سەردەمی هیچووپووچی ( بەشی چوارەم )

دوێنێ
نوسینی : شێرزاد شێخانی
دەوڵەت و کۆمپانیا
سەرکەوتن و شکستی هەر حکومەتێک لەدونیادا بەندە بە ئاستی خزمەتگوزاری ودابینکردنی ژیانی خۆشگوزەرانی بۆ میللەتەکانیان.لەوەتەی دامەزراندنی دەوڵەتی عیراقەوە بەدرێژایی ساڵانیحوکمی مەلەکی و جەمهوری بە رژێمی پێشووی صەدامیشەوە دەوڵەت لەڕیگەی دامودەزگاکانیەوە کاری بۆ خزمەتگوزاری گشتی کردوو.
هەتا رووخانی رژێمی پێشووش دەوڵەت دەیانو سەدان کارگەو دەزگای گشتی خزمەتگوزاری بەڕێوە دەبرد . هەر لەم کوردستانەدا کارگەی ( دەواجن ، جغارە ، تەعلیب ، شەکر ، مەرمەڕ ، نەسیج ، مافوور ،ئەلبیسە ، هتد ) هەبوو کە سەدان هەزار گەنجی شارەکان تێیدا کاریان دەکرد.
جگە لە ( ئۆرۆزدی و ئەسواق مەرکەزی و ئەجهیزە دەقیقەو شەریکەی ئەفریقی و حەدیدوخەشەب هتد ) کە سەر بە حکومەت بوون و بەهەرزانترین نرخ کاڵاکانیان دەفرۆشتە هاوڵاتیان . کەرتی پەروەردەو تەندروستی و خزمەتگوزاری گشتی لەبەردەستی حکومەت خۆی بوو . خوێندن بە خۆڕایی بوو تەنانەت حکومەت پارەشی دەدایە خوێندکار بۆ بژێوی رۆژانەو شوێنی خەوتنیشی بۆ دابیندەکرد . تەندروستی بە خۆڕایی بوو ، خزمەتگوزاری شارەوانی بە پارەیەکی زۆر رەمزی بوو . کارەباو ئاو بە پارەیەکی زۆر کەم دەدرایە هاوڵاتیان .
ئێستا حکومەت دەستی لەهەموو سێکتەرە گشتییەکان هەڵگرتووەو هەمووشی فرۆشتووە بە کۆمپانیاکان. ئەوەی مایەی سەرنجە هەموو ئەو کۆمپانیانەی کاری حکومەت دەکەن گشتیان سەر بە حزبی دەسەڵات یان هەر نەبێ شەریکی کاربەدەستانی حکومەت و حزبەکانن.
حکومەت داروبەردی بەسەر یەکدا نەماوە . وایلێهاتووە هەر کەسێک بیەوێت ببێتە ملیۆنەر زۆر بە ئاسانی دەگاتە ئەم خەونە ئەگەر خۆی حزبی بێت یا کەسێکی خاوەن دەسەڵات لەحکومەت بناسێت . تەنانەت عەریزە نووسینیش دراوەتە کۆمپانیا . باسیفرۆشتنی ئەم هەموو کارگە زەبەلاحانە ناکەین کە سەر بە حکومەت بوون ، بەڵکو هەموو سێکتەرێکی حکومەت دراوەتە دەست کۆمپانیا ( تەندروستی ، پەروەردە ، رێگاوبان وکامیرا ، کارەبا ، شارەوانی ، دەرمان و خۆراک ، هاوردەی هەموە جۆرە پێداویستیەکانی ژیانی میللەت ) خاوەنی ئەم کۆمپانیانەش زۆر بێویژدانانە کەوتوونەتە وێزەی هاوڵاتیان و بەبێ حەسیب و ڕەقیب گیرفانیان بەتاڵ دەکەن.
رۆژلەدوای رۆژ بەناوی بازاڕی ئازادەوە گرانی گەورە روودەدات و مووچەخۆر نە مووچەکەی زیاد دەبێ نە خاوەن کۆمپانیاشلەخوێنمژینی هاوڵاتیان سڵدەکاتەوە . لەسەردەمی رژێمی پێشوو هەر جارێک گرانییەکی کەمی بازاڕ روویدابوایە حکومەت بڕێک مووچەی فەرمانبەرانی زیاد دەکرد بۆ ئەوەی هەموو بارگرانییەکە نەکەوێتە سەرشانی هاوڵاتیانی .ئێستا نەک مووچە وەکو خۆیەتی بەڵکو دەرماڵەش دەبڕدرێ و پلەبەرزکردکردنەوەش وەستاوە .
ئەوەی روودەدات بەناوی بازاڕی ئازادەوە کارەساتێکە تا ئێستا هەرێمەکەمان بەخۆیەوە نەبینیوە . ئێمە ناڵێین بازاری ئازاد دابخەن ، چونکە ئەو حکومەتەی ئێمە هی ئەوە نیە بتوانێ یان بیەوێ خۆی خزمەتی هاوڵاتیانی بکات ، بەڵام خۆ دەکرێ حکومەت وەکو نوێنەری خەڵک چاودێرییەکی تووندی کۆمپانیاکان بکات و نەهێڵێ ئەم هەموو غەدرو ستەمە لەهاوڵاتیانی هەرێم بکەن ، و لەسەر حیسابی قووتی ئەوانەوە ببنە ملیۆنەرو ملیاردێر .
پێشتریش وتوومە : کاری حکومەت تەنها سەردانی وڵاتان و پێشوازیکردنی وەفدی بێگانەو ناردنی برووسکەی پیرۆزبایی نیە لەبۆنەکاندا) کاری حکومەتی شەرعی خزمەتکردنی میللەت وتەئمینکردنی ژیانی رۆژانەیانە. ئەمەش لەم هەرێمەی ئێمەدا دەمێکە حکومەتەکەمان لەبیری خۆی بردۆتەوە ..باقی وەلسەلام ..
