تەوریسی سیاسی: بە میرات مانەوەی سیاسەت

2 ڕۆژ لەمەوپێش



 

دكتور ئەحمەد فاتح محەمەد
 
تەوریسی سیاسی چەمکێکە کە ئاماژە بە پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵاتی سیاسی دەکات لە ڕێگەی سیستەمی میراتگرییەوە، واتا دەسەڵات لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر (زۆربەی جار لە باوکەوە بۆ کوڕ یان لە ئەندامێکی خێزانەوە بۆ ئەندامێکی تر یان لەنێو بنەماڵەیەک یاخود عەشیرەتێک) دەگوازرێتەوە. ئەم چەمکە بە تایبەتی لە سیستەمی پاشایەتیدا بەرچاو دەکەوێت، بەڵام لە شێوازە جیاوازەکانی حوکمڕانیشدا دەبینرێت.
تەوریسی سیاسی دیاردەی بە میرات گەیشتنە بە دەسەڵات وسیستمی سیاسییەکان، واتە گواستنەوەی دەسەڵات لەسەر بنەمای پەیوەندی خێزانی و خوێن، نەک لەسەر بنەمای لێهاتوویی یان هەڵبژاردن. 

فۆڕمی تەوریسی سیاسی
سیستەمی پاشایەتی: گواستنەوەی تاج و تەخت لە پاشایەکەوە بۆ میراتگرەکەی ئیتر بۆ کوڕەکەی بێت یاخود بۆ یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەیی پاشایەتی بێت.
دەسەڵاتی بنەماڵەیی: کۆنترۆڵکردنی دەسەڵاتی سیاسی لەلایەن بنەماڵەیەکی دیاریکراوەوە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن
مەحسوبیەت وخزم خزمێنە: دامەزراندنی خزم و کەس و کار لە پۆستە گرنگەکانی حکومەت 
حوکمڕانی بۆماوەیی:دروستکردنی سەرکردەیەکی سیاسیی بۆماوەیی کە دەسەڵات لە باوکەوە بۆ کوڕ دەگوازرێتەوە

مێژووی تەوریسی سیاسی

لە سەردەمی کۆندا، زۆربەی حکومەتەکان لەسەر بنەمای میراتگری دامەزرابوون. لە میسری کۆندا، فیرعەونەکان بە شێوەیەکی میراتی دەگەیشتنە دەسەڵات. لە چینی کۆن، سیستەمی پاشایەتی بەپێی "پادداشتی ئاسمان" دەسەڵاتیان وەردەگرت و بە میرات دەیانگواستەوە. لە ڕۆمای کۆنیشدا، سەرەڕای بوونی کۆماری سەرەتایی، ئیمپراتۆریەت دواتر بەرەو سیستەمی میراتگری گۆڕا.
ئەم سیستمە پەڕیوە بۆ سەدەکانی ناوڕاست، و ئیتر ئەم سیستەمە زیاتر پشتی بە پەیوەندی خوێنی و میراتگری بەست. پاشاکان، کۆنتەکان و دەرەبەگەکانی تر پلە و پایە و زەوییەکانیان بۆ منداڵەکانیان  ونەوەکانیان بەجێ دەهێشت. هەروەها لە جیهانی ئیسلامیدا، خەلیفەکان و سوڵتانەکان هەوڵیان دەدا دەسەڵات بۆ نەوەکانیان بگوازنەوە دابەش بونی ئیسلام بۆ شیعە وسوننە بەشێکی زۆر و سەرەکی بۆ تەوریسی سیاسی دەگەڕێتەوە. لە سەردەمی نوێدا و
لەگەڵ سەرهەڵدانی دەوڵەتی نەتەوەیی و شۆڕشەکانی سەدەی ١٨ و ١٩ لەئەوروپا، سیستەمی میراتگری سیاسی لە زۆر شوێن لاواز بوو. شۆڕشی ئەمریکی، شۆڕشی فەرەنسی و شۆڕشەکانی تر رێگایان بۆ سیستەمی دیمۆکراسی وئازادیی و هەڵبژاردن خۆش کرد. سەرەڕای ئەمەش، فۆرمە نوێکانی تەوریسی سیاسی لە چوارچێوەی سیستەمە دیمۆکراسییەکانیشدا گۆڕانکارییان بەسەردا هات بەڵام مانەوە و لەناونەچوون. بۆیە دەبینین لە هەندێک وڵاتدا، سیستەمی پاشایەتی دەستووری هێشتا بەردەوامە، وەک بەریتانیا، سوید، دانمارک، ژاپۆن، تایلەند و چەندین وڵاتی تر. لەم سیستەمانەدا، پاشا یان شاژن ڕۆڵێکی زیاتر ڕەمزیان هەیە، بەڵام هێشتا پرۆسەی میراتگرییان بۆ دەسەڵات بەردەوامە.

فۆرمەکانی تەوریسی سیاسی لە جیهانی هاوچەرخدا

بنەماڵە سیاسییەکان
لە زۆر وڵاتدا، بنەماڵە سیاسییەکان دروست بوون کە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر پۆستە سیاسییەکان پڕ دەکەنەوە. نموونەکان زۆرن:

بنەماڵەی کەنەدی و بۆش لە ئەمریکا
بنەماڵەی گاندی-نەهرۆ لە هیندستان
بنەماڵەی بوتۆ لە پاکستان
بنەماڵەی لی لە سنگافورە

کاریگەرییەکانی تەوریسی سیاسی لەسەر کۆمەڵگا

کاریگەرییە ئەرێنییەکان
سەقامگیری سیاسی: پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات بە شێوەیەکی ڕوون دیاری کراوە، بەمانای لێرەدا تەنها لەدوای نەمانی سەرۆک کەسێکی تر دیاریکراوە ودەسەڵات دەگرێتە دەست
بەردەوامیی سیاسەت: ڕێڕەوی گشتی سیاسەت بەردەوام دەبێت بەبێ گۆڕانکاریی جەوهەری کتوپڕ
ئەزموونی پێشوو: منداڵانی سیاسەتمەداران و دەسەڵاتداران زۆرجار لەگەڵ کاروباری سیاسی و حکومەتدا گەورە دەبن بۆیە هەر لەسەر هەمان ڕێچکەی سیاسیی بەردەوام دەبن، ڕەنگە زۆر بەکەمی ڕووبدات گوڕانکاریی جەوهەریی ڕووبدات.

کاریگەرییە نەرێنییەکان
پشتگوێخستنی لێهاتوویی: کەسانی شایستە ڕەنگە دەرفەتی گەیشتن بە پۆستی سیاسییان نەبێت ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی توانستەکانی نێو کۆمەڵگە خەفە وکپ بکرێن.
گەندەڵی و خزمخزمێنە: دەسەڵات لەسەر بنەمای پەیوەندی کەسی دابەش دەکرێت نەک لێهاتوویی واتە نەک تەوریس لە سیاسەت بەڵکو دەپەڕێتەوە بۆ لایەنی ئابوریی وحوکمڕانیی کەهەموو جومگەکانی وڵات کەرتی گشتی وکەرتی تایبەت تەنها لەلایەن خزمەکانە پڕدەکرێنەوە.
لاوازبوونی نوێگەری: بیرۆکە نوێکان و گۆڕانکاری زۆرجار بەرهەڵستی دەکرێن. واتە هیچ بیرۆکە وداهێنانێکی نوێ نابینرێت، هەموو گۆڕانکارییەک بە یاخی بوون ودەستی تێکدەر وئاژاوە وەسف دەکرێت.

بۆچی تەوریسی سیاسی بێزراو و ناشیرینە؟

تەوریسی سیاسی لە جیهانی ئەمڕۆدا لە زۆربەی کۆمەڵگا مۆدێرن ودیموکراسیەکاندا وەک دیاردەیەکی بێزراو و ناشیرین سەیر دەکرێت لەبەر چەندین هۆکاری بنەڕەتی:

پێشێلکردنی یەکسانی: تەوریسی سیاسی لەگەڵ بنەمای دیموکراسی کە هەموو کەسێک مافی یەکسانی هەیە بۆ بەشداریکردن لە سیاسەتدا ناکۆکە وناگونجێت.
پێشێلکردنی دەنگی خەڵک: لە سیستەمی میراتگریدا، خەڵک ناتوانن بڕیار لەسەر کەسانی دەسەڵاتدار بدەن.
پێشێلکردنی شەفافیەت: پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات زۆرجار ناشەفافە و لە پشت دەرگای داخراوەوە ئەنجام دەدرێت.
کەڵەکەبوونی سەروەت و سامان: بنەماڵە سیاسییەکان تەنها دەسەڵات بە میرات ناگوازنەوە، بەڵکو سەروەت و سامانیش دەگوازنەوە.
دروستکردنی تۆڕی بەرژەوەندی: خزم و کەسوکاری سیاسەتمەداران تۆڕی بەرژەوەندی دروست دەکەن کە دەبێتە هۆی گەندەڵی

بەرگری لە لێپرسینەوە:بنەماڵە سیاسییەکان زۆرجار پشتیوانی لە یەکتر دەکەن و لێپرسینەوەیان لێ ناکرێت

دابەشبوونی کۆمەڵگا: دروستکردنی چین و توێژی جیاواز لەسەر بنەمای سەر بە کام بنەماڵە یان خێڵ بوون ئەمەش دەرفەت بۆ کەسانی ناکارامە دێنێتە پێشەوە.

