بێدەنگی چەکەکان و پشویەک بۆ نیشتمان سازی

2 مانگ لەمەوپێش



 

د. ئەمیر حسێن

وەکو ڕێکخراوێکی سیاسی و جەماوەری PKK دوای ٦ ساڵ  لە دامەزراندنی بەدیاریکراوی لە (١٩٨٤) پەنای بۆ چەک هەڵگرتن برد ، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی چەک بژاردەی سەرەکی و یەکەمی ئەو هێزە نەبووە لەسەرەتاوە، بەڵکو لە ئەنجامی سیاسەتی نکوڵیکردن لە بونی گەلی کورد، وە زەوتکردنی مافەکانی لە ڕوی دەستوری و یاسایی و سیاسی و ئابوری و کۆمەڵائەتی و ڕێکخراوەیی بەناچاری دەستی داوەتە چەک ، بەواتایەکی تر چەک وەک تاکە بژاردە لەوکاتدا بوە بە پيویستیەکی مێژووی وە بژاردەی فەرزکراو.

خۆ گەر بمانەوێت لە چوارچێوەی کۆنتێکستە مێژووییەکە لە چەک هەڵگرتنی PKK  تێبگەین ، دەبێت دان بەو ڕاستیەدابنێین ئەوکات گەلی کورد لە پارچەکانی تریش ، بەتایبەت باشورو ڕۆژهەڵات لەگەرمەی خەباتی چەکداری وەشۆڕشی ڕزگاریدا بوون ، هەروەها جەنگی عێراق ئێران وە ململانێی مێژووی عەرەب ئیسڕائیل ناوچەکەی خستبۆ بەردەم ئەگەری زۆروچارەنوسێکی نادیار.

تورکیا وەکو تاکە دەوڵەتی هەرێمی ئەندامی ناتۆ ببو بە سەکۆیەکی پتەو ئارام بۆ ڕۆژئاواییەکان بۆ ئەوەی دەستیان بگاتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وە بەپێی خواست و بەرژەوەندی خۆیان ئاراستەی ڕوداوەکان بکەن ، چونکە هێشتا دەوڵەتانی خەلیج بەحوکمی هەژمونی نەتەوەپەرستی عەرەبی و خۆپارێزی ئاینی نەگەیشتبون بەو ئاستەی متمانەی ڕۆژئاواییەکان وەکو ئێستا بەدەست بهێنن.

تەنانەت جەنگی سارد لە نێوان هەردوک بلۆکی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا لە لوتکەی گەرموو گوڕیدا بو، وەئەگەری بەیەکدادان جیهانی خستبۆ بەردەم هەڕەشەیەکی کراوە، ئەم هەلومەرجە کێرڤی تورکیای هێندەی تر لەڕوی جیۆ سیاسیەوە لەلای هێزە جیهانیەکان بردبۆ سەرەوە، لەو ماوەیەدا ئەگەر تورکەکان تەنها کەمێک دەستبەرداری خەسڵەتی دەوڵەتی پۆلیسی خۆیان بونایە.

زۆر دەمێک بووتورکیا وەکو یەکەم دەوڵەتی موسوڵمان دەبو بە ئەندامی یەکیەتی ئەوروپا. چونکە بۆ ڕۆژئاواییەکان زۆر گرنگە جیا لە ئیسڕائیل، ئاشکرایە چەندە بێزراوە لە لایەن گەلانی ناوچەکە ، دەروازەیەکی تروەکو شوێنگرەوەیەکی بەهێز لەڕوی سیاسی و ئاینیەوە ، قبوڵکراوبێت لە لای هەموان، لەم ناوچە گەرمەی دەوڵەمەند بە سەرچاوەی وزە بەدەستبێنن.

هەر بۆیە چەک هەڵگرتن لەهەلو مەرجێکی هەريمی و نێودەوڵەتی ئاوهادا بەڕووی دەوڵەتێکی وەکو تورکیا تەنها ڕێکەوتێکی مێژووی یان هەڵگەڕانەوەیەکی ئەبستراکتی چەکداری و توڕەبونی خێڵەکی نیە ، بەڵکو بڕیارێکە دەرئەنجامی تێگەیشتنی قوڵە بەرامبەر ئەرکی مێژووی، لە هەلو مەرجی خودی و بابەتی وە هەڵسەنگاندنی بەرپرسانە بۆ دۆخی دیموکراسی ونەتەوەی ، PKK تەنها جەنگاوەری بە دیسپلینی بۆ مەیدانی چەنگ و ڕوبەڕووبونەوە بەرهەم نەهێناوە ، بەڵکو پێش هەموشتێک هۆشیاری نەتەوەیی وە ئەرکە دیموکراسیەکانی بە شێوەیەکی سیستماتیک تیۆریزەو پەرەپێداوە، لەم بوارەدا ژنان وە گەنجان لەگەڵیاندا ڕێکخراوە جۆراوجۆرە نیشتمانی ونەتەوەییەکان لە ناوخۆی کوردوستان بەگشتی ولە ناو ڕەوەندی کورد لە وڵاتان بەتایبەتی ڕۆڵێکی گەورەیان گێڕا، ئەمە جیا لە تێپەڕاندنی بیری خێڵ وبنەماڵەو ناوچەگەری، تەنانەت بڵاوو کردنەوەی کلتوری نەتەوەسازی بە فۆڕمی بیری چەپی نیشتمانی کوردانە لە ڕوی تیۆری و پراکتیکی بە هەموو پارچەکانی کوردوستاندا ، بوژاندنەوەی هەستی ناسیونالستی چەپی دیموکرات ، وەک دروشمی یەک مەیدان و یەک چارەنوس و یەک ئامانج  زیاتر لە چوار دەیەیە کوردان کۆدەکاتەوە .متمانە بە ژن و باوەڕهێنان بە ئازادی بۆ هاتنە مەیدانی خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی  نەک بە تەنها وەک شەڕڤانێکی بوێر و ئازاو ئازاد، بەڵکو وەک سەرکردەی ڕاستەقینە لە مەیدان، دۆزینەوەو سازدانی توانای ژنانی کوردو وەبەرهێنان لەم بوارەدا  بۆتە چەکێکی کاریگەرو کارا، شۆڕشی ڕزگاری و خەباتی دیموکراسی بردە قۆناغێکی باڵاتر . لە دیدگای  PKKژنان پێویستیان بە سیستەمی کۆتا نیە لە مەیدانی تێکۆشانی دیموکراسی ، بەڵکو تەنها دەرفەت ومتمانە بەسە بۆ ئەوەی گیانی خۆیان بەخت بکەن . ژنان لە باکورو ڕۆژئاوای کوردوستان بە باشترین شێوە پارادۆکسی ئەم بیرکردنەوە پراکتیزە دەکەن، لێرەوە ئیتر نیشتمان سازی ئەرکی پیاو نیە بە تەنها، بەڵکو ئەوە بەشداری ڕاستەقینەو مەیدانی ژنانە دواجاردەبێتە هەڵگری شوناسی دیموکراسی نیشتمانی سەربەخۆو ئازاد.

بێدەنگ کردنی چەکەکان لەم قۆناغە وەک دەرفەتێک بۆ چارەسەری دیموکراسی دەر ئەنجامی هاتنە پێشی هەلو مەرجێکی نوێی خۆیی و بابەتیە ، تەوژمی شۆڤێنیزمی تورک نەک هەر نەیتوانی گەلی کورد ناچاری پاشەکشەبکات لە خواستە نەتەوەیی و نیشتمانیەکانی ، بەڵکوهەڵکشانی بەردەوامی خواستی دیموکراتی و ئازادی گەلی کورد لە باکورو دەسەڵاتی خۆجێی لەباشورو کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا،ئەمڕۆ بوون بە دیفاکتۆ جیهان بە شانازیەوە مامەڵەیان لەگەڵدادەکات ، پێشمەرگەو شەڕڤان تاقە هێزی ناوچەیی تاقیکراوەو متمانە پێکراوی جەنگی دژی تیرۆرن لە هاوپەیمانی نێو دەوڵەتیدا، لە بەرامبەردا ناوچەکە لە تاقیگەی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان لەژێرنەخشەسازی و دیزاینی نوێدایە ، ئاماژەکان تا ئێستا ڕوەو گۆڕانکاری ڕیشەین ، جیهان بەرەو تێپەڕاندنی قۆناغی تاک جەمسەری و هەژمونی تاک لایەنەیە ، تەکنۆلۆژیای سەربازی شەقاوی گەورە داوێ لە یەکلاکردنەوەی کێشەکان، میدیاو داهێنانە زۆرەکانی پەیوەندی بوون بەسەکۆی قۆناغی تازەی شۆڕش و خەبات.

گونجاندنی داخوازی ڕەوای کوردان  لەم قۆناغە دژوارەدا لەگەڵ هەموو ئەم گۆڕانکاریانە پێویستی بە بڕیاری ئازاو بوێرانەی ئیمڕالی هەبوو بۆ بێدەنگکردنی چەکەکان ، تا دەرفەتی گفتوگۆی ئاشتی بیانوبڕبێت بۆ هەموولایەک ، ئەگەرچی ئەم پرۆسەیە کاتی زۆری دەوێت بۆ ئەوەی دەرئەنجامەکانی دەرکەون ، بەڵام لە ئێستاوە گەلی کورد پشتیوانی ئاشتیخوازانی جیهانی بردۆتەوە لەبەرامبەر هەڵوێستە مێژووییەکەی وە نەیارانی ئاشتی و دیموکراتی ڕووبەڕووی هەڵوێستێکی شەرمەزاررانە دەکاتەوە ئەگەر لەگەڵیدا ڕاستگۆیانە نەیەنە پێشەوە . 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار