مێژووی ژن و هەنگاوێکی بوێر

5 كاتژمێر لەمەوپێش
نوسنى: ڕاز ئەسعەد
کورد مێژوویەکی دێرین و دەوڵەمەندی هەیە، تۆماری بەشدارییەکانی ژنان لەو مێژووەدا بە نەنووسراوی ماونەتەوە و چاوەڕوانی دەستێکی زانستیانەن بۆ ئەوەی تیشکی بخەنەسەر و بخرێنە بەر نەشتەری لێکۆڵینەوەی زانستی دوور لە سۆز، چونکە مێژووی ژن پایەیەکی بنەڕەتی گرنگ و پڕبایەخە کە دەتوانێت سەرلەبەری ئەو مێژووەی نووسراوەتەوە بگۆڕیت و مێژوویەکی نزیکتر لە ڕاستیەکان بنووسێتەوە، ئەمەش لە ڕێگەی گرنگیدانێکی دروستی دوور لە ڕووکەشگەرایی دێتە بوون.
سەرەڕای سێکتەرە ئەکادیمییە زیندووەکانی زانکۆکانی کوردستان، بۆشاییەکی بەرچاو لە ئارادایە و زۆر بە ئاسانی هەست بە نەبوونی بەشێک یان سێکتەرێکی تایبەت بە مێژووی ژنان دەکرێت، ئەم کەلێنەش جەخت لەسەر ئەو ڕاستییە دەکاتەوە، کە تا ئێستا وەک پێویست دان بەو بەشدارییە بنەڕەتیەدا نەنراوە و بەهای ئەو ڕۆڵە دانەبڕاوەی کە ژنان بە درێژایی مێژووی ئێمە بینیویانە نەزانراوە، هەمیشە ژنیان وەک یارمەتیدەرێکی بێئاگای پیاو بینووە، لەم ڕووەوە بایەخی ژن نادیدە گیراوە و ڕۆڵ و کاریگەری بە شێوەیەکی ترسناک شاردراوەتەوە، لە زۆر کاتیشدا کە باس دەکرێت وەک بەشدارێکی دەستکورتی مێژوو گوزارشتی لێدەکرێت، ئەمە لەکاتێکدایە کە ژن بکەر و خولقێنەرێکی بنەڕەتی مێژووە و خۆی بەدیهێنەری مێژووە، نەک بەشداری پێکراوی مێژوو، بۆیە کردنەوەی بەشی مێژووی ژن و جیاکردنەوەی پسپۆڕی مێژووی ژن لە تەواوی بەش و سێکتەرەکانی دیکە، پێویستیەکی هەنووکەیی و ڕێگای ڕاستی بەرەو پێشبردنی بوارەکەیە، نەک لە پشت چەند سەنتەرێکی ڕووکەشیانەی بەناو ئەکادیمیانەی بواری ژنان ڕاستیەکان ئاوەژوو بکرێنەوە.
گرنگی مێژووی ژن
مێژووی ژن تەنیا کایەیەکی لاوەکی نێو لێکۆڵینەوە مێژووییەکان نییە، بەڵکو ڕوانگەیەکی واقیعکردی فرەڕەهەندە، کە لە ڕێگەیەوە دەتوانین تێگەیشتنێکی پێگەیشتووتر و وردتر لە ڕابردوومان بەدەست بهێنین.
ئێمە بە لێکۆڵینەوە لە ژیان و داهێنان و دەستکەوتەکانی ژنان، تیشک دەخەینە سەر ئەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتیی و کەلتوورییانەی کە کۆمەڵگاکەمانی پێکهێناوە، لەبەرئەوە ئەم بوارەی توێژینەوە ئاڵنگاری (گێڕانەوەی مێژوویی) نەریتی دەکات، کە زۆرجار ئەزموونی ژنان پەراوێز دەخات یان بە تەواوی دەیشارێتەوە، ئەمە لەکاتێکدایە کە دەبوو لە ڕوانگەی مێژووی ژنەوە وێنایەکی گشتگیرتر و وردتری ڕابردووی بە کۆمەڵمان پێشکەش بکات، لە ڕێگەی سەرپێخستنی توێژینەوە شیکاری و شرۆڤەکارییەکان بۆ تێپەڕاندنی ئەو شێوازە نەریتیەی، کە تەنیا لە ژیاننامەی ژنەکاندا نغرۆیە و وا دەزانێت باسی کارە پیاوانەکانی ژنان، یەکسانی جێندەرییە.
ئەو دیوی دیمەنەکان
لە ڕەوتی درووست بۆ توێژینەوە زانستییە قوڵەکانی بواری مێژووی ژن، زۆر گرنگە ئاستی (دیاردە) و (کەسایەتییەکان) تێپەڕێندرێت، پێویستە سەرنج و هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەی جەوهەریی بۆ بەشدارییەکانی ژنان لە تەواوی بوارە جیاوازەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و کەلتووریی و ..تاد بکرێت و چیدیکە ژن وەک جوانکاری هەندێک ناونیشان و قۆناغی مێژوویی لە ڕۆڵێکی ڕووکەشیدا قەتیس نەکرێت و وا نەزانرێت ڕووگەیەکە تا ناونیشانی کۆنفرانسەکانی پێبڕازێندرێتەوە، وەک لە زانکۆکانی هەرێمدا لەم دوو ساڵەی دواییدا بۆتە مۆدەی ڕۆژ، هەر ڕۆژە لە ژێر ناوێکدا کۆنفرانس بە عەقڵی پیاوانە بۆ ڕۆڵی ژنان دەگێڕدرێت، یان ژنانی عەقڵ پیاوانە دەبەنە ئاستێکەوە کە نازانیت ناوی بنێیت چی، لە ڕاستیشدا زۆرینەیان، بە ویستی پیاوان، ڕۆڵ بە بەری ژناندا هەڵدەدروون.
توێژینەوە جدییەکانی بواری مێژووی ژن دەتوانن چیرۆکی ئەو ژنانە بدۆزنەوە، کە سەرکردایەتیی گۆڕانکاریی و بزووتنەوەکانیان کردووە و کاریگەرییان لەسەر ڕەوتی مێژوو جێهێشتووە، بەشێوەیەک کە هێشتا بە تەواوی دانیان پێدا نەنراوە و وەک پێویست کار و کردەوەیان ئاشکرا نەکراوە، لە پای ئەمانە بە ڕادەیەکی ترسناک لە جێی بکەری و ڕۆڵی ڕاستەقینەیان زۆر جاردەبینین کاری ژن لە مێژوودا لە جلوبەرگ و خۆڕازاندەنەوەدا قەتیس دەکرێت، یان دەکرێتە یاریدەدەرێکی بێتوانای پیاو، لە بچووکترین نموونەدا کەسایەتیەکی وەک حەپسەخانی نەقیب وای لێکراوە بە جلەکانیدا بناسرێتەوە، لە کاتێکدا دەکرا لێکۆڵینەوەکان وەک پایەیەکی پێشکەوتنی کەلتووری لێیبڕوانیایە.
بۆ بەشی مێژووی گرنگترینە؟
پرۆفیسۆرێکی بەئەزمون لە بارەی پسپۆڕی لە بواری مێژووی ژندا، بۆ کەمکردنەوەی گرنگی بابەتەکە، بۆچوونی جیاوازبوو، دەیوت چ پێویست دەکات بەشی مێژووی ژن هەبێت لە کاتێکدا بەشی مێژوو لە هەموو زانکۆکاندا هەیە. مەترسی ئەم بۆچوونە لەوەدا نییە کە بەڕێزیکی وا هاوبیری توێژینەوەکانی بواری ژنان نەبێت، بەڵکو مەترسیەکە لەوەدایە کە دەیسەلمێنێت هەندێک لە پرۆفیسۆر و پسپۆڕەکانی ئێمە لە ئاستێکدا ئیتر خۆیان لێدەبێتە نابیغە و وادەزانن هەموو شتێک دەزانن، کێشەیەکی گەورەیە پرۆفیسۆرێکی پسپۆڕ لە مێژوودا ئاگاداری ئەو هەموو گۆڕانکارییەی میتۆدەکانی لێکۆڵینەوە نەبێت، کە لەم نیو سەدەی دواییدا ڕوویانداوە، زۆر مەترسییە کە پسپۆڕەکان وازیان لە خوێندنەوە هێنابێت و وابزانن کاری ئەوان هەر نووسین و کاغەز ڕەشکردنەوەیە!
بۆ چارەسەرکردنی ئەم کەلێنە گەورەیەی جەستەی توێژینەوە ئەکادیمیەکان، پێویستە بەشی مێژووی ژن لە زانکۆکانی کوردستاندا بکرێتەوە، دەشێت سەرەتا لە یەکێک لە زانکۆکاندا بکرێتەوە، بۆ نموونە زانکۆی سلێمانی، ئەم بەشە نەک هەر بۆشاییەکی کایەی ئەکادیمی لە زانکۆکانی کوردستاندا پڕدەکاتەوە، بەڵکو وەک چرایەکی بیری پێشکەوتنخوازانە و زانستیی لە ناوچەکەدا لێیدەڕوانرێت، مێژوویەک لە هەناوی مێژووی زانکۆی دایکدا دروستدەکات و چەندین پسپۆڕی بوارەکە پێدەگەیەنێت و دەبێتە پایەیەکی نووسینەوەی مێژووی پەراوێزخراوەکان.
دەکرێت لەمیانەی بە دامەزراوەییکردنی توێژینەوە لە مێژووی ژندا، زانکۆی سلێمانی، یان هەر زانکۆیەکی دیکەی هەرێم ئەو دەسپێشخەرییە بکات و ببێتە پێشەنگ لە بەهێزکردن و هێنانە بوونی تێگەیشتنێکی قووڵتر و نوێتر و تۆمارکردنی ڕۆڵی ژنان بە درێژایی مێژوو لە ناوچەکەدا.
ڕوانگەی جیهانی
لە دامەزراوەکانی دەرەوە و لەسەر ئاستی جیهان، مێژووی ژن بوارێکی خوێندنی دانپێدانراو و ڕێزلێگیراوە، لە زۆرێک لە زانکۆ جیهانیەکاندا پێگە و گرنگی تایبەتی هەیە، بەشدارییەکی بەرچاوی لە گوتاری مێژوویی فراوانتردا هەیە. دامەزراندنی بەش و پرۆگرامەکانی مێژووی ژن بووەتە هۆی بەرهەمهێنانی لێکۆڵینەوەی پێشکەوتوو و گێڕانەوەی مێژووییەکی گشتگیرتر و وردتر.
بۆ نموونە: لە زانکۆی هارڤارد/ کتێبخانەی شلیسینگەر/ دەربارەی مێژووی ژن لە ئەمریکا
(Harvard University - The Schlesinger Library on the History of Women in America).
زانکۆی ئۆکسفۆرد / تۆڕی مێژووی ژنان لە فاکەڵتی مێژوو (University of Oxford - The Faculty of History's Women's History NetwoUniversity of Oxford - The Faculty of History's Women's History Network).
ئەوانە مشتێکن لە خەرمانێکی گەورەی ئەو نموونانە، دەکرێت لێرەدا چەندین نموونە بهێنرێتەوە، کە لە نێو زانکۆ جیهانییەکاندا پەرەیان پێدراوە، بۆیە دەکرێت زانکۆکانی کوردستان ئیلهام لەو دامەزراوە گرنگ و مۆدێرنانە وەربگرن و باشترین هەنگاوی کرداریی بنێن، تا لەڕەوتی ئێستای پێشکەوتنە کەلتووریی و مێژووییە ناوازەکانی جیهان دانەبڕێن، و چیدیکە وابەستەی لێکۆڵینەوە و تێگەیشتنە کلاسیکیەکان نەبن.
پارادۆکسی کۆنفرانسەکانی تایبەت بە ژنان
ئەگەر ئەم هەنگاوە بوێر و گرنگە نەنرێت، ئەوا بە دڵنییاییەوە بەشە مێژووییەکانی زانکۆکان ناتوانن لە گەورەترین کەلێن و کەموکورتی خۆیان ڕزگار بکەن، هەر لەم ڕوانگەیەوەیە جێی سەرسوڕمان نییە، کە زۆرێک لە کۆنفرانسەکانی پەیوەندیدار بە پرسی ژنان، بە تایبەت ئەوانەی لە زانکۆکاندا بەڕێوەدەچن، زۆرجار لە شارەزایی ڕاستەقینەی بوارەکە بێبەشن و کارەکانیان بە هۆی ناپسپۆڕی و بێئاگایی لە پێشکەوتنەکانی دنیای دەرەوە، کاڵوکرچ و ڕووکەشگەرایی، زۆری بابەتە مێژووییەکانی بواری ژنان تەنیا ژیاننامە و پێداهەڵگوتنی کاری پیاوانەی ژنانە. ئەم پارادۆکسە ئاماژەی ڕوونە بۆ پێویستی بە پەلەی بەشە ئەکادیمییە تایبەتمەندەکان، تا بتوانن زانستی ڕاستەقینە بچێنن و پسپۆڕان بەرهەم بهێنن، واتە بتوانن سەرکردایەتی گفتوگۆ و لێکۆڵینەوەی مانادار بکەن.
دامەزراندنی بەشێکی تایبەت بە مێژووی ژن، تەنیا زەرورەتێکی زانستی نییە، بەڵکو پێویستییەکی کۆمەڵگەشە. لە کاتێکدا کە لە داهاتوویەکی گەش دەڕوانین، دامەزراندنی وەها بەشێک دڵنیایی دەدات لەوەی کە بەشدارییەکانی ژنان بەدۆکیۆمێنت دەکرێن و لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت، هەروەها دەبێتە گەنجینەیەکی دەوڵەمەند بۆ ئەو نەوە نوێیەی کە بە پەرۆشییەوە گەشە بە تێگەیشتنەکانی خۆیان دەدەن و دواتر تێگەیشتنی ئێمەش دەربارەی ڕۆڵی ژنان لە مێژوودا بەرەوپێش دەبەن.
نیگایەک لەسەر داهاتوو
کاتێک دامەزراندنی بەشی مێژووی ژن لە زانکۆکاندا دەبێتە واقیع، ئەم بەشە نەک تەنها دیمەنی زانستی و ئەکادیمی دەوڵەمەند دەکات، بەڵکو بۆ تێگەیشتنێکی دادپەروەرانەتر و هەمەلایەنەتر لە مێژوو بەشداری دەکات، بە لە ئامێزگرتنی ئەم دیدە، دەتوانین دڵنیا بین لەوەی کە چیرۆکی ژن بەگشتی و ژنی کورد بەتایبەتی، ئەو بایەخە زانستیانەیان پێدەدرێت کە شایەنیەتی.
لە کۆتاییدا دەڵێم، تۆماری پشکدارییەکانی ژنان لە مێژوودا چاوەڕوانی نووسین و لێکۆڵینەوە دەکەن، کاتی ئەوە هاتووە زانکۆکانی کوردستان هەنگاوێکی بوێرانە بەرەو پێشەوە بنێن، ئەویش بە دروستکردنی بەشێکی تایبەت بە توێژینەوەکانی مێژووی ژن، هیوادارم یەکەم دەستپێشخەری لە لایەن زانکۆی سلێمانییەوە بێت، بەو پێیەی زانکۆی دایکە، لە ڕێگەی ئەم هەوڵەشەوە دەتوانین ڕێز لە ڕابردوو بگرین و ئێستا بەهەند وەربگرین و ئیلهامیش بە داهاتوو ببەخشین.
