گەردەنەکەی تەیف سامی!

دوێنێ



 

هیوا سەید سەلیم

خەباتی پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا هێندە بێ نرخ و بەهاکراوە چەند دانەیەکیان لەو ڕۆژانە هاتوون دەنوزێنەوە لە بەرامبەر تەیف سامی وەزیری داریی عێراق بەوەی لە بەرامبەر نە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ئەوان گەردەنی ئازاد ناکەن.

ئەو بەڕێزانە نازانن کە یەکێک لە ئەرکەکانی پەرلەمانتاری بریتیە لە چاودێریکردنی حکومەت و لێپێچینەوەی وەزیرەکان لە کاتی جێبەجێنەکردنی ئەرکی سەرشانیان.
ئەو پەرلەمانتارانەی پەنایان بردۆتە بەر گەردەنی تەیف خان خۆشیان بێت یان ترشیان بێت تەیف خان باکی بەوە نییە ئەوان گەردەنی ئازاد دەکەن یان نا

سەد ساڵ پێش ئێستا لە خوولی یەکەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارەیەک پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق پڕۆژەی جیاکردنەوەی باشووری کوردستانیان پێشکەش بە سەرۆک وەزیرانی ئەوسای عێراق کرد و داوایان لە مەندوبی سامی کرد سەرپەرشتی ئەو پڕۆژەیە بکات.

سمایل بەگی ڕواندزی کە یەکێک بوو لەو پەرلەمانتارانەی ساڵی ١٩٢٦ دۆسیەی مافەکانی گەلی کوردستانی بردە پەرلەمانی عێراق ڕۆژێک لە ڕۆژەکان بە وەزیرێکی نەگووت لە بەرامبەر بە فەرمی ناساندنی زمانی خوێندن گەردەنتان ئازاد ناکەم بگرە پيشنیارەکەی کردە بڕیار، لەوساوە خوێندن لە شارو دێهاتە کوردیەکان کرایە کوردی.

بەڕێزینە ئایا دەزانن ڕۆژێک لە ڕۆژان هیچ کام لە پەرلەمانتارەکانی کورد لەو سەردەمەی باسمان کرد نەچوون وەک پەرلەمانتارانی ئێستا پەنا ببەنە بە ڕیش ماچکردنی برا شیعەکان بۆ ناردنی مووچە.
ئای لە چ دۆخێکی خراب داین و نوێنەری هەڵبژێردراوی خەڵک لە بەغدا خەریکی چییە؟!

بەڵام با قسەیەکیش بۆ دز بکەین، ئەوەی پێگەی پەرلەمانتاری کوردی لە بەغدا لاواز کردووە تەنیا لاوزی ئەوان نییە بگرە سیاسەتی چەوتی هەرێم لە مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا، بۆیە  بەغدا لەبەرامبەر هەرێم کراوەتە کەڵەکا.

وا بڕوات دەبێت پێش هەر هەڵبژاردنێکی پەرلەمانی عێڕاق خوولی دەست پانکردنەوە و گەردەن ئازایی بۆ پەرلەمانتاران بکرێتەوە.
کورد لە پێشینان لە خۆڕا نەیگووتوە: « نان بۆ نانەوا گۆشتیش بۆ قەساب»

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار