مۆدێلی هەرێم لە کوێ دەچێت؟

2 ڕۆژ لەمەوپێش



سلێمان عەبدوڵا یونس

سیستەمی حزبی لە کوردستان سیستەمێکی ئاڵۆزە، واتە سیستەمێک نییە بتوانین بەدوای هاوشێوەکەیدا بگەڕێین، بۆ نمونە سیستەمی حزبی بریتانیا سیستەمێکی دو پارتییە، یان بەلجیکا کە بە سیستەمێکی سێ پارتی بەڕێوەدەبرێت، یان بەراوردی بکەین بە مۆدێڵی ئەسکەندەنافی، کە چوار پارتییە، یانیش فڕەنسا کە سیستمێکی زیاتر فرەییە و بەسەر دو بەرە و هاوپەیمانی ڕاست و چەپدا دابەش بوە.

لە کوردستان دو حزبی بەتەواوەتی زاڵ هەیە کە بە کەڵکوەرگرتن لەو سەرچاوانەی لەبندەستیانن و پاڵپشت بە هەلومەرج و دۆخی سیاسی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لەقەبارەی حزبی نۆرماڵ دەرچون و بون بە ژینگە و مەشینی دێوەزمەئاسای سیاسی لەناو کۆمەڵگا گەورەکەدا. لەبەرامبەریشدا چەند رێکخراوێکی ئایدیۆلۆجی و چەند پارتێکی دەنگدەرانمان هەیە کە ناچنە چوارچێوەی پارتی جەماوەری و ناشکرێت وەکو حزبی دەنگدەران پێناسە بکرێن، ئەوەش بەهۆی ئەوەی مۆدێلی پارتی جەماوەری پەیوەستە بە کۆمەڵێک بنەما و ڕەگەزەوە کە لەناو ئەو پارتە کوردیانەی خۆیان بە بزوتنەوەی جەماوەری یان پلاتفۆڕمی هەڵبژاردن دادەنێن، ئەو پێوەر و مەرجانە بونیان نییە.

سەبارەت بەجۆری یەکەمیان (یەکێتی و پارتی) ئەوانە حزبی یەک کەسن، نەک پارتی کەسایەتی چونکە جیاوازی ڕون هەیە لە نێوان مۆدێلی حزبی تاکە کەس و پارتی کەسایەتییەکان. بۆ نمونە پارتی گردبونەوە لە پێناو کۆمار لە فڕەنسا بە رێبەرایەتی دیگۆڵ، یان وەکو حزبی یەکیەتی ئیشتیراکی عەرەبی بەسەرۆکایەتی جەمال عەبدولناسڕ، یان کۆنگرەی نیشتیمانی هیندی کە پارتەکەی مەهاتما گاندی بو. ئەو پارتانە دەکرێت بەئاسانی وەکو حزبی کەسایەتییەکان بناسرێنەوە ئەوەش بەدانپێدانان بە هەژمونی کەسایەتی و کارێزمایی سەرکردەکانیانەوە، بەڵام لە کوردستاندا مۆدێل و فۆڕمی دو پارتە گەورەکە تەواو جیاواز و تاڕادەیەکی زۆریش نامۆیە. ئەو کاراکتەرانەی لە کوردستان سەرۆکایەتی ئەو  دو حزبە دەکەن هیچ کامێکیان نە لەروی کەسایەتیەوە و نە لەلایەنی باکگراوندی فەلسەفی و سیاسیانەوە بە دیگۆڵ و جەمال عەبدولناسڕ و گاندی بەراورد ناکرێن.

لێرەدا لەپێناو زیاتر زامنکردنی فەرمانڕەوایی بنەماڵەیی و درێژەدان بە ستایلی پشتاوپشتی دەسەڵات، ئەم دو پارتە خۆیان ئێستا نەک هەر ڕێبەرایەتی دەسەڵات دەکەن بەڵکو ئاڕاستەکەری ئۆپۆزسیۆنیشن لەناو زۆنەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیاندا. یەکێتی و پارتی بەکەمتر یان زیاتر لە پەنجابەپەنجا هەر خۆیان دوهێزی دوبارەی بەڕێوەبەری کوردستانن و هەر خۆشیان بە تاکتیکی جۆراوجۆر و لەبەرگی جیاوازدا ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن و گروپەکانی فشار لەناو زۆنەکانی خۆیان دەگێڕن و لەڕوی مەیدانیەوە، ئەوان ڕۆڵگێڕی یەکەمن لەبەرامبەر سیاسەتی حوکمڕانی لەزۆنی بەرامبەردا، بۆ ئەمەش دەکرێت ئاماژە بە هەڵمەتی پڕوپاگەندەی میدیای یەکێتی بکەین لە سلێمانی لەسەر پرسی موچە و هەژماری من لەڕێگای گروپگەلی ناڕازی و بەناو ئۆپۆزسیۆنەوە یاخود ئاماژە بکەین بەو چالاکی و گردبونەوە رێکخراوانەی پارتی دیموکراتی کوردستان کە بانگەشەی پێچەوانەوە بۆ پرسی موچە و هەژماری من ڕێکیدەخست.

