ئۆجەلان و مافی ئومێد

2 كاتژمێر لەمەوپێش



 

ھیوا سەید سەلیم

بەرە لەوەی بێینە سەر باسی ئەوەی ئایا مافی ئومێد لەسەر (ئۆجالان) جێبەجێدەکرێت یان نا؟ پێویست دەکات باسێک لەو مافە یان یاسایە بکەین، بزانین ئەو مافە چیە و چۆن دەرچووە؟  بۆچی نەتواندراوە تا ئێستا ئەو یاسایە لە تورکیا کاری پێبکرێت؟

ئاشکرایە کە مافی ئومێد یان (مافی ھیوا)  یەکێکە لەو پرسانەی کە لە نێو مشتومڕەکانی دانوستانی نێوان تورکیا و کورد  زۆرترین قسەوباسیان لەبارەوەیەوە دەکرێت، لایەنی کوردی ھەموو ھەوڵێک دەدات کە ئەو یاسایە لە تورکیا کارا بکرێت، ئەوسا نەک ھەر (ئۆجالان) بگرە بە ھەزاران گیراوی سیاسی دیکە لێی سوودمەند دەبێت.

بە پێی پڕەنسیپەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا، مافێک هەیە بە ناوی "مافی ئومێد"، ئەو مافە ھاوکار دەبێ  بەوەی  هەر زیندانییەک بۆ هەمیشە لە زینداندا نەمێنێتەوە. ئەویش بەوەی ھەر زیندانیەک دوای بەسەربردنی زیاتر لە ٢٠ ساڵ لە زیندان مافی ئەوەی  هەیە کە کەیسەکەیان پێداچوونەوەی بۆ بکرێت و تا کۆتایی تەمەنیان لە زیندان بەسەر نەبەن،  بگرە بگوازرێنەوە بۆ دەرەوەی زیندان.

شایانی باسە، چەمکی مافی ئومێد لە ئەوروپا دەگەڕێتەوە بۆ حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، کاتێک هەندێک لە وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی ئەوروپا سزای لەسێدارەدانیان هەڵوەشاندەوە. ئەم گفتوگۆیانە بۆ یەکەمجار لە ئەڵمانیا سەریان هەڵدا و لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە وڵاتانی دیکەشدا بەڕێوەچوون. بەم پێیە دوای ماوەیەک، زیندانییەکان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی یان دوای تەمەنێکی دیاریکراو لە وڵاتێکی دیاریکراودا لە ڕێگەی گۆڕانکاری یاسایی وەک لێبوردن ئازاد دەکرێن. 
پەیوەست بە کەیسی (ئۆجالان) دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا ساڵی 2003 بڕیارێکی لەسەر داوای پارێزەرانی (ئۆجالان )دا بەوەی:-

" ئەو سزای بۆ هەتاهەتایی بەسەر (عەبدوڵڵا ئۆجالان)دا سەپێنراوە، پێچەوانەی ڕێککەوتننامەی ئەوروپییە بۆ مافەکانی مرۆڤ"  بۆیە پارێزەرەکانی (ئۆجالان) بۆ کەلک وەرگرتن لەو بڕیارەی دادگای مافی مرۆڤی  ئەوروپا کەوتنە جوولە و کارو خەبات.

لەم پەیوەندییەدا لیژنەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا دەستیان بە پرۆسەی پێداچوونەوە کرد بۆ جێبەجێکردنی یاساکانی تورکیا لە چوارچێوەی "مافی ئومێد"دا. لە 9ی ئابی 2022 دەزگا پەیوەندیدارەکانی سەربە لیژنەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا گەیشتنە ئەو بڕیارەی کە دەبێت مافی ئومێد بە (ئۆجالان) بدرێت، بەڵام تا ئێستا تورکیا نەچۆتە ژێر باری بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی یەکێتی ئەورپا، لەگەڵ ئەوەی کە خۆشی ئەندامە لەو دامەزراوەیە.

لە ئێستاشدا کە بارودۆخێکی تازە لە تورکیا و باکووری کوردستان ھاتۆتە پێش، وا جارێکی دیکە مافی ئومێد دەبێتە رۆژەڤ، بەڵام ئەمجارەیان تورکیا بۆ سەرخستنی پڕۆسەکە کاری بەوە کەوتووە کە (ئۆجالان) لە چوارچێوەی ئەو مافە لە دۆخی زینداندا نەمێنێتەوە.

دواجار دەڵێین با کورد چاوەڕوانی بڕیاری تورکیا نەکات، بگرە بۆ جێبەجێکردنی مافی ئومێد، لە ھەموو دەرگایەک بدات،  تا تورکیا ناچاری ئەوە بکات پابەندی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان بێت،  بە تایبەت ئەو یاسایانەی پەیوەنددارن بە مافی زیندانیان بە (مافی ئومێد)یشەوە کە بە کارپێکردنی دەیان ھەزارن زیندانی لە زیندان نامێنەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار