لە مزگەوتی ئەمەویەوە بۆ بورجی ترەمپ

2 مانگ لەمەوپێش
ئارام رەفعەت
چیتر مزگەوتی ئەمەویەکان واجیهە و پێناسەی دیمەشق نابێت. لەم نزیکانەدا بورجی هەورەبڕی ترەمپ دەبێتە واجیهە و شانازی ئەم پایتەختە.
بونیادنانی بورجی ترەمپ یەکێکە لە کۆمەڵێک ئۆفەری جۆلانی بۆ ترەمپ.
ئۆفەری دووەم لە پاکێجەکەی جۆلانیدا، رێککەوتنی ئاشتییە لەگەڵ ئیسرائیل، بە قەبوڵکردنی سەرجەم مەرجەکانی ئیسرائیل.
ئۆفەری سێیەمیش تەسلیمکردنی هەردوو مەلەفی وزە و بونیادنانەوەی سوریا بە ئەمریکیییەکان.
هەرچەندە ئۆفەری دووەم و سێیەم زۆر گرنگتر و سەرنجراکێشترن بۆ ئەمریکییەکان، بەڵام ئۆفەری یەکەم بایەخێکی سیمبۆلی گەورەی هەیە بۆ سوریای جۆلانی.
لە ٩ی مانگی دوازدەی پار، رۆژێک دوای هەڵاتنی ئەسەد، جۆلانی بە بەرگە موجاهیدیەکەیەوە سەردانی مزگەوتی ئەمەویەکانی کرد و لەوێ سەرکەوتنی راگەیاند.
لەوساوە شیعاری “ئێمە بەنی ئەمەویەین”، وێردی سەرزاری چەکدارەکانی جۆلانی و زۆرینەی عاڕەبە سوننەکانی سوریا بوو.
شیعاری نەوەی بەنی ئەمەویە هەم ئاماژە بوو بۆ کۆتایی حوکمڕانی عەلەویەکان و دەسپێکی حوکمڕانی سوننەکان وە هەم هەڵگری پەیام و ناسنامەی ئەو حوکمڕانیە مەزهەبیە بوو کە جۆلانی بۆ داهاتووی سوریای دەویست، یان لێی چاوەڕوان دەکرا.
شەش مانگ بەسەر سەردانەکەی جۆلانی بۆ مزگەوتی ئەمەویەکاندا تێدەپەڕێت، بەڵام بە قەد ٦٠ ساڵ گۆڕان لە گوتار و روکەشی جۆلانیدا هاتووە.
ئەمەش لە بورجی ترەمپ و واژۆکردنی پەڕەی سپی بۆ ئیسرائیلدا بەرجەستە دەبێت و تەنانەت دەنگۆی ئارەزووی پەیوەستبوونیشی بە پرۆژاەی داود و ئایینی ئیبڕاهیمی هەیە.
لە پێشنیارکردنی بورجی ترەمپ، جۆلانی، یان مامۆستاکانی لە ئەنقەڕە و دۆحە، یان رەنگ بێت مامۆستاکانی لە ریاز، دەزانن کامە دەماری ترەمپ بگرن.
کاتێک ترەمپ هاتە سەرکار، بە بورجی ترەمپ ویستی بچێتە ریزی جۆرج واشنتۆن و تۆماس جیفەرسۆن دوو لە هەرە دیارترینی سەرۆکەکانی ئەمریکا.
واشنگتۆن کێڵگەی کشتوکاڵی ماونت فێرنۆنی هەیە وجیفەرسۆنیش مۆنتیسیلۆ.
میراتی هەردوکیان جگە لە ئاماژە بە دەوڵەمەندیان، ئاماژەشە بەڕیشەی ئەو دوو سەرۆکە و خێزانەکانیان بە خاکەوە.
تاوەری ترەمپ بەرجەستەی سەرمایەداری و هێزی ئابووری ئەمریکا و براندی ترەمپ لەناو ئەو سیستەمەدا دەکات.
ئەم جوڵە سیمبۆلییەی جۆلانی کۆمەڵێک پەیام هەڵدەگرێت، لەوانەش؛
یەکەم،
ئێمە گۆڕاوین و چئتر باندە عەقیدەیی و تیرۆریستیەکەی جارانی پاشماوەی داعش و ئەلقاعیدە نین.
دووەم،
گەشەی ئابوری و بونیادنانەوە کارنامە و ئەولەویەتی ئێمەیە نەک تەتبیق کردنی شەریعەت و دەوڵەتی مەزهەبی.
سێیەم،
ئێمە بەڕوی دونیادا کراوینەوە و سیمبۆلی سەرمایەداری ئەمریکا دەکەینە سیمبۆلی پایتەختەکەمان.
چوارەم،
هەروەک چۆن بورجە هەوربڕەکانی ترەمپ سیمبۆلی هێز و ئیمتیازاتن، لەهەمانکاتدا بۆ وڵاتێکی وەک سوریا سیمبۆلی مۆدێرنەتەش دەبێت هەم بۆ ناوخۆ و هەم بەڕووی دەرەوەشدا.
پێنجەم،
ئارەزوومانە ببین بە بەشێک لەو ئاراییشدانەوە سیاسییەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ئەمریکا رابەرایەتی دەکات و هەریەک لە ئیسرائیل و سەعودیە و ئیمارات پایەی سەرەکی پێکدێنن.
شەشەم و گرنگترینیان،
ئابووری تەوەر و جەوهەری هەموو ئەو ئاڵوگۆڕانەن، بۆیە پەیامە سەرەکییەکە هەڵگرتنی سزا و گەمارۆی ئابووریە لەسەر سوریا.
ئەگەر ترەمپ رەزامەندی لەسەر تاوەرەکە بدات، ئەوا چیتر مزگەوتی ئەمەوی سیمبۆلی عاڕەبە سوننەکان و بەنی ئەمەویەتیش ناسنامەیان نابێت، ئەوسا دەبيت لە بورجەکەی ترامپدا بۆ سیمبۆل و ناسنامەی عارەبە سوننەکانی سوریا بگەڕێین.