سیستەمی سیاسی کوردستان وەک چۆن لەناوخۆدا گیرۆدەی هەژمونی دو پارتی بنەماڵەییە کە لە بنەڕەتدا بەشێوەیەکی ناقۆڵا کانتی سیاسی و  ئابوری و ئیداری و ئەمنی و چەکدارین، لەهەمانکاتدا لە ئاستی دەرەکیشدا لە ژێر هەژمونی فراوانخوازی دو زلهێزی هەرێمییدایە کە ئێران و تورکیایە. ئەوەش بەو مانایەی کۆی ئەو سەرکەوتن و ژێرکەوتنەکان کە دۆخی ئەمڕۆیان لە سلێمانی بەرهەمهێناوە پەیوەستن بە یەکێتی و لەبنەڕەتیشدا بە ناڕاستەوخۆ پەیوەندیدارن بە پاڵپشتی ئێرانەوە. هەرچی پەیوەندیداریشە بە دۆخ و پێگەی هەرێمی کوردستانەوە ئەوا لە ئەستۆی پارتییە کە بە هاوکاری تورکیا و لە شەڕی ناوخۆوە بۆ ئێستا براوەی یەکەم و هێزی یەکەم و بڕیاردەری هەرێمی کوردستانە و کۆی دامەزراوە سەرۆکایەتیەکانی هەرێم لەلایەن ئەوەوە کۆنترۆڵکراون.

لەڕاستیدا ئاسۆی گۆڕانکاری و زەمینەی قۆناغ و سەردەمی نوێ بۆ هەرێم وابەستەیە بە گۆڕانی ئەو سیستەمە سیاسی و ناوچەییەی ئەم دۆخەی هێناوەتە ئاراوە کە ئەوەش گرێدراوی زیاتر لە هاوکێشەیەکی جیهانییە. وەک دەزانین پرەنسیپەکانی لیبڕالیزمی نوێ و دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ كه‌ ئەمریکا لەناو سیستەمی نوێی جیهانیدا بانگەشەی بۆ دەکات، بەڵام لەئەمڕۆدا شەڕکردن بۆ ئەو بەهایانە لای ئەوانیش بەئەندازەیەکی زۆر کاڵبونه‌تەوە و ئێستا ئەوان چیتر نەک مایەی هیوا نین بۆ برەودان یان بڵاوکردنەوە و چەسپاندنی ئەو چەمکانە لە جیهاندا بەگشتی و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی، بەڵکو بون بەهەڕەشە لەسەر دامەزراوە گرنگە ئەکادیمی و زانستیی و میدیاییەکانی خۆشیان!

لەم نێوەندەشدا بانگەشەکانی دەستەبژێری ئۆلیگارکی کورد بۆ ناساندنی هەرێم وەک نمونەی بەڕێوەبردنێکی ئەمریکی ڕەنگە بە دیوی چاوچنۆکانەی کاپیتاڵیزم و لیبڕاڵیزمی ئابوری و بەدیوە نێگەتیڤەکەیدا بۆ بێ بایەخکردنی بەهاکانی ئازادی و دیموکراسی و مافی مرۆڤ نزیک بێت لە ڕاستی. بەڵام بەدیوی حوکمڕانی بەرپرسیار و نیشتیمانی و  دادپەروەر رەنگە قەت گەلی کورد لەم بەشەی باشوردا بەرادەی ئێستا لەکوردبونی خۆی رەنجاو و زەبون و زەلیل نەبوبێت و لەناو تاریکترین ڕۆژگارەکانی ناو مێژوی خۆیدا، خەمی نان ڕێڕەوی بەدیهێنانی خەونەکەی لەئازادی و هەڵکشان بەرەو لوتکەی کوردستانیبون و خواستی سەربەخۆبونەوە ڕوەو داکشان بەرەو خەڕەندی سەردانەواندن و ژێردەواری عێراقیبون نەگۆڕیبێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار