباتی سیاسیی و چەکداریی دەبەن. مامەڵەکردنی ئەمنیی داخوازیەکانی کورد و ڕێزنەنگرتنی کەمترین تایبەتمەندیەکانی ئەم میلەتە وەک یەکێک لە میلەتەکانی ناوچەکە، ژێرخانی پەنابردنە بۆ بەرگریی سیاسیی و بەرگریی چەکدارانە.

پیادەکردنی خەباتی چەکدار لە حەزی کوردەوە بۆ توندتیژیی نەھاتوە، یان لەوەوە گوایە کورد کۆمەڵێک خێڵی فێرە جەنگ و پشێوی نانەوەن، یان لە حەزی ئەوانەوە بۆ چەک و جەنگ لەگەڵ دونیای دەرەوەیاندا هاتبێت. پەنابردن بۆ خەباتی چەکدار شتێکیش نییە پەیوەندیی بە  «عەقڵیەت» و «سایکۆلۆژیا»ی تایبەتی کوردەوە ھەبێت. ڕەگەکانی خەباتی چەکداریی لەو ئەو دونیا تازەیەدایە کە دوای جەنگی جیھانیی یەکەمەوە دروستدەبێت و کورد نائّومێدانە لەناویدا بەدوای ئیعترافێکی سیاسیدا دەگەڕێت.  لە ساتەوەختی دروستکردنی چوارچێوە نوێکانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا لەدوای جەنگی جیھانی یەکەمەوە، غەدرێکی مێژوویی گەورە لە کورد و لە ھەندێک گروپی ئەتنیی و دینیی و نەتەوەیی تر  لە ناوچەکەدا دەکرێت. وەڵامدانەوەی کورد بەم غەدرە مێژووییە، لە زیاد لە قۆناغێکدا وەڵامدانەیەکی چەکدارانەی رێکخراو، بووە.  

 ئەو دەوڵەتانەی لەم ناوچەیەدا دروستکران دەوڵەتی دیموکراس و مافپەروەر و کراوە نەبوون، بەڵکو «دەوڵەتی ھۆبز»ی بوون- لەناوی تۆماس هۆبزی فەیەلسوفەوە-. واتە دەوڵەتێکی دەسەڵاتگەر و مۆنۆپۆڵخواز و داخراو و  توندوتیژ و سەرکوتکەر، بوون.

باوەڕیان بە مافی ھێزە جیاوازەکانی ناو ھەناوی خۆیان نەبووە، یەک پێناسیان بەسەر ھەموو گروپە ئەتنیی و کولتوریی و دینیی و نەتەوەییە جیاوازەکانی ناو سنوورەکانیاندا سەپاندوە. لەگەڵ تێپەڕینی کاتیشدا وێنەیەک بۆ ئەو کەمینانە دروست و باڵادەستدەکەن کە یەکسانیان دەکات بە کۆمەڵێک خێل و خەڵکی «دواکەوتو»، «تێنەگەیشتوو»، «گوێنەگر»، «بێمێشک»، «ئاژاوەگێڕ» و «توندوتیژ». خەڵکانێک لەم دیدە راسیستیی و نیمچەراسیستییەدا، گوایە نە نەتەوەن و نە گروپی ئەتنی جیاوازن، نە کولتور و نەزمانی خۆیان هەیە، نە شارستانیەت، نە هیچ. دەستیشیان لەگەڵ ناحەزانی ئەو دەوڵەتانەدا تێکەڵە و دەخوازن ئاسایش و پایەکانی ئەو دەوڵەتانەی لەناویاندا دەژین، وێرانبکەن. بە کورتییەکەی، ئەم دەوڵەتانە لەیەکاتدا هەم وێنەی جاھیل و شەیتانێک، هەم وێنەی کوتلەیەکی بەشەری بێپەیوەندیی و خەڵکانێکی بێشوناس و ئاژاوەگێڕ و بێوەفا و ناپاک بۆ کورد و ئەو گروپە ئەتنیی و دینیی و کولتورییانە دروستدەکەن کە لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتانەدا داوای لانی ھەرەکەمی مافەکانی خۆیان دەکەن.  لە لۆژیکی حوکمڕانی ئەم دەوڵەتانەدا شتێک بە ناوی مافی سیاسیی و کولتوریی و نەتەوەیی ئەو گروپانەوە، لەئارادا نەبووە. لە تورکییادا سیاسەتی تواندنەوەی سەرتاسەریی و نکوڵیکردن لە بانی کورد وەک کورد، لە عێراقدا سیاسەتی بچووکردن و سنووردارکردنی مافەکانی کورد و لە ئیراندا سیاسەتی چەوساندنەوە و گوێنەگرتن لە هیچ مافێکی سیاسیی و کولتوریی، پیادەدەکرا. لە سوریاشدا نکوڵیکردن لە بوونی کورد و قەدەغەکردنی زمان و هونەر و ئەدەب و مۆسیقای کوردیی.

 ئەم دەوڵەتانە لە ئەنجامدانی ئەم جۆرە مامەڵە و سیاسەتی بێمافکردنەدا ھەموو ئەو توانایانەیان خستەگەڕ کە لەبەردەمی دەوڵەتێکی مۆدێرندا ھەیە بۆ ترسناندن و بێدەنگکردن و کۆنترۆڵکردن و دیسپلینکردن و تەنانەت کوشتن و قڕکردنی دەستەجەمعیش. ئەم بونیادە سیاسییە ھۆبزیە و ئەو عەقلیەتی نکوڵیکردن و پشتگوێخستن و گوێنەگرتنەیە، ژیان بە «مەسەلەی کورد» دەبەخشێت و وادەکات ساڵ دوای ساڵ و قۆناغ دوای قۆناغ بمێنێتەوە و بەردەوام بێت. خەباتی چەکداریش یەکێک لەو وەڵامانەیە بەم دۆخە نەخواستراوە دراوەتەوە.

لەپاڵ ئەم هۆکارە بنەڕەتییە ناوەکیانەدا کە لەسەرەوە باسمانکرد، هەندێک هۆکاری دەرکیش هەبوون کە خەباتی چەکداریان وەک شێوازی خەباتی سەرەکیی گەشە پێداوە. لەوانەش ڕۆڵی ئەو ئایدیۆلۆژیا شۆڕشگێرانەی لەم ناوچەیەدا باڵادەستبوون و مانای فیکریی و مێژوویی و رەمزییان بە خەباتی چەکداریی بەخشیوە. ئەو ئایدیۆلۆژیایانەی خەباتی چەکداریی و بەکارھێنانی توندوتیژیان وەک ئامرازی سەرەکیی بەرپاکردنی گۆڕانکاریی نیشانداوە.

لەسەدەی بیستەمدا باوەڕێکی بەھێز بە توانای توندوتیژیی لە بەرپاکردنی گۆڕانکاریدا، دروستدەبێت. گەر لای مارکس توندوتیژیی «مامانی مێژوو»بێت و ھیچ گۆڕانکارییەکی راستەقینە و گەورە لە مێژوودا بەبێ پەنابردن بۆ توندوتیژیی دروستنەبووبێت، ئەوا لای کەسێکی وەک فرانز فانون، گرنگیی توندوتیژیی کورتنابێتەوە تەنھا بۆ ئەم ڕۆڵە ئامرازییە (ئامرازی بەرپاکردنی گۆڕانکاری). توندوتیژیی لای ئەم نووسەرە تەنھا ئامرازی گۆڕانی واقیع نییە، بەڵکو ئامرازی گۆڕانی ناوەکیی مرۆڤەکانیشە و ئەرکێکی سایکۆلۆژیی و ڕۆحی گرنگیش لە ڕزگاردنی ”مرۆڤی چەوساوە“دا لە کۆی ئەو گڕێ دەرونیانە دەبێنێت، کە داگیرکاریی و کۆلۆنیالیزم لەناویاندا دروستیدەکات، بە تایبەتی کۆتاییهێنان بە ”گرێی ھەستکردن بە کەمیی“ و ”خۆ بەبچووک بینین و زانین“. بیر و بۆچونەکانی فانون ڕۆژگارێکی درێژ ئینجلی بزوتنەوە دژە کۆلۆنیالیستی و دژەئیمپریالیستییەکان بوو. لینینیزم و ماویزمیش بەھەمان ئەندازە ڕۆڵی گەورەیان بینی لە کردنی خەباتی چەکداریدا بە شێوازی سەرەکیی خەباتکردن. زۆرێک لە گەنجانی ساڵانی پەنجا و شەست و ھەفتاکان ئەو بۆچوونەی ماو تسی تونگی لە سەردەم بوو کە دەیگوت ”ئازادیی لە لولەی تفەنگدایە“، یان ئەو گوتە بەناوبانگەی لینین کە دەڵێت ”بۆ ئەوەی ھێڵکەوڕۆن دروستبکەیت دەبێت سەرەتا ھێلکەکان بشکێنیت“. ئەو جگە لە ئەزموونی گیڤارا و گیڤاریزم. ھەموو ئەم ئایدیۆلۆژیانە کە لەناوچەکەدا بە خەستیی ئامادەبوون، باسیان لە حەتمیەتی بەکارھێنانی توندوتیژیی دەکرد، بۆ بەدەستهێنانی ئازادبوونی سیاسیی و کولتوریی و سایکۆلۆژیی بۆ گەلان و مرۆڤە داگیرکراوەکان.

 بە بۆچونی من سەرجەمی ئەم شێواز و مۆدێل و تێگەیشتنانە بۆ بەکارھێنانی توندوتیژیی، وایانکرد زۆربەی میلەت و گروپە ئەتنیی و دینیی و فەرھەنگییە ژێردەست و چەوساوەکان، باوەڕێکی بەھێزیان بە گرنگیی بەکارھێنانی خەباتی چەکداریی و توندتویژ ھەبێت و وەک ئامرازی ھەرەسەرەکیی، زۆرجاریش تاکە ئامرازی، گۆڕین و دەسکاریکردنی ئەو دونیایەی تیایدا دەژین، بیبینن.

شۆڕشی کوبا“  و ”شۆڕشی جەزائیر“ و ”شۆڕشی ڤێتنام“ و «شۆڕشی نیکاراگوا»، خەباتی فەلەستین و هێزە فەلەستینییەکانی ناوچەکە، ئەو نموونە بەرچاو و بەرجەستانەبوون، کە خەباتی چەکداریان بۆ بەرپاکردنی گۆڕانکاریی و ڕزگاربوون، دەسەلماند.

لەپاڵ ئەو ھۆکارانەدا ناکرێت ئەو ڕاستییەش لەبیربکەین، کە پەنابردن بۆ خەباتی  چەکدار و توندوتیژیی ھەمیشە لە باوەڕبوون بە ئایندە و بە حەتمیەتی گۆڕانکارییەوە نەهاتوە، بەڵکو هەندێکجار پەیوەندییەکی سەختی بە دۆخێکی سایکۆلۆژیی تایبتەوە هەیە، دۆخی ھەستکردنێکی گەورە و قوول بە نائومێدیی، نائومێدبوون لە دونیا و لە چاوەڕوانیکردن و لە دان بەخۆداگرتن و ھیچ نەکردن. توندوتیژیی لێرەدا دەبێتە تاکە ڕێگایەکی دەرونی بۆ ئەوەی مرۆڤ خۆی وەک خود ببینێت، بەخۆی بڵێت ئەو نەک تەنھا هەڵگری ویست و کۆمەڵێک داخوازیی زیندوە، بەڵکو خۆیشی بە هەمان رادە بوونەوەرێکی زیندوە. بێگومان ئەم جۆرە لە پەنابردنی سایکۆلۆژییانە بۆ توندوتیژیی دەشێت کارەساتی هێجگار گەورەی لێدروستببێت، وەک لە پەلامارەکانی ٧ ئۆکتۆبەر لای حەماس بینیمان. بە کورتی، خەباتی چەکدار لە پەیوەندیدا بە «مەسەلەی کورد»ەوە پەیوەندییەکی راستەوخۆ و پتەوی بە دۆخە ئاڵۆزەوە هەیە کە لەسەرەوە هێڵە گشتییەکانیم کێشا.  

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار