شیکاریی سیاسی ودەستوری: لەبارەی گرێبەستەکانی غازی هەرێمی کوردستان

3 ڕۆژ لەمەوپێش
ئامادەکردنی: دکتۆر ئەحمەد فاتح محەمەد
واژۆکردنی گرێبەستەکانی کێڵگەی میران و تۆپخانە لە پارێزگای سلێمانی تەنها ڕووداوێکی ئابووری نییە، بەڵکو تەنگەژەیەکی تری سیاسی لە سەر تەنگەژە کەڵەکە بووەکانی دەستووری عێراق و شکستی سیستەمی فیدراڵیزمی دادەنێت. ئەم واژۆکردنە ڕەنگدانەوەیەکی ڕاستەوخۆیە لە شەڕی دەسەڵات لەنێوان دوو ئاستی حوکمڕانیدا کە یەکێکیان هەوڵی دروستکردنی سەربەخۆییەکی نادەستوری و سیاسی و ئابووری دەدات کە لەگەڵ چوارچێوەی دەستووری عێراقدا ناگونجێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاستیدا وەک حکومەتێکی کاربەڕێکەر لە چوارچێوەی سیستەمێکی فیدراڵیدا کاردەکات کە تایبەتمەندییەکانی ئەم حکومەتە کاربەڕێکەرە هێشتا بە ڕوونی پێناسە نەکراون. ئەم نا ڕوونییە لە ئەنجامی ئەوەی کە دەستووری عێراقی ساڵی 2005 چەندین ناکۆکی ڕیشەیی تێدا مابووەتەوە دروست بووە، بەتایبەتی لە بواری دابەشکردنی دەسەڵات لەسەر سەرچاوە سروشتییەکان.
شیکاری قووڵی دەستووری: دووانەی دەسەڵات
ڕەهەندی دەستووری عێراق
دەستووری عێراق لە مادەی 111دا بە ڕوونی دەڵێت کە “نەوت و غاز خاوەندارێتی گشتی هەموو گەلی عێراقە لە هەموو هەرێم و پارێزگاکاندا”. ئەم مادەیە زۆر گرنگە چونکە بناغەی فەلسەفەی ئابووری دادەمەزرێنێت. بەڵام کاتێک مادەی 112 دەخوێنینەوە، ئەوا دەبینین کە حکومەتی فیدراڵ “بە هاوکاری ئەو هەرێم و پارێزگایانەی کە بەرهەم هێنەرە” دەبێت سیاسەتی گشتی وزە بەڕێوە ببات.
ئەم “هاوکاری”ە وشەیەکی لێکدراوە کە دووجۆرە شیکاری هەڵدەگرێت. یەکەمیان ئەوەیە کە ئەم هاوکاریە تەنها ڕاوێژکاری و یارمەتیدەرە بێت، دووەمیان ئەوەیە کە واتای هاوبەشبوونی ڕاستەقینە بێت لە بڕیاردان. حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر بە شیکاری دووەم دەچێت و پێی وایە دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی بەسەر سەرچاوەکانی خۆی هەیە.
ڕەهەندی یاسایی هەرێم
یاسای هەرێم ژمارە 22 ی ساڵی 2007 سەبارەت بە نەوت و غاز بە تەواوی جیاوازە لە ڕوانگەی دەستووری عێراق. ئەم یاسایەی حکومەتی هەرێم وەک دەسەڵاتی خۆی لەسەر سەرچاوە سروشتییەکانی ناو خاکی هەرێم دەبینێت. ئەم جیاوازییە یاساییە تەنها کێشەیەکی تەکنیکی نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەیەکە لە دوو دیدیی جیاوازی دەوڵەت و بەڕێوەبردن سەرچاوە دەگرێت.
یاسای هەرێم لەسەر بنەمای خۆبەڕێوەبەردنی هەرێمی کوردستان دەست نیشان کراوە، لەحاڵێکدا دەستووری عێراق لەسەر بنەمای یەکگرتووی وڵات دەست نیشانکراوە. ئەم پێکدادانە لە بناغەدا مەحاڵە و دەبێتە هۆی ئەوەی هەر کاتێک بابەتێکی گرنگ هەبێت، ئەوا شەڕی دەسەڵات سەر هەڵبدات.
لە شەڕی دەسەڵاتەوە بۆ شەڕی هەبوون
هەڵوێستی بەغدا
حکومەتی ناوەندی لە بەغداوە ئەم واژۆکردنانە وەک “پشتگوێخستنی دەستوور” و “فاکتی یاخیبوون لە دەسەڵاتی یاسایی دەوڵەت” دەبینێت. ئەم هەڵوێستە تەنها بە هۆی حوکمی یاساییەوە نییە بەڵکو لە ترسی ئەوەشەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئەگەر هەرێمی کوردستان بتوانێت یەکلایەنە لەسەر سەرچاوە سروشتییەکان بڕیار بدات، ئەوا ئەم نموونەیە دەتوانرێت لە هەرێمەکانی تر پیادەبکرێت، ئەمەش واتەی مەترسی و تێکشکانی دەوڵەتی عێراق فیدراڵ دەگەیەنێت.
بەڵام بەغدا هەوڵی ئەوەش دەدات پەیامەکە بگەیەنێت کە هیچ هەرێمێک ناتوانێت ئابووری وڵات بگرێتەخۆیەوە. نەوت و غاز بناغەی ئابووری عێراقن، ئەگەر حکومەتی ناوەند کۆنترۆڵی نەکات، ئەوا توانای بەڕێوەبردنی وڵات لە دەست دەدات. ئەمە واتای ئەوەیە کە ئەم شەڕە تەنها لەسەر پارە نییە بەڵکو لەسەر خودی ماهیەت وسەروەریی دەوڵەتە.
هەڵوێستی هەولێر
هەرچی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێی وایە کە ئەو گرێبەستانە “مافی سروشتی و دەستووری” کوردستانە لە بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی خۆی. ئەم بۆچوونە پشت ئەستورە بەچەند خاڵێکی دەستوریی دەوڵەتی عێراق: یەکەم، مادەی 117 لە دەستووری عێراق کە دەڵێت هەرێمەکان دەتوانن “لە هەموو بوارێکدا یاسا دابنێن جگە لە ئەو بوارانەی کە تایبەتن بە دەسەڵاتە تایبەتەکانی حکومەتی فیدراڵ”. دووەم، مادەی 121 کە ڕێگە بە هەرێمەکان دەدات لەگەڵ وڵات و دامەزراوە بیانییەکان “لە چوارچێوەی سیاسەتی گشتی وڵاتدا” گرێبەست ببەستن.
هەرێم پێی وایە کە “چوارچێوەی سیاسەتی گشتی وڵات” واتای ئەوە نییە کە هەموو گرێبەستەکان دەبێت ڕەزامەندی بەغداد وەربگرێت، بەڵکو واتای ئەوەیە کە نابێت دژ بە بەرژەوەندییەکانی نیشتمانی بێت. هەرێم دەڵێت کە دەرهێنانی غاز و نەوت بەرژەوەندی نیشتمانییە و هیچ پێچەوانەی تێدا نییە.
ئەمریکا لەنێو ئاڵۆزییدا
پشتگیری کریس ڕایت، وەزیری وزەی ئەمریکا، لەم گرێبەستانە زۆر گرنگە و چەند پەیامی لێ دەخوێندرێتەوە. لە ڕووی ستراتیژی ئەمریکییەوە، هەرێمی کوردستان یەکێکە لە گرنگترین هاوپەیمانان لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوڕاست دا. لە کاتی شەڕ دژ بە داعش، کورد پاڵپشتیەکی بەهێز بوون دژ بە تیرۆر.
