پارتی و سەرکێشیی

3 ڕۆژ لەمەوپێش



سەردار عەزیز

لە نوسینەکەی چەند ڕۆژی پێشومدا باسم لە چەمکی سەرکێشی یان ڕسک کردبوو لای پارتی. هەندێک ئارگومێنتی ئەوەیان هەبوو کە پارتی یان کورد بژاردەی تری نیە جگە لە سەرکێشی بۆ دەرچوون لە دۆخەکە.

با کەمێک لە سەر ئەم دیدە بوەستین.
پارتی وەها دەبینێت کە دەبێت کەرتی غازی کوردستان گەشە بکات.
ئەم خواستە ڕێگریی زۆرە، لە سەروی هەمویانەوە ئێران، لە ڕێگای عێراقەوە. 
پارتی چۆن سەرکێشی دەکات؟

پارتی وەهای دەبینێت بۆ دەرچوون یان زاڵبون بە سەر ڕێگرییە عێراقیە ئێرانیەکاندا، دەبێت هەرکاتێک دۆخێکی نێودەوڵەتی هاتە ئاراوە، بقۆزرێتەوە. بۆ نمونە لە کاتی هێرشی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، پارتی وەهای زانی دەرفەتە و دەبێت هەوڵ بدات. بەڵام ئێران ڕاستەوخۆ هاتە وەڵام. 

لە هەمانکاتدا یەکێتی ئەو کاتە بەشداری پێنەکرابوو، بۆیە ئەو کاتە، بافل تاڵەبانی قسە بەناوبانگەکەی کرد کە: مەگەر بە سەر لاشەمدا غاز بروات.
پارتی لە هاتنەوەی ترەمپ و گۆرانکارییەکانی ناوچەکە، هەستی کرد زەمینە هەیە بۆ سەرکێشییەکی تر، ئەمجارە بۆ کەمکردنی مەترسیی سەرکێشییەکە پارتی یەکێتیشی بەشدار کرد. یەکێتی مەیلی هەیە بەڵام هێشتا قسەی خۆش نیە، وەک گۆرانییە کوردییەکە دەڵێت.

بەڵام ئەمجارە عێراق، بە توندی هاتە سەر خەت و پرسی موچەی کرد بە چەک بۆ ڕێگریی لە سەرکێشی دەرهێنان و هەناردەی زیاتری غاز.
پرسی موچە، پرسێکی زۆر ئاڵۆزە کە عێراق و ئێران دەتوانن دژ بە نوخبەی سیاسی هەرێم بیکەن بە چەک، لە کاتێکدا موچەخۆر خۆی لە بنەڕەتدا چەکی دەستی یەکێتی و پارتی بوو، بەڵام ئێستا ئەو چەکە تەقە لە خۆیان دەکات.

لەم پاشخانەوە کەمێک باس لە چەمکی سەرکێشی بکەین.
لەم دۆخەدا ڕسک یان سەرکێشی یانی هێزێک یان لایەنێک لە دۆخێکدایە کە دەرچون لێی ئاسان نیە، بەڵکو دەبێت بە دوای دەرفەتێکدا بگەڕێت هەتا سەرکێشی بکات، بە تایبەتی کاتێک ئەگەری پەرچەکرداری ئەو سەرکێشییە کەمترە یان تەحەمول دەکرێت. 
جاری یەکەم لە سەروبەری شەڕی ڕوسیادا پارتی ویستی بە تەنها سەرکێشی بکات یەکێتی بوو بە بەربەست بە تایبەتی کاتێک غاز بە زۆری لە زۆنی یەکێتیدایە. ئەمجارە بە بەشداری یەکێتی کەمێک مەترسی کەمبوەوە، بەڵام عێراق و ئێران لە پشتەوە مەترسییە گەورەکەن. 

ئێران پەرەدان بە غاز وەها دەبینێت ڕاستەوخۆ بە ئامانجی کەمکردنەوە یان کۆتاییهێنانە بە هەژەمۆنیەتی لە عێراقدا. ئەمریکیەکان ئەمە ناشارنەوە و بەردەوام هەوڵدەدەن بەڵام ئێرانیەکان بونیاد و گەمەکانیان کاریگەرترە، لە ئەمریکییەکان، هەتا ئێستا.
لە ڕاستیدا لە قازانجی عێراقە ئەگەر هەرێم غاز دەربهێنێت  چونکە غاز پێویستە بۆ کارەبا، گەورەترین سەرچاوەی بەفیڕۆدانی داهاتی عێراق، لە هەمانکاتدا بە هۆی گۆرانی ژینگە و دابەزینی نرخی نەوت و زۆربونی دانیشتوان و زۆر هۆکاری تر لە قازانجی عێراقە کە غاز زیاتر بێت.

بەڵام نوخبەی شیعە لە ڕویەکی ترەوە بیر دەکەنەوە، ئەویش مەترسی لاوازبونی دەسەڵاتیانە.
ئێستا ئێمە لە قۆناغی مەترسییەکانی سەرکێشییەکانداین. 
پارتی دەبێت زەمینەی باشتر بسازێنێت بۆ سەرکێشی، ئەگەر سەرکێشی بژاردەیەکی گونجاو بێت. بۆ نمونە، پەیداکردنی شەرعیەت بۆ کەرتی وزە و داهاتەکانی، چونکە کاتێک داهاتی سامانی سروشتی و موچە پێکەوە گرێدەدرێت ئەوا سامانی سروشتی قەیرانی شەرعیەتی بۆ دروست دەبێت.

کەواتە بونی شەرعیەتی ناوخۆیی، نەک تەنها یەکێتی بەڵکو فراوانتر. لە ڕێگای شەفافکردن، بە دەزگاییکردن، بە یاساییکردن. کەرتی وزە پێویستی بە حەکایەتێکی جیاوازترە، لەو  حەکایەتە پڕ غرورەی کە ئاشتی هەورامی [بە کوردییەکی دوکەڵاوییەوە] دایڕشت و هەتا ئێستاش بەردەوامی هەیە. 
ڕەنگە کەرتی غاز کە ڕەهەندی جیوپۆلەتیکی زیاترە، گونجاونەبێت لە کاتێکی هەستیاری جیوپۆلەتیکدا یاری پێبکرێت، ئەمە پێچەوانەی تێزی پارتیە کە وەها هەست دەکات لە کاتی شڵەژانی جیوپۆلەتیکیدا، کاتی گونجاوە بۆ جوڵە.
نابێت لە پەرچەکرداردا نوخبەی عێراقی زیاتر بەرەو ئێران پاڵبنرێن. ئەمە دەبینین کاتێک سەرکێشییەکان توشی پەرچەکردار دەبن. 

بۆیە ئەگەر سەرکێشی میتۆدتە، دەبێت زەمینەی بۆ بسازێنی، نەک وەک شۆکێک ڕەفتاری لە گەڵدا بکەیت. چونکە ئەوە بنەمای بێ متمانەیی و ترس دروست دەکات لە لای ئەویتر. 
ئەم پرسە ئاو زۆر دەکێشێت، چونکە ئەگەر ڕسک، میتۆدە، ئەوا دەبێت سروشتی  ڕسک و ڕسک ئەنالییسی یان ڕاڤەی سەرکێشی بونی هەبێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار