لە نێوان سوێند و سەرۆکایەتی: چیرۆکی ناڕوونی یاسایی لە هەرێمی کوردستان

2 ڕۆژ لەمەوپێش
نوسەر و یاسایی سلێمان مستەفا حەسەن
ڕۆژی ٢٦ /٦/ ٢٠٢٤ سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەرسوومی دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی دەرکرد، بە پێی ئەو مەر سوومە ڕۆژی ٢٠ /١٠ / ٢٠٢٤ وەک ڕۆژی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیار کرد.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی ئیتیحادی لە ڕۆژی دیاریکراودا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی ئەنجام دا، دوای یەکلایی کردنەوەی تانەکان لە لایەن دەستەی دادوەری هەڵبژاردن، لە ڕۆژی ٢٤ /١١ /٢٠٢٤ بەپێی کۆ نووسی ژمارە (٤٤) بڕیاری ژمارە (٤) ئەنجوومەنی کۆمسیاران ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد.
بەپێی ڕێک کارەکانی یاسا بەرکارەکان وەک لە ماددەی (٤٧، ٤٨) یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و یاسای سەرۆکایەتی هەرێمدا هاتووە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەر سوومی هەرێمی بۆ دانیشتنی یەکەم کۆ بوونەوەی پەرلەمان دەرکرد، لەبەر ڕۆشنایی ئەو مەر سوومە هەرێمییە ڕۆژی ٢ /١٢/ ٢٠٢٤ بەربژێرە دەرچووەکان سوێندی یاساییان خوارد، پاڵپشت بە ماددەی (٤٧، ٤٨، ٥١) لە یاسای پەرلەمانی کوردستان و یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، ماددەی (١٣) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان خولی (شەشەم) واتە خولی نوێی پەرلەمان بەفەرمی دەستی پێ کرد وەک لە دەقی ماددەی (٥١) دا هاتووە (ماوەی پەرلەمان چوار ساڵە، لەیەکەم دانیشتنییەوە دەست پێ دەکات، لە دوا دانیشتنی ساڵی چوارەمدا کۆتایی دێت).
پرسیارێکی بەجێ ئایا ئەنجامەکان پەسەند کران؟ وەڵام بەڵێ. ئایا پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خوارد؟ وەڵام بەڵێ، ئایا خولی شەشەم دەستی پێ کرد؟ وەڵام بەپێی حوکمی ماددەی (٥١) لە یاسای هەڵبژاردن کە تێیدا هاتووە (ماوەی پەرلەمان چوار ساڵە، لەیەکەم دانیشتنییەوە دەست پێ دەکات، لە دوا دانیشتنی چوارەمدا کۆتایی دێت) وەڵام بەڵێ.
هەر وەک ماددەی (١٣) ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانە دان بەوە دا دەنێت کە لە ڕۆژی سوێند خواردنەوە بەربژێران دەبن بە ئەندامی پەرلەمان، بە ورد بوونەوە لەم دەقە یاسایانە هەڵنەبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان کارێکە پێچەوانەی یاسا بەرکارەکانە، چونکە خولی یاسادانان دەستی پێکردووە، پەرلەمانتاردان سوێندیان خواردووە و بوونەتە پەرلەمانتار و مافەکانیان دەستەبەر بووە، نزیکە ٦ مانگ لە تەمەنی خولی شەشەم دا تێپەڕیوە.
ئەگەر بیانووە ئەوە بێت کە ئاسای و یاساییە سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵنەبژێردرێت و چونکە بڕگەیەکی یاسایی و دەستووری نییە ڕێگر ببێت لەم بەناو حیلە یاساییە بە گەڕانەوە بۆ یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و دەستووری کۆماری عێراق ساڵی ٢٠٠٥ دەتوانیین بڵێن ئەوەی لە پەرلەمانی کوردستان ڕوو دەدات کارێکە پێچەوانەی ماددەی (٥١) یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و یاسای سەرۆکایەتی هەرێمە، هەروەها ئەم پەکخستنەی کاری پەرلەمان پێچەوانە و ناکۆکە لە گەڵ حوکمەکانی ماددەی (٥، ٦، ١٣، ٢٠، ٥٦، ١١٧، ١٤١) دەستووری هەمیشەیی عێراقە.
سەرەڕای ئەوەی کاری پەرلەمان پەکی کەوتەوە، بەپێی یاسای کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ژمارە (١) ی ساڵی ٢٠١٩ماوەی یاسای و کار بەڕێکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش تەواو بووە، لە بڕگەی یەکەمی ماددەی (٥) یاسای سەرۆکایەتی هەرێم ماوەی تەمەنی سەرۆکایەتی هەرێم بەندە بە خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لە ئێستاشدا هەڵبژاردن کراوە ئەنجامەکان پەسەند کراون، پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خوار دووە، کەواتە ئەگەر بپرسین ئایا کاری سەرۆکی هەرێم تەواو بووە، تەنیا پرسیارێکە؟ ئایا دەکرێت بە بڕگەی دووەمی هەمان ماددە خۆمان لەو بەرپرسیاریتیە بشارینەوە. بەپێی کات بەندی کارنامەی هەر خولێکی پەرلەمان، دوای سوێند خواردنی پەرلەمانتاران و دەست پێکی خولی نوێی یاسادانان دەبێت لە ماوەی (٣٠) ڕۆژ لە دەست بەکار بوونی پەرلەمان و یەکەم کۆ بوونەوەی دەبێت سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردرێت بۆ ئەوەی دوای هەڵبژاردنی هەستیت بە ڕاسپاردنی کوتلەی پەرلەمانی بە پێکهێنانی کابینەی نوێ، لە ئەگەری سەر نەکەوتنی لە پێکهێنانی کابینە بۆی هەیە پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە، بۆیە ئەو سکاڵایانەی لە لایەن (چەند پەرلەمان تارێک) تۆمار کراوەن بە ژمارە (٨٨، ٩١) ئیتحادیە ٢٠٢٥ لە دادگای فیدراڵی لەسەر سەرۆکی هەرێم، کارێکی یاسایی دروستە کە لەبەرامبەر سەرپێچی بنەماکانی یاسا و دەستوور پەنا بۆ دادگا ببرێت.
لە لایەکی تر کارەساتە بۆ ئەم ئەزموونە چ ڕەوایەکە دەستوورمان نەبێت و هەر بەڕێگای بەغداوە بین سکاڵا لەسەر خۆمان تۆمار بکەین و پەند لە ڕابردوو وەرنەگرین، ئەگەر هەرێم بۆ پاساوەکانی بگەڕێتەوە بۆ هەر دوو بڕیاری دادگای فیدراڵی بە ژمارە (٢٤ ئیتحادیە) لە ٢٠٢٢ و بڕیاری دادگای فیدراڵی بە ژمارە (٣٢٢ئیتحادیە) لە ٢٠٢٣ خۆدزینەوەیە لە پەڕ پرسیاریەتی یاسایی و ئەو سوێندەی پەرلەمانتارانی کوردستان خوارد و یانە وەک لە ماددەی (٤٧) یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا هاتوە (بەخوای گەورە سوێند دەخۆم کە پارێزگاری یەکێتی گەل و خاکی کوردستان-عێراق و بەرژەوەندییە باڵاکانی بکەم) هەر وەها ماددەی (١٢) پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان تاران سوێند دەخۆن و بەپێی ماددەی (١٣) پەیرەی ناوخۆ بە پەرلەمانتاری دەست بەکار بوو هەژمار دەکرێن، لە ماددەی (١١) پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن لە یەکەم کۆ بوونەوە پەرلەمان هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی و سوێند خواردنی تێدا دەکرێت، دەکرێت لێرەدا پشت بە بنەمایەکی یاسایی ببەستین کە جەخت دەکاتەوە لە (لا مساغ للاجتهاد في مورد النص) بۆیە ئەم دۆخە هیچ پاساوێک و ڕاڤەیەک و ئیجتهادێک قبوڵ ناکات
لەهەمان کاتدا نەبوونی ماددەیەکی یاسایی کە ئاماژە بەو دۆخە بکات کە پەرلەمانی تێکەوتووە بە مانای پێدانەی ڕەوایەتی و شەرعیەت دان نییە بەم پێشەڵکاریە یاسایی و دەستوورییە، ناکرێت پەرلەمان دەست بەکار بێت و خولی یاسای دانان دەستی پێکردبێت ڕێگای لە ئەرکی پەرلەمان بگیرێت بۆ تەواو کردنی کارنامەی کارە لە پێشینەکانی، لە ڕەوایەتی دان بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و متمانەدان بە سەرەک وەزیران و کابینە و کارنامەکەی، باشتر وایە پێش وادەی دابینی لەلایەن دادگای فیدراڵی پەرلەمان بە ئەرک و بەرپرسیاریەتی خۆی هەستیت، لە کۆتایی دا دوای ٦ مانگ، کە دەکاتە ١٨٠ ڕۆژ پەرلەمانێکی سوێند خواردوو، بەڵام بێ سەرۆکمان هەیە.
لەرووی سیاسیشەوە کارێکە پێچەوانەی بەرژەوەندیە باڵاکانی گەلی کوردستانە و ئەزموونی هەرێمی کوردستانە، داواکاری دۆستانی گەلەکەمان لەم بارودۆخە تەبایی و یەکگوتاری ناو ماڵی کوردە، موچەخۆرانی هەرێم نان بڕاو کراون، ماددەی ١٤٠ جێبەجێنەکراوە، یاسای نەوت وگاز، یاسای دادگای فیدڕالی، یاسای ئەنجومەنی فیدراڵی، یاسای پاراستنی مافی هەرێمەکان و پەسەند کردنی دەستووری هەرێم، هەموو ئەو ئەرکانە بە یەکریزی و هەماهەنگی و پەرلەمانێکی بەهێزو حکومەتێکی بەهێز دەکرێن، بۆیە ئەرکی حیزبە براوەکانە ئەو زەمینەیە برەخەسێنن، نەدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە پێش جەژنی قوربان پەیامێکی ڕوونی برا چاو ڕەشەکانە بۆ گەلی کوردستان، پەیام لەوە ڕوونترو ڕاشکاوتر؟.
