سەردەمی هیچوپووچی

2 ڕۆژ لەمەوپێش
نوسینی : شێرزاد شێخانی
دکتۆر ئالان دۆنۆ کتێبێکی ناوازەی هەیە بە ناوی ( نظام التفاهة ) .واتا سیستەمی هیچووپووچی . ئەم کتێبە دەقاودەق لەگەڵ سەردەمی ئێستای ئێمەدا دەگونجێ و هەروا هەستدەکەی کە باسی کۆمەڵگەی ئێمە دەکات .
سەردەمانێک کۆمەڵگەی ئێمە کۆمەڵگەیەکی تەندروست بوو . سەرباری ئەوەی دایکو باوکەکانمان بە زۆرینە نەخوێندەوار بوون ، بەڵام بە مییراتی جوانی بابوباپیرانیان جیلی ئێمەیان پەروەردە کرد .ئەوەتا ئێستاش ئەخلاقی ئەوان لەلای جیلی ئێمەدا ماوەو پێوەی پابەندین.
بەداخەوە لەم سەردەمە نەگرییسەدا زۆربەی جیلەکەی ئـێمە ئۆغریان کردو ئەوانەی ماویشن چاوەڕێی سەفەری کۆتایی دەکەن . کارەساتەکە لێرەدایە ئەوانەی رۆیشتن و ئێمەش کە دەڕۆین ئەخلاق وقییىەمە جوانەکانی جارانیش لەگەڵ خۆمان دەبەینە ناو قەبرەکانمانەوە.
لەدوای ئێمەش تا حەددێک بەڵام زۆر کەم ئەو قییەمو ئەخلاقە جوانەی کوردەواریمان هێشتا لەکوڕو کچەکانماندا ماوە ، دوای ئەوانیش دونیا تەفروتونا دەبێ و جیلێکی تازە دێتە پێش کە ئەسڵەن لەقییەمو ئەخلاقی کوردەواری دەشۆرێن . ئێستا هیچووپووچی لەناو کۆمەڵگەدا نیشانەکانی دەرکەوتوون :
- سیاسەتمەداری جاران ئەخلاق وقییەمی هەبوو ، ژیانی خۆی بۆ خزمەتی خەڵک وکۆمەڵگە تەرخانکردبوو . رێزی لەقانون دەگرت ، دەستی بۆ سەروەتوسامانی دەوڵەتو میللەت نەدەبرد . ئێستا سیاسەتمەدار قانونی ئەرزوئاسمان دەخاتە ژێر پێیەکانی ، نەک موڵکی دەوڵەت بەڵکو دەست بۆ نانوقووتی منداڵانیش دەبات .
-حزبایەتی جاران لەپێناو خزمەتی گشتی و ئازادی وعەدالەتو خۆشگوزەرانی میللەت بوو ، ئێستا حزب خزمەتی دەزگا ئەمنی و مخابەراتی و جاسوسی لۆ دەوڵەتانی دراوسێ و، قەتڵوعامی میللەت و زەوتکردنی ئازادییەکان وبرسیکردن و سەرانەوەرگرتنی کردووە بە دەستووری حزب و حکومەتەکەی .
- مامۆستای ئایینی جاران کاریان رێنیشاندان و راستگۆیی وهاندانی کاری چاکەو پیاوەتی بوو ، ئێستا زۆربەیان بوونەتە واعزی دەسەڵاتی شەیتانی و کاریان بووە بە جوانکردنی دەسەڵاتی زاڵموستەمکارو خزمەتی ئەجیندای بێگانە .
- کاسبکاری جاران دەستپاک و ئەمینو بە ویژدان بوون ، ئێستا کاسبی بووەتە قۆڵبڕین و خۆ دەوڵەمەندکردن و ساختەچێتی و ژەهر دەرخواردانی میللەت .
ئەوانەو هەزاران دیاردەی نامۆ وناشرین لەناو کۆمەڵەگەی ئەمڕۆدا بڵاوبوویتەوە کە بە قامووسێک جێگایان نابێتەوە . خوا ڕەحممان پێبکا . باقی وەلسەلام .
