سەلەفییەت واتە چەقبەستن لەناو مانادا

7 ڕۆژ لەمەوپێش



 

دكتۆر ئەحمەدی مەلا

لە پێناسەیەکی نوێدا، سەلەفییەت تەواو هاوتای نەخوێندەواریی دەوەستێت، نەک نەخوێندەواریی بە مانای ئەوەی کە مرۆڤی سەلەفی ناتوانێت دەقێک بخوێنیتەوە، بەڵکو بەو مانایەی کە دەق لە زەمەنی خۆی رادەپسکێنێ و یەک واتای دەداتێ، واتەیەکی چەقبەستوو.

ئیسلام لە ژینگەی کۆخوداوەندییدا پەیدا بوو، واتە وەسەنییەت، بۆیە ئیسلام بە پلەی یەکەم شەڕ لەگەڵ ئەم چەمکە دەکات، وەک چۆن مارکسییەت دوو چین دەدا بە گژ یەکدا، ئیسلامیش شەڕێک دژ بە "موشریک" هەڵدەگیرسێنێ، ئەمە نە شەڕی موسا بوو، نە شەڕی عیسا بوو، چونکە ئەم دوو ئاینە لە ژینگەیەکی دیکەدا سەریانهەڵدا. 

موشریک ئەو کەسەیە کە بڕوای بە خوداوەندی زۆر هەیە، هەر یەکەیان ئەرکێکی پێ راسپێردراوە کە دواتر هەم لە رۆژئاوا دەبنە بە سانتۆ=قەدیس هەم لە ناو ئیسلام فۆرمی مەلائیکە یا شێخ دەبینن. شێخێک هەیە کاری چاککردنەوەی رۆمانتیزم دەبینێ یەکێکی دیکەیان ژنان لە نەزۆکی دەپارێزێ یا چاکیان دەکاتەوە هتد.

لێرەوە، ئیسلام هەموو هەوڵێک دەدا "بوت=بت"ەکان لەناو بدات، تەنانەت دواتر دەبینین چۆن تالیبان لە بامیان پەیکەرێکی بودایان بە دینامیت تەقاندەوە، لەو بڕوایەدا بوون کاتێک موسڵمان چاوی بەو پەیکەرە بکەوێت ئارەزووی پەرستنی بۆ بوت تیا دەبووژێنێتەوە، هەر وەک چۆن داعش لە مۆزەخانەی موسڵ بە تەور بەربوونە گیان پەیکەرەکان، چونکە پەیکەر و بوتیان لە یەک جیا نەدەکردەوە. ئەگەر بوت بۆ پەرستن بێ، خۆ پەیکەر بۆ پەرستن نییە!

پیاوی سەلەفی ناپرسێت ئایا ئەمڕۆ موشریک ماوە یا نا، چونکە ئەو تەنها لەو زەمەنە دەژێت کە موشرێکی تیا بووە، بە تێگەیشتنی ئەو، ئاینییش لە دەرەوەی مێژوودایە، واتە بوونی پەیکەرێکی هونەریش بۆ ئەو هەر هەمان دەلالەت دەبەخشێ. کەچی ئەمڕۆ لە جیهانی ئیسلامییدا، تاقە یەک موشریکیش نەماوە، واتە کەسێک نادۆزیتەوە لە پاڵ خودا پەیکەرێکی دیکە، وەهمی بێت یا کۆنکرێت بپەرستێ، چونکە کۆمەڵگەی هاوچەرخ کۆمەڵگە بت پەرستان نییە، بەڵکو خەڵکانێک هەن یا بڕوایان بە خودا هەیە، یا بڕوایان پێی نییە، کەواتە پەیکەر هەمان رۆڵی کۆمەڵایەتی جارانی نییە و نایبێت.

بەڵام لەبەر ئەوەی مرۆڤی سەلەفی تەماشای سیاق ناکات، ئەو تەنها دەق دەبینێ، دەق چی گوتبێ هەر ئەوەیە. ئەمەش لە نەخوێندەواریی زۆر خراپ ترە، چونکە بۆی هەیە نەخوێندەوار فێری خوێندەواریی بێ، کەچی مرۆڤی سەلەفی لە ناو مانادا دەچەقێ.
ئەقڵیش پێماندەڵێ تۆ دەتوانی خوداپەرست بی لە ناو بت و پەیکەران، خوداپەرستیش نەبی لە چۆڵەوانی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار