هەرێم لە نێوان ئەمەریکاو عێراق دا
.jpg)
3 ڕۆژ لەمەوپێش
دڵشاد ئەنوەر
زۆر قسە لەبارەی پشتگیریکردنی کورد لەلایەن ئەمەریکاوە لە دژی عێراق دەکرێت، بەڵام بەورد بوونەوە لە گۆڕانکاری و بارودۆخی ناوچەکە، تێدەگەین مەسەلەکان بەو جۆرە نین بەڕەهایی بڕیاریان لەبارەوە بدرێت.
لەئێستادا ئاراستەی کارکردنی ئەمەریکاو ڕۆژاوا و چۆنیەتی مامەڵەکردنیان لەگەڵ گۆڕانکارییەکان تا ڕادەیەک گۆڕاوە، بەتایبەت ئەوان دەیانەوێت لەناوخۆی ئەو وڵاتانەوە گۆڕانکاری بکەن کە نەیارن لەگەڵ سیاسەتەکانیان و دژی بەرژەوەندییەکانیان دەجوڵێنەوە.
بۆ نموونە، لەبەرامبەر لاوازبوونی حزبوڵا، کار بۆ بەهێزکردنی حکومەتی لوبنان دەکرێت. ئەسەد خراو بەدیلێکی عەرەبی سوری بۆ دانرا. کار بۆ لاوازکردنی حوسییەکان و بەهێزکردنی رکابەرەکانیان لەناو یەمەن دەکرێت. حەماس ئاگر باران دەکرێ و بایەخ بە مەحمود عەباس دەدرێ، بۆیە لەم ڕوانگەیەوە دەکرێت بڵێین؛ سیاسەتی نوێی ئەمەریکا و ڕۆژاوا ئەنجامدانی گۆڕانکارییە لەنێو خودی سیستەمەکاندا.
دوای ئەو وڵاتانەی ئاماژەم پێکرد، عێراق تەنها وڵاتە تا ئێستا هێزە شیعەکان هێرشی چریان نەکراوەتە سەرو تاڕادەیەک زاڵن بەسەر حکومەتدا، بۆیە هەست بەپاڵپشتی رۆژاوا بۆ حکومەتی عێراق دەکرێت و لۆبی جو بەچڕی کار بۆ ئەمە دەکات.
لێرەوە تێدەگەین، مادام ئەمەریکا خواستی ئەوەی هەیە حکومەت بەسەر میلیشیادا زاڵ بکات بەڵام بە گرتنەبەری ڕێگەی نەرم، کەواتە ناشیەوێت کورد لە چوارچێوەی عێراق دا گرفت بۆ حکومەتی ناوەندی دروست بکات و پلانەکەی لێ تێکبدات، بەتایبەت لێدوانی بەرپرسانی ئەمەریکا جەختکردنەوەیە لەسەر پاڵپشتیکردنی حکومەتی عێراق و ئاماژەدانیشە بە گرنگی ڕۆڵی کورد لەچوارچێوەی عێراق دا.
ڕەنگە بگوترێت، بەرپرسانی هەرێم لەلایەن بەرپرسانی باڵای ئەمەریکاوە بینراون و پاڵپشتییان بۆ دووپاتکراوەتەوە، ئەمە واتای خۆ یەکلایی کردنەوەی ئەمەریکا نییە بەلای هەرێم دا ، چونکە بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا سەرکردە عێراقییەکانیش دەبینن و بەدڵی ئەوانیش قسە دەکەن.
ئەوەی ڕوونە ئەوەیە، ئەمەریکا لەگەڵ دروستکردنی بارگرژی و لێدوانی توندی بەرپرسانی عێراق و کورد لە دژی یەکتری نییە، بەڵکو لە ئێستادا خاوکردنەوەی بارگرژییەکان و کاری پێکەوەیی و چارەسەرکردنی کێشەکانی دەوێت.
سەبارەت بە هەرجوڵەیەکی دادگای فیداڵی و خۆ بەخاوەنکردنی لەلایەن هێزە جیاوازەکان، دیوی پشتەوەی ڕووداوەکان زۆر جیاوازە، ناکۆکی نێوان پارتی و چوارچێوەی هەماهەنگی لەپڕ نەتەقییەوە، بەڵکو پێشینەی هەبووە.
هێزە شیعەکان نیگەرانن لە مامەڵەی پارتی لەگەڵ ئەمەریکا، گومانیان هەیە لە پاڵپشتی پارتی بۆ سونەو ترسیان لە پلانی پشت پەردە هەیە، بۆیە پێش کێشەی موچە، بڕیاریان دابوو وەفدێک بنێرنە لای بارزانی و بەڕاشکاوانە قسەی لەگە ڵ بکەن، بەڵام مەسەلەی موچەو لێدوانە توندەکان ڕووداوەکانی پێشخست.
دەربارەی جوڵەی دادگای فیدراڵی، سکاڵا پێشتر تۆمار کراوەو لە ژێر ڕەفەی دادگا تۆزی لەسەر نیشتووە، هەرکات دۆخی سیاسی پێویستی بە زیندوو کردنەوەی بوو، زینووی دەکاتەوە تا سودانی لەو دۆخە موحریجە دەرباز بکات کەلەسەر ڕاگرتنی موچەی هەرێم تێیکەوت.
واتە دادگای فیدراڵی ڕۆبۆتێکەو لەکاتی پێویستدا بڕیاری پێدەردەکرێت، ئەمە هیچ پەیوەندییەکی بە هەرێم و لایەنی ناو هەرێمەوە نییە.
گەر دادگای فیدراڵی بڕیاری تری حاسم دەرنەکات و هەندێک پرس بەلێڵی بهێڵێتەوەو یەکلایی نەکاتەوە، ڕەنگە مانگەکانی تر مەسەلەی موماتەڵەکردن بە موچەی هەرێم سەرهەڵبداتەوە.
