بێدەنگی هاوڵاتیان و ئاڵەنگاریەكانی حوكمڕانی، قورستر بوونى ژیان لە هەرێم!

6 كاتژمێر لەمەوپێش
پەرێز عومەر
دوابەدوای ئەوەی كەرتی خانووبەرە بەتەواوی داگیركرا و زەوی شارەكان دەستیان بەسەرداگیرا و بەتەل و دیوار پەرژین كران و چەند كەسێك لەرێگایەوە كران بە ملیۆنێر، كاروباری دادنووسەكانیش درایە دەستی كەرتی تایبەت.
ئێستاش بەهۆی بێدەنگی خەڵكەوە وەك پرۆسە دەست بەسەرداگرتن و گواستنەوەی حكومەت بۆ دەستی كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت بەردەوامە، كەرتەكانی پەروەردە، تەندروستی، خوێندنی باڵا، گواستنەوە و شارەوانیش زۆربەی كارەكانیان دراوە بە كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت! هەموو ئەمانەش داهاتیان هەیە و دەبوایە داهاتەكانیان بۆ خەزێنەی حكومەت بگەڕێتەوە.
ئێستاش كەرتی كارەبا وەك بازرگانیەكی مەزن مامەڵەی پێوە دەكرێت، راستە لە كوردستان نابەرپرسیارێتی لە بەرهەمهێنان و گواستنەوە و خەرجكردنی كارەبادا هەیە، لە هەمان كاتدا چەند ساڵێكە لەگەڵ كەمی كارەبا لە كوردستان، كەچی هەر لە كورستانەوە كارەبا بە عراقی دراوسێ دەفرۆشرێت، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە ئەو نرخەی ئێستا ئیدارەی كوردستان دیاری كردووە بۆ فرۆشتنی كارەبا بە هاوڵاتیانی خۆی، زۆر زیاترە لە نرخی بازرگانی و نرخی كارەبای زۆربەی وڵاتانی ناوچەكەش، دیاریكردنی نرخەكە بەبێ هیچ پێوەرو ویژدانێكە!
نە بینیمان بخرێتە تەندەر و كێبڕكێی كۆمپانیاكان، نە بەرژەوەندی خەڵك و ئاستی بژێوی خەڵك و پێداویستیەكانی رەچاو نەكراوە، بەڵكو زۆر بە هەرِەمەكی و تەنها پێوەرێك كە رەچاو كراوە بەرژەوەندی گیرفان و حەزی دەسەڵاتە بۆ پارە.
لێرەدا دەردەكەوێت حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەیەوێت بەتەواوی خۆی لە حوكمداری وڵات داماڵێت و دەسەڵاتە یاسایی و نایاساییەكانی لەپێناو ئیستغلالكردنی هاوڵاتیان بۆ زیاتر دەوڵەمەند كردنی چەند كەس و كۆمپانیایەك بەكار بهێنێت. نمونەشیان كۆكردنەوەی پارەی سزای سەرپێچیەكانی هاتووچۆ و دەیان بواریترە، كە لە رێگایەوە داهاتێكی خەیاڵیان بۆ چەند كۆمپانیایەك مسۆگەر كردووە.
ئەمەش لەكاتێكدایە كە هەموومان دەزانین بەهۆی هەڵوەشانەوەی پەرلەمانی كوردستان بەبڕیاری دادگای فیدراڵی و پاشانیش پێكنەهێنانی كابینەی نوێ دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە شەش مانگ بەسەر هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستاندا، حكومەتی هەرێم دووجار شەرعیەتی لەدەست داوەو تەنها حكومەتێكی كاربەرێكەرە و مافی ئەم جۆرە هەنگاوانەی نیە.
كەچی بەرپرسە باڵاكانی حزبی زۆرینە پێیانوایە حكومەتی نوێ پێكنەهێنرێت باشترە لەوەی بەشێك لە دەسەڵاتە فراوانەكەیان لێ وەربگیرێتەو!
سەرەڕای ئەوەی یاسای بودجەش چەندین ساڵە وجودی نیە!
بە پشت بەستن بە دەستووری عراق و هەموو یاسا بەركارەكان، دەكرێت بڵێین ئەوەی ئێستا لە كوردستان دەگوزەرێت، تاوانێكی یاساییە بەرامبەر بە خەڵكی كوردستان دەكرێت! چونكە بەپێی دەستوور و یاسا هیچ بڕە پارەیەك لە هیچ كەسێك وەرناگیرێت تەنها بەیاسا نەبێت. وەك دەشزانین پەرلەمانێكی كارامان نیە كە تیایدا ئەم بابەتە گرنگە بخرێتە گفتوگۆ و یاسای بۆ دەربچێت، یاخود وەك هەموو حكومەتەكانی دونیا ساڵانە یاسای بودجە لەپەرلەمان گفتوگۆی لەسەر بكرێت و ئەم بابەتانەی تیادا دیاری بكرێت، پاشانیش پەرلەمان بۆ هەڵسەنگاندن و چاودێری دەسەڵاتی جێبەجێكردن پشتی پێ ببەستێت. دەسەڵاتدارانی حكومەتی هەرێمیش ئەم بۆشاییە یاساییەیان بەهەل زانیوەو بەتەواوی لەبەرژەوەندی خۆیان بەكاری دەهێنن.
ئەمانەو چەندین بڕگەیتری دەستووری و یاسایی رۆژانە پێشێل دەكرێن، خەڵكی كوردستانیش بەهۆی ئەم پێشێلكاریانەوە زەرەرمەند دەبێت!
لێرەدا زۆر بەڕاشكاوی دەبێت بڵێین حكومەتی هەرێم بەتەواوی سیاسەتی "هی خۆم بۆ خۆم، هی ئێوەش دەخۆم" بەرامبەر خەڵكی كوردستان پەیڕەو دەكات. ئەم هەرێمەی بەرهەمی خوێنی شەهیدان و قوربانیدانی بێشوماری خەڵكەكەیەتی، بەتەواوی لەشێوەی دیوەخانی كوێخایەك بەڕێوە دەچێت.
بۆیەش هاوڵاتیانی كوردستان لەبەر بێچارەیی و نەبوونی دادگایەكی بێلایەنی رێزلێگیراو لەلایەن دەسەڵاتدارانی كوردستان، بۆ چەند كەیسێكی لەم شێوەیە روویان لە دادگاكانی عراق كردووە. كەچی ئەوانیش (حكومەتی ناوەند و دادگای فیدڕاڵی) بەتەواوی بێدەنگیان لەم بابەتانە هەڵبژاردوە! وەك ئەوەی بە خراپی بارودۆخ و ژیانی هاوڵاتیان لە كوردستان دڵخۆشبن.
بۆیەش دەبینین ئەو جیاوازیەی لەساڵانی رابردوو لە بواری خۆشگوزەرانی لەنێوان هەرێم و ناوچەكانیتری عراقدا هەبوو خەریكە بەتەواوی پێچەوانە دەبێتەوە. برسیبوون و چەوساندنەوەی خەڵكی كوردستان دەنگی حزبە دەسەڵاتدارەكانی عراق كەم ناكاتەوە، بەڵكو هەستی شۆڤێنیان وا دەكات بە زەلیل بوونی خەڵكی كوردستان دڵخۆشبن!
ئەوەی دەگوزەرێت ئیتر ناكرێت بە سادەیی بڵێین بێ یاسایی و ئیستغلال كردنی هاوڵاتیانە لەپێناو خۆدەوڵەمەندكردنی زیاتری چەند دەسەڵاتدارێك، بەڵكو داڕمان و هەڵوەشانەوەیێكی تەواوی پەیمانی كۆمەڵایەتی نێوان حكومەت و هاوڵاتیانە كە شەرعیەتی دەسەڵات لێیەوە سەرچاوە دەگرێت، بۆیە دەبێت گەل لەئاستیدا بێتە دەنگ و داوای بونیادنانەوەو داڕشتنەوەی سەر لەنوێی بكاتەوە.
جێی خۆیەتی ئیتر لەجیاتی دەسەڵات، رەخنە لە قسەكەر و خاوەن قەڵەم و خەڵكی هۆشیارو شەقامیش بگرین كە بەهۆی بێ دەنگی و بێ هەڵویستی ئەوان و ئەو شوڕشگێڕانەی كە قوربانیان داوە ئەمرۆ گەل دەچەوسێنرێتەوە!
پێویستە هەرچی زووە هەموو بێینە دەنگ. رێگای مەدەنی وەك بایكۆت، خۆپیشاندان، رێ پێوان و جۆرەها شێوازیتری پرۆتستۆكردن هەن تا لەرێگایانەوە ئەم دەسەڵاتە بەهۆشخۆ بێنینەوە.
