چ وڵاتێک و چ ژینگەیەکی ئینسانی لە هەرێمدا دروستکراوە؟

دوێنێ
مەریوان وریا قانع
لە دوای دەستگرتن بەسەر بازرگانی نەوت و ئابوری ولاتەکەدا، ژینگەیەک دروستبووە تیایدا، لە سەرێکەوە، ملیۆنێر و ملیاردلێری بێئیش و بێکار و بێهونەر دروستدەبن، بەڵام لە سەرێکی دیکەوە، ژمارەیەکی گەورە لەو مرۆڤانەی لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین. ئەمەش ئەو مۆدێلی حوکمڕانیی و وڵات بەڕێوەبردنەیە کە سەروەرکراوە.
دوو شارەزای ئەم بوارە ئەم وێنە ترسناکەی هەژاریی لە هەرێمدا دەخەنەڕوو. یەکەمیان کوێستان محەمەد، وەزیرى کاروکاروبارى کۆمەڵایەتىە. دووهەمیان دڵشاد محەمەد، بەڕێوەبەرى گشتیى دیوانى وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتی.
لە قسەکردنیاندا بۆ کەناڵ ٨ ئەم وێنەیە دەکێشن:
«بە گوێرەى ئامارێکى فەرمى لە ماوەى 13 ساڵی رابردوودا 122 هەزار خێزان لە هەرێمى کوردستان لە رووی داهاتەوە هاتوونەتە ژێر هێڵی هەژارییەوە و داهاتى مانگانەیان ناگاتە 185 هەزار دینار.»
کوێستان محەمەد بە کەناڵ ٨ دەڵێت: "205 هەزار خێزان لەهەرێمى کوردستان داهاتى مانگانەیان لەخوار 185 هەزار دینارەوەیە و هەرچەندە داواکراوە لە بەغداد بودجە بۆ ئەو ژمارە خێزانە دابینبکات، بەڵام هیچ بودجەیەکى بۆ تەرخان نەکردوون".
دڵشاد محەمەدیش لە رێگای هەمان کەناڵەوە دەڵێت: "تاوەکو ساڵى 2012 لە هەرێمى کوردستان 83 هەزار خێزان لە خوار هێڵى هەژارى تۆمارکرابوون، بەڵام پاش 13 ساڵ ئامارەکە بۆ 205 هەزار خێزان زیادیکردووە.
هەموو ئەمانە لەکاتێکدا حوکمڕانانی هەرێم وەک خێزانە ملیاردلێرەکانی خەلیجیان لێدێت و هەمان مۆدێلی ژیان و حوکمرانی گەشە پێئەدەن، لەکاتێکدا کۆمەڵگاکە بەرەو بەسۆماڵبوون و یە یەمەنبوون دەڕوات. ئەگەر هەرخێزانێک لەو ٢٠٥ هەزار خێزانە لە ٤ یان ٥ کەس پێکهاتبێت، ئەوا ژمارەی گشتیی ئەوانەی لە هەرێمدا لە ژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین زیاد لە ملیۆنێک مرۆڤە.
