سەبارەت بە گرێبەستی غاز؟!

2 ڕۆژ لەمەوپێش



 

پەیامێک بۆ نوێنەرایەتی ئەمریکاو ڕای گشتی کوردستان…

ئەمشەو هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە، کە مەسرور بارزانی دوو گرێبەستی غازی کردووە، بەهاکەیان ١١٠ ملیار دۆلارە!

سەرەتا دەبێ ئەوە بڵێین: حکومەتێکی ناشەرعی، لە غیابی پەرلەماندا، بۆی نییە گرێبەستێکی لەو جۆرە و بەو قەبارەیە ئەنجام بدات.

ئەوەش ڕوونە لە ڕابردودا بە هۆی نەوتەوە خەڵک قەرزار کرا، تەنانەت زستانان زۆرینەی خێزانەکان بە هۆی گرانی سوتەمەنیەوە ناتوانن دوو ژوور گەرم بکەن؟ 
کەواتە ڕای گشتی مافی خۆیەتی بزانێت، ناوەڕۆکی ئەم گرێبەستە چیەو چۆنە؟ پشک و بەشداریەکان چۆنن؟ حەقیقەتی کۆمپانیاکان چیین؟

سودە داراییەکانی ئەو گرێبەستە بۆ خەڵک چییە؟

ئایا لە ناوەڕۆکی گرێبەستەکەدا هاتووە لە پێشدا غاز بە بۆری و بە نرخێکی هەرزان بگاتە خەڵک، دواتر زیادەکەی بفرۆشرێت؟! یان چی؟!!
هەروەک پێویستە ڕوو لە باڤڵ تاڵەبانی بکەین، جەنابت وتت: مەگەر بە سەر لاشەی مندا پرۆژەی غاز و بۆری غاز لێبدرێ، کەواتە وا دیارە ئێوە ئۆکەیتان کردووە بۆیە مەسرور بارزانی گرێبەستی کردووە؟!

لە ڕابردودا عیماد ئەحمەد، قوباد تاڵەبانی..هتد، دەیانوت ئێمە ئاگامان لە وردەکاری پرۆسەی نەوتە، خوالێخۆشبو مام جەلال لەگەڵ بەرزانیدا سوکانی نەوتەکەیان بادا، کەچی لەم دوایەدا ئێوە ویستان خۆتان لە بەرپرسیارێتی بدزنەوە.

لێرەوە ئێوە وەک یەکێتی و سەرۆکی یەکێتی دەخەینە بەردەم بەرپرسیارێتی بە ئەندازەی پارتی، فەرموون ڕای ڕوون و ڕاشکاوی خۆتان لەسەر ئەو گرێبەستانە بۆ خەڵک بخەنەڕوو؟

هەروەها پێویستە هەر لە ئێستاوە هێزە موعارەزەکانیش هەڵوێستی خۆیان هەبێت.
لە هەمان کاتدا پێویستە نوێنەرایەتی ئەمریکا لە هەولێرو بەغدا لەوەدا هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن، کە ئەم جۆرە لە گرێبەستی وزە، لە غیابی دامەزراوەی شەرعی و دیموکراسیدا، چاوەڕوانکراوە گەلێکی قەرزار و هەژار و دەسەڵاتێکی ستەمکار بەرهەم بهێنێت.

ئەمەش بە تەواوی دژە بە بنەماکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و دادپەروەری.
لە گەڵ ئەوەشدا هێشتا کێشەی نەوت و موچە لەگەڵ بەغدا چارەسەر نەکراوە، ناسەقامگیری و لێکەوتە سیاسی و داراییەکانی گرێبەستی غازیش لە ئاستی هەرێم و عێراقدا سەربار دەبێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار