یاداشتنامە.. کەس نازانێت داهاتی نەوتی و نانەوتی چی لێ دێت

دوێنێ



 

بەڕێز/ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
بەڕێز/ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتتیمانی کوردستان.
پاش سڵاو...

بەبەڕێزتان رادەگەیەنم کە من وەکو هاوڵاتییەکی هەرێمی کوردستان بە ئەرکی سەرشانی خۆمی دەزانم راشکاوانە لەم نامەیەدا وبە نیگەرانییەکی قوڵەوە ئەوەی لەدڵمدایە بۆتان بنوسم، هەوڵەدەم دەردەدڵی توێژێکی زۆری خەڵکی هەرێمی کوردستانتان بۆ بخەمە ڕو.

لەمیانەی حوکمڕانی هەرێمی کوردستاندا، بەتایبەتی لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ وە چەندین هەڵەی مێژوییتان ئەنجامداوە و لەئاکامدا هەموو ئەم هەڵانەتان بوونەتە هۆی لاوازکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان لە عێراقدا و لاوازبوونی متمانە لەنێوان خەڵک و دەسەڵاتەکەتاندا. هەروەها بوونەتە هۆی دەوڵەمەندبوونی ١٠٪ ی کۆمەڵگای کوردی لەسەر حسابی هەژاربوون و نابووتبوونی ٩٠٪ کەی تری. بەشێک لەم هەڵانە بریتین لە:

1.    نەبوونی یاسایەکی روون بۆ ئیدارەی دارایی لەهەرێمی کوردستاندا، واتە نەبوونی هيچ چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ مامەڵەکردنی لەگەڵ داهاتی گشتیدا، بەجۆرێک کەکەس نازانێت داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێم چەندەو چی لێ دێت.

2.    نەبوونی یاسای بودجەی گشتی هەرێم بۆ زیاتر لە دە ساڵ کەئەمانەش هەمووی پێچەوانەی بنەماکانی شەفافیەت و چاودێری دارایین، بەئەنقەست ویستراوە داهاتە گشتییەکان روون نەبن و نەچنە خەزێنەی گشتییەوە.

3.    پابەند نەبوونی حکومەتی هەرێم بەو رێکەوتننامانەوە کە خۆی واژۆی کردوون لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیدا.لەئاکامدا بوونەتە هۆی ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکان وبەبارمتە گرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم. 

4.    هەرێمتان خستە ژێر باری دەیان ملیار دۆلار قەرزەو، کە تائێستا کەس نازانێت ئەو قەرزانە چەندن و بۆچی کراون و لەکێ کراون و مەرجەکانیان چییە؟ لەکاتێکدا کە تەنها خۆتان و بازنەکانی دەوروپشتتان سودمەندی ئەم پارانە بوون و باڵەخانەکانتان رۆژ دوای رۆژ بەئاسماندا هەڵدەکشێن و زۆرینەی خەڵکیش بەناخی ئەرزدا دەچن.

5.    هەڕەشەکردن لە حکومەتی فیدراڵی و لێدوانی بێ سەروبەر کە لەئاکامدا تەنها خەڵکی هەرێمی کوردستان مووچە بڕاو دەکات و دەیکاتە بارمتەی ناکۆکییەکان.

ئەم خاڵانەی لای سەرەوە تەنها مستێکن لە خەروارێ، بەردەوامیتان لەسەر ئەم پێڕەوە خراپە، ئایندەی هەرێمی کوردستان دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە و متمانەی نێوان هاوڵاتیانی هەرێم و کورسی دەسەڵات لاوازتر دەکات، لەبەر ئەوە با تائێرە بێت و بەس، کاتی ئەوەیە بیرێک لەو مێژووە بکەنەوە کە زیاتر لەسەد ساڵە کورد قوربانی دەدات لە پێناویدا، بیرێک لە ئایندەی هەرێم و خەڵکەکەی بکەنەوە.

ئەمڕۆ لە ساتەوەختێکی هەستیارداین و پێویستە لەسەرتان:
یەکەم: بەرژەوەندی گەلی کوردستان بخەنە پیش بەرژەوەندی بنەماڵەیی و حیزبییەکانتانەوە.

دووەم: یاسای ئیدارەی دارایی هەرێم و یاسای بودجەی گشتی هەرێم دابڕێژن بە جۆرێک کەلەبەرژەوەندی خەڵک و ئابوری هەرێمدا بێت.

سێیەم: پابەندبن بەو رێکەوتننامانەوە کە خۆتان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیدا واژۆتان کردوون، باچیتر خەلکی هەرێم بەتایبەتی مووچەخۆران باجەکەی نەدەن.

چوارەم: کاراکردنی پارلەمانی کوردستان و رێگەدانیان کەنوێنەری راستەقینەی خەڵک بن نەک تەنها پێکهاتەیەکی کارتۆنی بێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانتان.
بەوجۆرە دەتوانن متمانە لەنێوان خەڵک وکورسی دەسەڵاتەکەتاندا دروستبکەنەوەو لەژێر چەتری حوکمڕانییەکی شەفاف و دادپەروەرو کاردا.

حوکمڕانی ٣٤ ساڵی رابردوتان دەرسێکمان فێر دەکات ئەوێش ئەوەیە کە ناتوانرێت میللەتان بەهێزو بە تۆپزی و بە دروشم بەڕێوە ببرێت، بەڵکو بە دانایی و بەدادپەروەری و دەتوانرێت درێژە بەحوکمڕانی بدرێت و هەرێمی کوردستانیش ناتوانێت کیانێکی پاریزراو بێت هەتا نەبێتە هەرێمی دامەزراوەیی نەک هەرێمی بنەماڵەو حیزبەکان.

لەگەڵ رێزو پێزانینی بێ پایانمدا.

              هاوڵاتی /
          کاوان فەرەج عەلی
        سلێمانی / ٢٩/٥/٢٠٢٥

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار