لە سۆزانا لۆندینی ڕوبێنسەوە بۆ هەوری لاری حەسەن زیرەک

11 كاتژمێر لەمەوپێش



مەحموود نەجمەدین

كڵاو پەڕۆ یان كڵاو پەڕ تابلۆی”سۆزانا لۆندین” بەرهەمێكی نایفت و زێدە جوانی هونەرمەند پیتەر پاول ڕوبێنسە، ساڵی 1622كێشاوێتی، سۆزانا فۆرمێنت یانژی “سۆزانا لۆندین” كچی سێیەمی دانیال فۆرمێنتی بازرگانی ئاوریشم بووە. 

تابلۆکە ساڵی1871 فرۆشراوە بە گەلەری نیشتمانی لەندەن. ڕەخنەگران ئەم تابلۆیە بە یەكێ لە باشترین بەرهەمەكانی ڕوبێنس ئەژمار دەكەن. ناوبانگەكەی بە جۆرێكە هەندێك كەس بە مۆنالیزای داڤنشی بەراوردی دەكەن و كاریگەریی لەسەر چەندین نەوە لە نیگاركێشەكان هەبووە. 

ڕوبێنسی مەعلان و بە سەلیقە لە نیگاركێشاندا ئەم پۆرترێتەی سۆزانای بە بۆنەی شووی دووەمییەوە لە ساڵی 1622دا ئاڵدووز کردووە، بەڵگەش بۆ ئەمە ئەڵقەی سەرپەنجەی ناسكی سۆزانایە، هەرزەكار بووە مێردی یەكەمی مردووە. لە تابلۆكەدا ڕوخساری ئارام و دڵنیا دەردەكەوێت و دڵخۆش دیارە. 

ئەو كڵاوەی بووە بە سایە بۆ دێم و تەوێڵی تایبەتمەندییەكی بەرچاوی ئەم تابلۆیەیە. بە هۆی لێواری ئەستووری كڵاوەكەوە لای ڕاستی دەموچاوی بەشێكی لە سێبەردایە. بەڵام سێبەرەكە لە درەوشانەوەی پێستی و چاوە گەورەكانی كەم نەكردۆتەوە. جلە خۆڵەمێشییەكەی و قۆڵە سوورە جیاوازەكانی بە دانتێلی زێڕین بە جەستەیەوە بەستراوەتەوە. كراسەكەی لەگەڵ ڕەنگی لێو و برژانگەكانیدا هاوئاهەنگن.

هونەرمەند لە ڕێگەی تابلۆكەوە مۆدێلێكی نیگاركێشانی بارۆكمان بۆ نمایش دەكات. ڕەنگە بەهێزەكانی تابلۆکە و جیاوازی نێوان ڕەنگەكان، هەروەها ڕەنگی کوتاڵی پۆشاکەکەی لەگەڵ پێستی، هەموو ئەم تایبەتمەندیانە سۆزانایان كردۆتە خاڵی سەرەكی لە تابلۆكەدا.

دابەشكردنی ئاسمان بەم شێوەیە هێماسازیی و گوزارشتی ئەو ساتەوەختەیە، وەک دەبینرێ ئەو بەشەی ئاسمان هەورێكی تاریكە و هێمای خەم و کەسەری بێوەژنێكی گەنجە. ئەو بەشەی دیكەی ئاسمانیش شین و ڕوونە نیشانەی گەشبینی دڵخۆشی سۆزانایە بە شووی دووەمی. ئەو بەشە تاریكەی تابلۆكە دەكەوێتە پشتی پۆرترێتەكەوە هێمای ئەو ڕابردووەیە كە سۆزانا تێیپەڕاندووە، ئەو بەشەی دەكەوێتە بەردەمی ئاسمانێكی شینی گەشە ئەمەیان دەشێ گوزارشت بێت لەو ژیانە تازەیەی هەنگاوی بۆ دەنێ. جا ئەمە بۆچوونێکە.

سۆزانا خانمێكی سوور و سپی و چاوكاڵە، هێند جوانە چاوی بینا حەز دەكات وێنەیەكی ڕاستەقینەی ئەم خانمە ببینێ تاوەكوو بزانێ هەر بە ڕاست ئەم خانمە بۆ خۆی ئەوەندە جوان و شۆخوشەنگ بووە، یانژی هێزی فڵچە و توانا و سەلیقەی خەیاڵ ئاسای ڕوبنسی هونەرمەندی سەردەمی بارۆك بەدەوی كردووە؟! چونکە سۆزانا جگە لەم پۆرترێتە، تابلۆیەكی دیكەی بۆ كێشراوە، لەو تابلۆیەدا بەم شێوەیەی ئێستا ناسك و نازدارنییە. تابلۆكەی دیكە، سۆزانا و كلارای كچێتی، هونەرمەند ئەنتۆن ڤاندیك ئەو پۆرترێتەی دروستكردووە. 

ئەگەرچی لە ڕووی هونەرییەوە ئاستی تابلۆكە یەكجار بەرزە، ئەنتۆن ڤاندیك، یەكێكە لە هونەرمەندە بە توانا و بەسەلیقەكانی جیهانی شێوەكاری و كاریگەریی ڕوبێنسی لەسەربووە. لە دروستکردنی ئەم پۆرترێتەدا تەواوی توانا هونەرییەكانی خۆی گەیاندووە. بەڵام شێوەی سۆزانا لەوێدا ئەوەندە ناسك و جوان نییە و پیر دەردەكەوێت.

بەڵام سۆزاناكەی ڕوبێنس جیاوازە، تابلۆكە زێدە جوان و نایابە، كڵاوێكی پەڕی لەسەرە و بە ڕوخسارە سوور و ئاڵەكەیەوە دەگەشێتەوە و دەڵێی مانگی چواردەیە. هێندە گەشە چاو باوەڕ ناكات ئەوەی دەبینرێ بۆیەی زەیت و كانڤاس بێ و بە ڕەنگ كێشرابێ. چاوەگەشەكانی دەڵێی ئەستێرەی بیست و دوون. قژی خورماییە و گەردنی بەرزە، لا ملی سپی و ساف و لووسە. 

کۆڵەی سینگی سپی و پانە. وەكوو شاژن خۆی تاسولووس داوە. ڕاست و چەپ دەستە نەرمەكانی لە ژێر مەمكەكانی داناوە، زەردەیەكی كز لەسەر لێوەكانێتی و گلێنەكانی بۆ لای چەپ سوڕاندووە. دەڵێی ئەو شەدەلارەیە وا حەسەن زیرەكی نەمر بەستەی بۆ چڕیوە.

حەسەن زیرەكی بلیمەتیش هونەرمەندێكی مەزن بوو هاوشێوەی ڕوبێنس بە وشە وێنەی خانم خاسی كوردی دەكێشا، ئەو مریەمەی ئەو بە باڵایدا هەڵیدا ئێستێ مەشهوری گشت عالەمە. هەوری لار دوای ئەو هەموو ساڵە وێردی سەر زمانی خەڵکە و ئەم ئێستاکێ خەڵکانێکی زۆر هەن بە خەیاڵ لە زەینیاندا وێنەی ئەو خانمە دەکێشن، بەدووی چیرۆکی دەسماڵ قاقانییەوەن، گەرەکیانە بزانن ئەو خانمە کێ بووە و چیرۆکەکەی چی بووە؟ ئاخۆ هەوری لاریش خاتوو زینێکی دیکەی کوردەواری بووە؟ 

گۆرانییەكانی زیرەکی مەزن تابلۆیەك بوون لە وشە، جوانی و ناز و عیشوەی كچۆڵە و خانمی ماڵەمیران و شۆڕەژنی گوند و شار… بەسەر هەر كەسێكی هەڵبدایە دەیگەیاندە حەوێقی ئاسمان. چاوەكانی حەسەن زیرەك چەشنی چاوەكانی ڕوبێنس تیژ و بەهێزبوون، هاوكات زەین و خەیاڵیشی دەوڵەمەندبووە، ئەویش هەر بەو چەشنە وەختارێ لە خانمێكی ڕوانیوە ئیلهامی گۆرانییەك تێكەڵ بە هێزی خەیاڵ بووە و گۆرانییەكی وای بۆ چڕیوە، ئەم ئێستاكێ دوای زیاتر نیو سەدە لەسەر زاری خەڵكییە.

ئەگەر بە وردی گوێ لە گۆرانییەکانی ماملێ و زیرەك و عەلی مەردان و … هونەرمەندە بلیمەتەکانی دیکە بگرین هاوشێوەی تابلۆكانی ڕوبێنس و داڤنشی و … وێنەی خانمانی جوان و شۆخوشەنگ و وێنەی سروشت و كوێستانی سەربەتەمیان بە وشە كێشاوە. یان چیرۆكی ئەوینداری عاشقان دەگێڕنەوە. جا كەسێك گوێگرێكی ورد و بە سەلیقە بێت لە پشتی ئەو دیمەن و وێنانەوە پەی بە شتی تر دەبات. كەلتوور و داب و نەریتی كوردەواری ئەو عەیامەی بۆ ڕوون دەبێتەوە، جل و بەرگ و شێوەی خۆگۆڕین… نەك هەر گۆرانی، هەموو دەقێك، بە گۆرانی گوترابێ یان نووسرابێ، هەر لە بەیت و حەیرانەوە تاوەكوو بەستە، شیعر و و چیرۆك و ڕۆمان و… هەر یەك لەو بەرهەمانە دەتبەنە نێو دنیای دەقەکەوە، چیرۆكەكانیان نیشاندەری ئەو سەردەمەی خۆیانن.

ئەمە بۆ رۆماننووسەكانیش هەر بەو جۆرەیە، بۆ نموونە ڕاسكۆلینكۆفی دۆستویڤسكی و حەمەدۆكی یەشاركەمال و هاوارەبەرە و میرزای فەتاحی ئەمیریی و سەرهاتی وەستا و وەستاژن” ئافتاو” لە چیرۆكی چای شیرینی حوسێن عارف و… تا دەگات بە نووسەرە تازەکانی ئەم چەرخە. هەموو ئەمانە كۆمەڵێك دەقن دەكرێت شیكاری وردیان بۆ بكرێ پەیوەست بە سەردەمی لەدایك بوونیانەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار