چەند سەرنجێکی خێرا لەسەر دوو گرێبەستە زەبەلاحەکەی هەرێم لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکی

23 كاتژمێر لەمەوپێش
ئیبراهیم عەلی
بەهەموو پێوەرەکان واژۆکردنی ئەو دوو گرێبەستە گەورەیە لەم کاتەدا سەرەتای قۆناغێکی نوێیە لە ناوچەکەو دەکرێت کورد وەک ئامرازی کەمکردنەوەی هەژموونی شیعە بەکاربهێنرێت.
کوردیش دەکرێت لەم دەرفەتە سودێکی گەورە ببینێت. ئەگەر بزانێت بە کاری بهێنێت.
گرێبەستەکانی هەرێم لەگەڵ ئەو دوو کۆمپانیایە لە کاتێکدایە زیاتر لە سێ ساڵە بەپێی بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی پاریس هەناردەی نەوتی هەرێم وەستاوە. سەرەڕای بوونی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی کە گرێبەستە نەوتی و غازییەکانی هەرێمی هەڵوەشاندووەتەوە.
لە ماوەکانی ڕابردوو چەند هەوڵێک هەبوون بۆ پەرەپێدانی کێڵگە غازییەکانی کۆرمۆر و چەمچەماڵ، بەڵام هەر جووڵەیەک بە ئاڕاستەی پەرەپێدانی غاز کرابێت کێڵگەی کۆرمۆر لە لایەن گروپە میلیشیاییەکانەوە کراوەتە ئامانج و تەنانەت بۆردومانکردنی ماڵی شێخ باز لەو چوار چێوەیەدا بوو.
بەر لە دەست بەکار بوونی حکومەتەکەی تڕامپ یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری وزە هاتە هەرێم و بەشێوەیەکی مەیدانی سەردانی وێستگەی پیرداودی ئەحمەد ئیسماعیلی کرد و هانی هەر یەک لە ئەحمەد ئیسماعیل و شێخ باز و شێخ فاخیری قەیوانیدا کە سود لە غازی هەرێم وەربگرن بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و کارەباکەش بفرۆشن بە عێراق.
لە دوای ئەمە یەکێتی بە شێوەیەکی نهێنی بۆڕییەکی غازی لە کۆرمۆرەوە بۆ بازیان ڕاکێشا و بەهۆی ئەو بۆڕییەوە زیاتر لە پێنج سەد مێگاوات کارەبا زیادی کرد و دەفرۆشرێتە عێراق.
جگە لەوەش یەکێتی بۆڕییەکی دیکەی غازی نۆژەنکردەوە و کۆرمۆری بەستەوە بە کێڵگەی جمبور لە کەرکوک و لەوێشەوە بۆ وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ناحیەی تازەی کەرکوک. بۆ ئەوەی کێشەی کارەبا لە کەرکوکیش چارەسەر بکرێت.
بەردەوام بەرپرسانی ئەمریکا ئامۆژگاری بەرپرسانی عێراقیان کردووە کە سود لە غازی هەرێم وەربگرن بۆ چارەسەر کردنی کێشەی کارەبا. بەڵام لە عێراق دوو ئاراستە هەبووە، ئاڕاستەیەکی پێی وابووە کە دەبێت هەرێم غازەکەی بێ بەرامبەر ڕادەستی عێراق بکات و عێراق تەنیا شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان بدات.
بۆ ئەوەش ئیغرای کۆمپانیاکانی نەفت هیلال و داناغازی کرد و چەند کێڵگەیەکی گەورەی غازی لە باشور خستنە بەردەست تا وەبەرهێنانی تێدا بکەن و ئەو کۆمپانیایانە لە دوارۆژ بچنە ژێرباری داواکارییەکانی عێراق. چونکە ئەو دوو کۆمپانیایە کار لە کێڵگەی کۆرمۆر دەکەن.
دانوستانەکانی نێوان پارتی و یەکێتی زۆر بە شەخسی بەرێوە دەچن و رەنگە بابەتی غاز بەشێکی گەورەی نهێنی ڕێککەوتنی یەکێتی و پارتی بێت و وەزارەت و شت هەر وەک شاباش و شیرینی سەیر بکرێت.
کۆمپانیا وێسترۆن زاگرۆس کە لە کێڵگەی کوردە میر کاردەکەن و ئێستا کێڵگەی میران و تۆپخانەی وەرگرتووە بەپێی ئەو گرێبەستە نوێیە سەرجەم کۆمپانیا خزمەتگوزارییەکانی سەر بە ئیدارەی گشتی یەکێتین و ئەو کۆمپانیا ناوخۆییەی کە بەناوی کۆمپانیای میران کراوەتە هاوبەش لە هەردوو گرێبەستە زەبەلاحەکە کە بەهاوکەی بە زیاتر لە ١٠٠ ملیار دۆلارەخەمڵێنرێت جارێ ڕوون نییە پارتی و یەکێتی چۆن و بە چ وردەکارییەک پشکەکانی ئەو کۆمپانیایان دابەشکردووە.
لە هەمان ئەوکاتەی کە مسرور بارزانی و تیمەکەی لە ئەمریکان بافڵ تاڵەبانیش لە ئەمریکایە. قوباد تاڵەبانیش لە لێدوانەکانی دوو رۆژی ڕابردوویدا تەرکیزی لەسەر گەشانەوەی ئابوری سلێمانی بوو.
بە هەموو پێوەرەکان هێنانی ئەمریکییەکان بۆ ناوچەی سلێمانی کە بە جێنفوزی ئێران دادەنرێت و زۆرجار لە چوارچێوەی بەرەی مقاوەمە سەیر دەکرێت، وا دەکات سلێمانی پارێزراو بێت لە هەر ئەگەرێکی نەخوازراو کە لە داهاتوو ڕووبەرووی هێزە نزیکەکانی ئێران ببێتەوە.
دەبێت چاوەڕێ بکەین کاردانەوەی عێراق لەسەر ئەم گرێبەستە چی دەبێت؟ چونکە بابەتەکە تەنیا پەیوەست نییە بە هەرێم، بەڵکو دەبێت ئەو حەقیقەتە بزانین لایەنێکی تری ئەم ڕێککەوتنە ئەمریکییەکانن و نوێنەری وێسترۆن زاگرۆس بە ڕوونی لە مەراسیمەکە ئەوەی وت کە ئەم کارە بە هاندانی کۆنگرێس و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کراوە.
ئێران لە ناوچەکە لەوپەڕی لاوازیدایە، پێناچێت بتوانێت کێشەیەکی وا گەورە بۆ ئەم گرێبەستە دروست بکات. میلیشییاکانیش هەر هەنگاوێک بنێن بۆ بە ئامانگرتنی ئەو کێڵگە غازییانە بێگومان کێشەی گەورە بۆ حکومەتی عێراق دروست دەکەن.