حکومەتی ناکارامە: زۆربەی وڵاتان کە تەوریسی سیاسی تێیاندا بەهێزە، حکومەتی ناکارامە و ناجۆر وخزمەتگوزاری خراپ پێشکەش دەکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی نایەکسانی کۆمەڵایەتی و دروستکردنی جیاوازی نێوان چین وتوێژەکان. سەرەنجام ئەمەش قەیرانی حوکمڕانی دروست دەکات، چونکە کەسایەتی کارامە ولێهاتوو پشتگوێ دەخرێن، بەمەش قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتی زیاتر لەو کۆمەڵگایانەدا ڕوودەدات

تەوریسی سیاسی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، تەوریسی سیاسی بە شێوەیەکی بەرچاو دەردەکەوێت. چەندین وڵات لەژێر کاریگەریی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکاندان حوکمڕانی دەکەن و دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست:

وڵاتانی کەنداو: زۆربەی وڵاتانی کەنداو سیستەمی میری یان پاشایەتییان هەیە کە دەسەڵات لە ڕێگەی میراتەوە دەگوازرێتەوە، هەندێکجار کودەتاش لەنێو ئەو سیستەمی میرایەتییەدا ڕوودەدات وەک ئەوەی لە سەڵتەنەی عومان وقەتەر ڕویداوە.
عێراق و سوریا ومیسر: لە عێراقی پێش ٢٠٠٣ و سوریای هاوچەرخ ومیسریی پێش بەهاری عەرەبی، سەددام حوسێن و حافز ئەل-ئەسەد و حوسنی موبارەک هەوڵیان دا دەسەڵات بۆ منداڵەکانیان یاخود بڵێین کوڕەکانیان بگوازنەوە. بێگومان ئەمەش بە پڕۆسەی ئامادەکردندا گوزەری دەکرد، کوڕەکان دەهاتنە پێشەوە وئامادە دەکران و چەندین پۆستیان پێدەدرا تا بگەنە دەسەڵات. 
کوردستان: لە هەرێمی کوردستان، چەند بنەماڵەیەکی سیاسی کاریگەری و دەسەڵاتی بەرچاویان هەیە، وەک هەردوو بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانی کە ئێستا حوکمڕانی هەرێمی کوردستان دەکەن و کوڕەکانی نەوشیروان موستەفا کە ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان بۆتە دووبەش.

ئایندەی تەوریسی سیاسی
لەگەڵ پەرەسەندنی دیموکراسی وپێشڤەچونی کۆمەڵگە و زیادبوونی ئاگایی سیاسی وگەشەسەندنی دیموکراسیەتی دیجیتاڵیی، تەوریسی سیاسی لە زۆر شوێنی جیهاندا ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەتەوە. بەڵام هێشتا وەک دیاردەیەک بەردەوامە، تەنانەت لە دیمۆکراسییە پێشکەوتووەکانیشدا. چەندین فاکتەر کاریگەری لەسەر ئایندەی تەوریسی سیاسی دەبێت: ڕاستە لە ئەوروپا بنەماڵەی سیاسی بونی هەیە بەڵام هەموو ئەمانە لە نێودەستوری وڵات ڕێکخراون، تەنهاش بە لێهاتویی وژیریی خۆیان دەتوانن بگەنە حوکمڕانی، بەدەر لەوە بنەماڵە سیاسییەکان وەک ڕەمز ماونەتەوە ودەخاڵەتی کاروباری حکومەت و دەوڵەتداریی ناکەن.

تەوریسی سیاسی دیاردەیەکی مێژووییە تایبەت نییە بە ناوچەیەک لەسەرتاسەری جیهاندا بوونی هەیە، و بەشێوەیەکی جۆراوجۆر لە سەرتاسەری جیهاندا بەردەوامە. ئەگەرچی سیستەمی دیمۆکراسی و هەڵبژاردن لە زۆر شوێن ڕۆڵی میراتگری کەم کردووەتەوە، بەڵام هێشتا فۆرمە جیاوازەکانی تەوریسی سیاسی لە ڕۆژهەڵات بوونیان هەیە و کاریگەریی بەرچاویان هەیە. تێگەیشتن لە دینامیکییەتی تەوریسی سیاسی و کاریگەرییەکانی یارمەتیمان دەدات کە باشتر لە پێکهاتەی سیاسیی جیهانی هاوچەرخ تێبگەین.

وەک سەرچاو سودم لەم دوو کتێبە وەرگرتووە:

فكرة الجمهورية في العراق: لدكتور نديم عيسى

التوريث السياسي في الأنظمة الجمهورية العربية المعاصرة، دكتور خليل احمد خليل

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار