سەردەمی هیچووپووچی ( بەشی دووەم )

2 ڕۆژ لەمەوپێش



 

نوسینی : شێرزاد شێخانی

لەسەردەمی ئەخلاقبەرزی کۆمەڵگەی کوردەواریدا زۆر بە دەگمەن ئوستازەکی جامیعەت لەسەر شەقامەکان یاخود لەناو چایخانەیەک ، تەنانەت لەشوێنێکی گشتیشیدا دەبینی . مامۆستای زانکۆ ئەوەندە بەشانوشەوکەتو هەیبەت و فەخامەت بوو ، تەنها لەناو حەڕەمی جامیعەو لەکتێبخانە گشتییەکاندا دەبینران . دیارترینیان لەپەنجەی دوو دەست تێنەدەپەڕین کەوا خەڵک بیانناسن. 

لەو سەردەمەی هیچووپووچی ئێستادا ، مامۆستای زانکۆ بوویتە قەشمەڕی سەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان ، بۆ سووکایەتی کردن بە زانکۆش قسەی هیچووپووچانەو درۆودەڵەسەیان پێدەکەن . لەولاشەوە هەرچی منداڵی بەردەرکی سینەماکان هەیە بە بیست وەرقە شەهادەی ماجستێری پێدەدرێ و بە پەنجا وەرقەش شەهادەی دکتۆرا ، ئەگەر کابرا تەزکییەی حیزبیشی پێبێ ، ئەوە شەهادەکەی بە ( مرتبة الشرف ) پێدەبەخشرێ ، لەکاتێکدا خۆی ( بێشەڕەفە) و شەهادەکەشی بەبێ شەڕەفانە وەرگرتووە . لەبۆیە ئێستا خاوەن دکتۆرا ژمارەیان لەدەسکە کەوەرو کەرەوزی بازاڕیش زیاترە !.

بە هەمان عەقلییەتی شێخ رەزای مودیر شوڕتەی ساڵانی حەفتایەکان کە هەرچی دزو شەقاوەکانی هەولێری وەکو شورتەی ( لا خەبەر) دامەزراند بە فەلسەفەی خۆی ( لەبەر دەستمان بن باشتر چاودێرییان دەکەین ) !. ئێستا کەسانێکی بەڵتەچی و پیاوکوژو سەرسەری کۆنە جاشوبەعسی بۆ جاسوسی و شەقوەشاندن لەدەزگا ئەمنیەکان دامەزراون بۆ ترساندن و چاوسوورکردنەوە لەخەڵک .

ئیعلامی جاران سەرباری ئەوەی حزبی بەعسی شۆفینیزم و قەومەچی بەڕێوەی دەبرد ، بەڵام تەلەفزیۆنەکەیان بابەتی سوودمەنی بۆ خەڵک بڵاودەکردەوە ( العلم للجمیع ، الثقافة الصحية ، المجلة الثقافية ، الارشاد الفلاحي ). ئێستا بێژەرەکانمان تەنانەت زمانی کوردیش نازانن و هەواڵەکانی سەعات هەشتی ئێوارەش بێشەرمانە باس لەشکانی ( زەکەری) پیاویش دەکەن !.

لەکابرایەکیان پرسی : وەزعی ژیان چۆن ئەبینی دوای دەرچوونت لەزیندان ؟. لەوەڵامدا ووتی : وەزعی ژیان وەکو نوێژەکەی  ناو زیندانە ، بانگدەرەکە ( دزە ) ، ئیمامەکەش ( حەشیشەخۆرە ) ، نوێژکەرەکانیش چەتەو رێگرەکانن !.
کۆمەڵگەی ئێمەش ئێستا لەهەمان قۆناغدایە . باقی وەلسەلام ..

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار