چیی؟ برایەتی کورد و تورک؟

دوێنێ



 

هیچ شتێک هێندەی شوناس و خود پەناگا نییە بۆ مرۆڤ، بەو هۆیەوە خود، یان زات دوا شتە کە مرۆڤ بتوانێت دەستبەرداری بێت، خود چی کەسی بێت چی نەتەوەیی ، بە گشتی  بریتییە لەو جیهانە کەلتووری و مانایی و ڕەمزییە کە دەبێتە بنەمای شوناس و خۆناسین، بەم شێوەیە ئۆجالان دەستی بۆ شوێنێکی دژوار بردووە، دەستی بۆ سەرچاوەی ئارامی و سوکنایی دەروونی بردووە، بەڵام لە هەمانکاتدا سەرچاوەی کەڵەکەبوونی کێشەکانیش: خود- یان خۆ هەڵوەشاندنەوە!

ئۆجالان لە ڕێگای خاوکردنەوەی گرژییەکانەوە، لە ڕێگای ڕاگەیاندنی پرۆسەی ئاشتی و بانگەشەی برایەتی کورد و تورکەوە دەیەوێت زاتی گرژ و پڕ گرێی کورد و تورکیش بتوێنێتەوە،  ئازادیکات لە گرێکانی، بیکاتەوە، لە دۆخی گرژ و لۆکاڵی دەریبێنێت و بیانخاتە سەر ڕەوڕەوەی گەشەی مێژوو، هاوکات کارلێک لەگەڵ گەلانی ناوچەکە بە گشتی و لە ناویشیاندا کارلێکی تورک و کورد بکاتە بنەما، بە لەبەرچاو گرتنی ئەو ڕاستییە مێژووییەی کە پەیوەندیی ئەو دوو گەلە بە تایبەت بارگاویی و ژەهراویی بووە بەهۆی سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکەوە.

بە گوێرەی شرۆڤەی ئۆجالان بۆ کۆمەڵگا و مێژووی کورد، بە درێژایی مێژوو کورد لەگەڵ کەلانی وەک ئەرمەن و کریستیان و ئاشووری و دەاتریش عەرەب و تورک لە کارلێک و پەیوەندیدا بووە، بەگوێرەی پەیوەندییەکانیشی گۆڕاوە و شوناسیشی کراوە بووە بۆ بزوان و کارلێک لەگەڵ ئەوانی دیکە.

دواتر بەهۆی بوونی هەندێک لەو گەلانە بە خاوەن دەوڵەتی نەتەوەیی، گوشار و زۆرلێکردن و هەوڵی توانەوەی نەتەوەیی و ڕەگەزی، کورد ناچار بوو هەنگاوێک لەو کرانەوەیە پاشەکشە بکات و وەک میکانیزمی بەرگری زیاتر بەسەر خۆیدا دابخرێت، شوناسی کراوەش وەک مەترسی وجودی تەماشا بکات بۆسەر بوون و مانەوەی خۆی!

جا لێرەوە خود بەگشتی و خودی فەرهەنگیش بەتایبەت لای ئۆجالان پرسێکی جێگیر و وەستاو نییە، بەواتایەکی دیکە لە تێڕوانینیدا بۆ خود ئۆجالان زۆر دیکارتیی نییە، خود لای ئۆجالان کراوەیە بۆ گۆڕان، ئەگەر وا دابنێین خودی دیکارتیی دوانەییە، واتا جەوهەری خود لای دیکارت بیرە، هۆشە نەک جەستە، خودی دیکارتی وا دەکات شوناس بە جێگیریی بمێنێتەوە، واتا ئەوەی وا دەکات شتێک سەرەڕای گۆڕانکاریی بەردەوام خودی خۆی بمێنتەوە بیرە کە پایە و ڕاگری خودیشە، ئیتر بەو شێوەیە خودە بیرکەرەوەکە نەگۆڕە، شوناسیش دەبەخشێت بە جەستە و دەرەوەی جەستەش، واتا پایەی سەلماندنی دەرەوەی خودیشە، بەشێوەیەک ئەوەی هەڵگری بیرەوەری و درێژبوونەوەی مرۆڤە لە ناو کاتددا و زامنی پاراستنی شوناسە ئەو خودە نەگۆڕ و جێگیرەیە!

بەڵام لای ئۆجالان ئەم خودە هێندە جێگیر نییە، خود دینامیکییە و وەستانی مایەی ڕەقهەڵاتنە، لای ئۆجالان کورد زاتی وەستاوی نییە، بەواتایەکی دیکە ئۆجالان دێت و دەڵێت وەختێک دنیا گۆڕاوە، دەوروبەر گۆڕاوە، شوناس واتا خۆناسینی مێژوویی کوردیش دەبێت بگۆڕێت، ئەگەر نەگۆڕێت ئۆجالان دەستی لێهەڵدەگرێت! یان لە ڕاستیدا نایناسێت، وەک ئەوەی بڵێت من خەباتم بۆ ئەم جەستە وشکهەڵاتووە نەکردووە، من ئایدیاڵێکی دیکەم هەبوو، کوردێک کە من بەرگریم لێدەکرد کۆمەڵێک تایبەتمەندی بووە ئێستا گۆڕاوە بۆ جەستەیەکی ڕەق و تەشەنوجی کردووە!

جا بۆ ئەمە من کاتێک خوێندکاری مێژوو بووم، هەرچی ئۆجالانم دەخوێندەوە لێی تێنەدەگەیشتم! بۆچی؟ چون ڕاهاتبووم کورد لە دیدی ڕۆژهەڵاتناسان و مێژوونووسانی کوردەوە بناسم، ئەوان چۆن کوردیان دەناساند؟ بە کورتی دەیانوت کورد گەلێکە یان دەگەڕێتەوە سەر لۆلۆییەکان، یان کاشییەکان، یان گۆتی و کاردۆخییەکان، لە باشترین دۆخێشدا هەموو ئەو گەلانەیان دەکرد بە باوانی کورد!

ئەی ئۆجالان؟ هەستم دەکرد لە ئۆجالاندا بەر ئەو کوردە عیرقی و تەسکە ناکەوم، وەک ئەوەی گەلێک لە جوگرافیاییەکی دیاریکراودا باوانی عیرقی و خوێنی ئێمەیە یان نا؟ بەڵکو بەر کورد دەکەوتم وەک پرۆسەیەکی دیالێکتیکی پڕ شەپۆل و گۆڕاو، یان کورد زیاتر لەوەی بوونێکی مادی- ئیتنیکی خوێنی هەبێت، کۆمەڵێک خەسڵەت و تایبەتمەندییە! بۆ نموونە ئەو گەلانەی لە مێژووی دووردا ملکەچ نەبوون بۆ ئیمپراتۆرییەتە داگیرکەر و کۆیلەدارەکانی وەک ئەکەد و ئاشوور کورد بوون! 

وەک ئەوەی کورد سیفەت بوو زیاتر لەوەی کەینونە و بوون بێت! کورد کۆمەڵێک سیفەت و خەسڵەت بوو لە هەرکوێ بان کورد لەوێ بوو، بەهای ئازادی، یەکسانی، دژە ستەمکاری، دژی سەنتراڵیزم و قبووڵ نەکردنی قۆرخکاری و ئەم جۆرە تایبەتمەندیانە! ئیتر وەک ئەوەی کورد بیر بوو بەبێ بیرکەرەوە، یان لانیکەم بەبێ زاتی بیرکەرەوەی دیکارتی، ئەوەش وای دەکرد کورد دیلی هیچ خودێکی جیگیر و نەگۆڕ نەبێت و هەمیشە واڵا بێت بۆ داهاتوو.

بە خوێندنەوەی ئۆجالان، بە خشکەیی وات لێدێت بە تەنیشت شەیتان و ڕەحمانی ناو ئاینەکانەوە بەر شەیتان و ڕەحمانێکی ئۆجەلانیش دەکەویت، شەیتانی دەسەڵاتخواز و ستەمکار و چەوسێنەر لە لایەک، لە لایەکی دیکە ڕەحمانی کورد! کوردێک کە سەپاندن قبووڵ ناکات بەڵام لە پەیوەندیدا ئامادەیە بۆ گۆڕان! ئەمەش یانی گۆڕانی کوتلەیە بۆ مانا، کورد سیفەتە بەبێ جەوهەر! تواندنەوەی زاتی ڕەقهەڵاتوو بۆ نەرمی گۆڕان و گەشە و کارلێک لەگەڵ ئەوانی دیکە، یانی کورد زیاتر لەوەی بوون و کەینونە بێت بارگەیەکی مانایی هەبوو، هەر بۆیە ئۆجالان ئاسان کورد دەگۆڕێت بۆ ئایدۆلۆژیا.

لێرەدا برایەتی گەلان و لە ناویشیدا برایەتی کورد و تورک ئەو شۆکەیە کە ئۆجالان دەیدات لە زاتی لە گەشە کەوتووی تورک و کورد لە هەمان کاتدا: برایەتی! سەدان ساڵ خوێن و جینۆساید و تازە برایەتی؟ ئا بەڵێ برایەتی، بەڵام بە بەهای چی؟ بە بەهای خۆهەڵوەشاندنەوە؟ هەر هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە نا بە تەنها! بەڵکو هەڵوەشاندنەوەی تورک و کوردی ڕقن و ڕەقهەڵاتویش! هەڵوەشاندنەوەی شوناس، یان زاتێکی لە گۆڕان بەدەر، ئیتر ئۆجالان چەندین جار خۆهەڵوەشاندنەوەی خودی خۆی بۆ ئەم چرکەساتە هەڵگرتبوو! بۆ ئەوەی کەس نەڵێ ئەمە لە پراکتیکدا چۆن دەکرێت؟ ماڵی سپی بۆ ڕۆژی ڕەش!

ئۆجالان ڕەحم بە خۆی ناکات بە کوردی چۆن دەکات! ئاگادارت دەکاتەوە کاتێک ئازادی و سەرکەشیم ڕۆژێک داوەتە پاڵ کورد وانەزانێ ئەمە میراتییە! ئەو سیفەتانە زاتی ڕەق و وەستاویان نییە، بە میراتی بۆ کەس نامێننەوە! بە کورتی لە ئاستیدا نەبیت هی تۆ نییە، لە جوڵە و گەشە کەوتی هی تۆ نییە!

جا ئێستا کورد بەو خەیاڵدانە مێژووییەوە بەر دیواری سەختی شوناس کەوتووە، بەرخۆی کەوتووە، کەڵەکە بووە و گرێی خواردووە، ئیتر دەبێت بگۆڕێت، ئەمە چیرۆکی پەکەکەشە، بۆچی پەکەکە لە لوتکەی هێزدا هەڵدەوەشێنێت؟ چۆن کارە قورسەکە ئەمەیە، دەبێت لێرەدا خۆی هەڵوەشێنێت بۆ ئەوەی بزانێت مەبەستەکە ئەمە نییە، ئەمە ئامراز بوو بۆ گەیشتن بە ئاست و شوێنێکی دیکە، ئێستا خۆی واخەریکە دەبێتە ئامانج! ئیتر ئەمە چەکوشی ئۆجالانیی پێویست بوو!

تێبینی/ ئەم سەرنجانەی من لەسەر ئەم پرۆسەیە دەینوسم سەرنجی سەرپێیین و زیاتر بۆ کردنەوەی دەرگای بیرکردنەوەیە لەم پرسە، دەنا منیش لە هیچ شتێک دڵنیا نیم!

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار