سعود ساعدی: نزیکەی سێ ساڵە مۆڵەتی کارکردنی کۆڕەک تەواوبووە

4 كاتژمێر لەمەوپێش
پەرلەمانتارێک، دەستەی پەیوەندییەکانی عێراق بە کەمتەرخەمی و چاوپۆشیکردن لە وەرگرتنەوەی قەرزەکانی کۆمپانیای کۆڕەک تێلێکۆم تۆمەتباردەکات و داوای روونکردنەوە لە دەستەکە دەکات.
سعود ساعدی سەرۆکی فراکسیۆنی حقوق لە پەرلەمانی عێراق نووسراوێکی ئاڕاستەی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان کردووە و تیایدا هاتووە، وەرنەگرتنەوەی قەرزەکانی کۆمپانیای کۆڕەک، پێشیلکردنی مادەی حەڤدەی یاسای بودجەی گشتییە کە دەستەی پەیوەندییەکانی پابەندکردووە بە وەرگرتنەوەی قەرزی کۆمپانیاکانی پەیوەندیی، پێش 31ی 12ی ساڵی 2023.
بەگوێرەی یاسای بودجە، قەرزی کۆمپانیاکانی پەیوەندی دەخرێتە سەر خەزێنەی گشتیی، هەر کۆمپانیایەکیش قەرزەکانی نەداتەوە، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر، تا ئاستی وەرگرتنەوەی مۆڵەتی کارکردن لە کۆمپانیاکە.
ساعدی داوای لە دەستەی پەیوەندییەکان کردووە، روونیبکاتەوە بەچی یاسایەک چاوپۆشی لە قەرزەکانی کۆڕەک دەکات، لەکاتێکدا ئەنجومەنی وەزیران چەندینجار داوای لێکردووە قەرزەکە وەربگرێتەوە کە بڕەکەی زیاتر یەک ملیار و 300 ملیۆن دۆلارە.
هەروەها روونیبکاتەوە، پاساوی دەستەی پەیوەندییەکان بۆ بەردەوامبوونی کارکردنی کۆڕەک چییە لەکاتێکدا لە 30 مانگی هەشتی ساڵی 2022ەوە مۆڵەتی کارکردنی کۆمپانیاکە تەواوبووە.
