ترەمپ – ماسک... کۆتایی مانگی هەنگوینی

4 كاتژمێر لەمەوپێش
ئامادەکردنی/ عەبدوڵا کۆمەڵە
پەیوەندییەکانی نێوان سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترەمپ و، ملیاردێری تەکنەلۆجیا ئیلۆن ماسک، لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا هاتووە.
سەرەتا ماسک پشتگیری ئاشکرای بۆ ترەمپ نیشاندا، ئەمەش پاش هەوڵێکی سەرنەکەوتووی تیرۆرکردنی ترەمپ هات لە ناوەڕاستی ساڵی 2024، لێرەوە کۆبوونەوەکانیان لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن بەردەوام دووبارە دەبووەوە، دواتر ماسک ڕاستەوخۆ بەشداری لە بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی حکومەتدا کرد، لە رێگەی بەشێکی نوێوە کەبەناونیشانی "بەشی کارایی حکومەت – DOGE" دامەزرا، وەک بەشێک لە هەڵمەتی ترەمپ بۆ کەمکردنەوەی بیرۆکراسی حکومەت.
ئەم هاوپەیمانێتییە بەهێزە لە سەرەتای ساڵی ( 2025) ەوە، دەستی بە داخوران کرد، ئەمەش لە کاتێکدا ڕویدا کە مەسک ڕووبەڕووی چەندین ڕەخنە بووەوە بەهۆی ئەو هەموو دەست تێوەردانەی لە کاروبارەکانی حکومەتدا دەیکرد، ئیتر لێرەوە گرژییەکان لەگەڵ ترەمپ دەستیان بە زیادبوون کرد، بەتایبەتی دوای ئەو ناڕەزاییانەی مەسک سەبارەت بەو پرۆژانەی ترەمپ واژۆی کردبوون، کە پارەیەکی زۆری تیادا خەرج دەکرا.
دواتر لە مانگی حوزەیراندا ناکۆکی ئەم دوانە گەیشتنە لوتکە، کاتێک هەردوولا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕەخنەکانیان ئاراستەی یەک کرد. لێرەوە ترەمپ هەڕەشەی کشاندنەوەی گرێبەستەکانی حکومەتی لە گەڵ کۆمپانیاکانی ماسکدا کرد. بەم شێوەیە ئەو پەیوەندییەی کە لەسەر تەبایی و بەرژەوەندی هاوبەش بنیات نرابوو گۆڕا بۆ ململانێیەکی ئاشکرا
ناکۆکیە بێ بێشینەکەی نێوان ئەم دوانە کە ماوەیەکی کەم بوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە سەری هەلدابوو، ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابوردوو(٥ / ٦ / ٢٠٢٠ ) گەییشتە لووتکەو، بەفەرمی کۆتایی بە مانگی هەنگوینی نێوان ئەم دووزەبەلاحە سەرمایەدارە مۆنۆپۆڵەی جیهان هێنا.
ئەو ناکۆکیە بێ وێنەیەی نێوان ترەمپ و مەسک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ڕۆژی پێنجشەممە بە ئاشکرا پچڕانی پەیوەندییە نزیکەکانی پێشوویانی ئاشکرا کرد.
زنجیرەی زەمەنی پەیوەندی و ناکۆکیەکان:
تەمووزی 2024
پشتگیری ڕوون و ڕاستەوخۆی مەسک بۆ ترامپ لەدوای هەوڵە سەرنەکەوتوەکەی تیرۆری ترامپەوە.
بەگوێرەی راپۆرتێک کە CNBC بڵاوی کردووەتەوە، دواترمەسک ئاماژەی بە ئامادەیی خۆی کردوە بۆ "خزمەتکردن" لە بەشی ( کارامەیی حکومەتدا) و وێنەیەکی خۆی لەسەر X بڵاو کردەوە کە نوێنەرایەتی DOGE دەکات.
لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمدا:
مەسک لە کۆبونەوەیەکی هەڵمەتی هەڵبژاردنی ترەمپ لە پەنسلڤانیا دەرکەوت و کڵاوێکی لەسەر بوو کە دروشمی "با دووبارە ئەمریکا مەزن بکەینەوە" گوتیشی: ترەمپ تاکە کاندیدە کە توانای پاراستنی دیموکراسی لە ئەمریکا هەیە.
ئەم نزیکبوونەوە جەماوەریە بەردەوام بوو و پێگەی مەسکی لە بازنەی سەرهەڵدانەوەی سیاسی ترەمپدا بەهێز کرد.
تشرینی دووەمی 2024
دوای دووبارە هەڵبژاردنەوەی ترەمپ، مەسک بۆ سەرۆکایەتی DOGE دەستنیشان کرا. کە ئەم وەزارەتە بە فەرمانێکی سەرۆکایەتی بە ئامانجی کەمکردنەوەی خەرجی حکومەت و بیرۆکراسی دامەزرا.
شوبات – ئازاری 2025
مەسک دەستی کرد بە جێبەجێکردنی ڕێوشوێنە توندەکانی لە دەزگا حکومییەکاندا، و ژمارەیەک پرۆگرامی حکومەتی لەسەر بنەمای کارکردن لە دوورەوە هەڵوەشاندەوە.
ئیتردوای ئەمە، ترەمپ پارکی کۆشکی سپی گۆڕی بۆ پێشانگای ئۆتۆمبێلی تێسلا و بەرگریەکی توندی لە مەسک کردو لە نێو ئەو هەموو شەپۆلە ڕەخنەیە جیهانیەدا ڕایگەیاند کە ئەو " کۆمپانیایەکی گەورەی دامەزراند وەو نابێت سزا بدرێت، چونکە کۆمپانیایەکی نیشتیمانیە" جگە لەمەش ئۆتۆمبێلەکانی تێسلای بە "نایاب" وەسف کرد و ئارەزووی خۆی بۆ کڕینی دانەیەکیان ڕاگەیاند.
تیمی DOGE ڕووبەڕووی ڕەخنەی تووند بوونەوە پاش دەستێوەردانە زۆرەکانی لە دامەزراوەکانی حکومەت بەتایبەتی لە پەیمانگای ئاشتی ئەمەریکا
نیسانی 2025
لەهەفتەکانی دواتردا ماسک ڕایگەیاند کە هەوڵ دەدات سنوورێک بۆ بەشداریەکانی لە حکومەتدا دابنێت و کارەکانی بەرەو کەمبوونەوە بەرێت.
لە ئەنجامی دروست بوونی ئەم هەڵوێست و ساردیەدا پشکەکانی کۆمپانیاکە لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە 40٪ دابەزیون.
ئایاری 2025
لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی سی بی ئێس نیوز، مەسک بە ئاشکرا ڕەخنەی لە پڕۆژەی باج و خەرجی ترەمپ گرت و گوتی: ئەمە پێچەوانەی هەوڵەکانی DOGE ە بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت.
هەروەها ووتی"من نائومێدم لەوەی کە پڕۆژە یاسای خەرجکردنی گەورە کورتهێنانی بودجە زیاد دەکات نەک کەمی بکاتەوە، و کاری تیمی DOGE لاواز دەکات".
لە بەرانبەریشدا ترەمپ وەڵامی دایەوە و گوتی: سەرەڕای ئەوەی کە لە هەندێک لایەنی یاساکە ڕازی نییە، بەڵام من دڵخۆشم بە بەشەکانی تری ئەم یاسایە، وە کارەکان بەم شێوەیە دەڕۆن".
ماسک ڕۆژێک پاش لێدوانەکەی خۆی، کۆشکی سپی جێهێشت و سوپاسی سەرۆکی کرد بۆ ئەوەی دەرفەتی پێبەخشی بۆ سەرکردایەتی کردنی DOGE.
دواتر ترەمپ ئاهەنگێکی ماڵئاوایی بۆ مەسک سازکرد و ستایشی هەوڵەکانی کرد .
حوزەیرانی 2025
ماسک هێرشەکانی بۆ سەر پلانی خەرجکردنی ترەمپ چڕتر کردەوەو بە "قێزەون و شەرمەزاری" ناوبردن و کورتهێنانی بودجەی فیدراڵی تەقاندەوە.
هەروەها لەسەر پێگەی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: "شەرم بۆ ئەوانەی کە دەنگیان پێداوە، "کە دیارە مەبەستی لە وانەیە کە دەنگیان بە ترەمپ داوە" ئایا ئێوە دەزانن کە هەڵەیەکی گەورەتان کردوە؟".
ناکۆکیەکە بەخێرایی پەرەی سەند و بوو بە شەڕێکی توند لە نێوان ترەمپ و ماسک، کە ماوەی چەند کاتژمێرێک تۆمەتیان ئاڵوگۆڕ کرد.
پاشان ترەمپ هەڕەشەی کشاندنەوەی ملیارەها دۆلاری لە گرێبەستەکانی حکومەت کردووە کە بە کۆمپانیاکانی ماسک دراوەو، میدیاکانی ئەمریکا بەهای گرێبەستەکانیان بە 18 ملیار دۆلار خەمڵاندووە، لە کاتێکدا ماسک بانگەشەی ئەوە دەکات کە ترەمپ بەبێ ئەو هەڵبژاردنەکەی نەدەبردەوە.
هەروەها بەپێی هەواڵی میدیا ئەمریکیەکان، هەر لەم یەک دووڕۆژەی دروست بوونی گەرژیەکاندا، پشکەکانی کۆمپانیای تێسلا بە ڕێژەی زیاتر لە 16% دابەزیوە.
سەرچاوەکان:
https://www.alarabiya.net
https://www.basnews.com
https://www.albayan.ae
