دوێنێی کورد لە گەمە سیاسییەکانی ئەمریکادا.

5 كاتژمێر لەمەوپێش
بورهان محمد فرج
ئەمریکا لە پێناو دەسکەوتەکانی هەوڵیداوە ئاراستەی ئاڵوگۆرە سیاسییەکان لە جیهان پراگماتیکیانە لە بەرژەوەندی خۆی ئاراستە بکات.
لەسەدەی پێشوو هەمیشە کورد قوربانی بەرداشی زلهێزەکان بووە، بەڵام ئێستا ئەگەر کورد یەکگرتووبێت؟
پێدەچێت پێگەیەکی لە نێو دەسکەوتە سیاسییەکاندا هەبێت.
ئەمە چیرۆکی کۆتایی شەستەکانی سیاسەتی ئەمریکا لەعێراق دەگێڕێتەوە، هەندێک جار مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە.
بەڵام جارێک بە بەتراژیدیا، جارێک بە گاڵتەجاڕی….
سەرەتای شەستەکانی سەدەی بیست، دەزگای هەواڵگریی توانی دزە بکاتە ناو پرۆژەی زۆر نهێنی موشەکی ئاسمانی - زەمینى عێراقی -سۆڤیەتی، ئەمە وای کرد زانیاری قوڵیان دەستبکەوێ دەربارەی بەرنامەی موشەکی بالیستی سۆڤیەتی بە وتەی ئەفسەرێکی ئۆپەراسیۆنەکانی سەر بە دەزگای هەواڵگریی، کە لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی بیست لە ئێران بووه ، لە بەهاری ١٩٦٢ کۆشکی سپی فەرمانی دابووە (سی ئای ئەی)، دەست بە پلاندانان بکەن بۆ ڕووخاندنی قاسم ، دانانی ئەم پلانە درایە دەست (ئارتشی روزفلت)(روجرموریس) كە یەکێك بووه لە کادرەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی، لە هەردوو ئیدارەی (جونسون ونیکسون)دا، ئەوەی پشتراستکردووەتەوە، (روزفلت)ڕۆڵی هەبووە لە پرۆسەکەدا.
لە ٢٠٠٣( روجەر) نووسیویەتی : (زۆرجار لە ئەفسەرەکانی دەزگای هەوالگریی بیستراوە، كە بە ئاشکرا (سی ئای ئەی) پەیوەندیی بەهێزی بە بەعسییەکانی عێراقەوە هەبووه،کاتێ (سی ئای ئەی)گرنگیی بە حزبی بەعس دەدا ، بەڵام لە بنچینەدا هەموو سەرنجی لە سەرسوپای عێراق بوو، لە مانگی نیساندا، بە هۆی دەرکردنی ڕێنماییەکانی وەزارەتی دەرەوە سەبارەت بە سیاسەتی تایبەت بە عێراق و، بە شایەتیی زۆرێک لە بەرپرسانی(سی ئای ئەی) ، دەرکەوت ئەمریکا سیاسەتی دووفاقیی بەرامبەر بە عێراق بەکاردەهێنا، بە ئاشکرا دەیویست پەیوەندیی دیبلۆماسی لەگەڵ ڕژێم ببەستێ، بە
نهێنییش هەوڵی رووخاندنی دەدا.
لە سەرەتای مانگی ئایار ١٩٦٢دا، بارودۆخی ناجێگیری عێراق بەرپرسانی ئەمریکی نیگەران کردبوو، بۆیە پلانیان بۆ ڕووخاندنی قاسم دادەنا، هەرچەندە نووسینگەی کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک، چاودێریەکی وردی بارو دۆخەکەی دەکرد و، کۆمەڵێ ڕاپۆرتی لە شوێنی رووداوەکانەوە دەنارد، بەڵام گرنگی بەم ڕاپۆرتانەنەدرا.
لە ١٩٦٢/٥/٣دا، نووسینگەی کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک، لە ڕاپۆرتێکیدا گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە (لە دوای کودەتاکەی ١٩٥٨) ، هیچ کودەتایەک بۆ لە ناوبردنی قاسم لە لایەن ئۆپۆزسێونەوە ڕێک نەخراوە، ڕاپۆرتەکە باسی لەوە دەکرد ( لە لایەن کۆمەڵانی خەڵکی عێراقەوە قاسم بە کەسێکی قێزەون و ناپەسەند و گاڵتەجاڕسەیردەکرا، ئەمەش بە ئاشکرا لە بەشێکی گەورەی سوپادا دیاربوو، نووسینگەی کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک پێنج سینارێۆی دانابوو بۆ حالەتی کوتوپڕی .
١- ئەگەرناسیۆنالیستەکان قاسمیان ڕووخاند بە پاڵپشتی گەل و دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرت ، ئەوا دەبێت ئەمریکا خوێندنەوەی هەبێت بۆ دانپێدانی خێرا بە حکومەتی تازەدا.
٢- ئەگەر حزبی بەعس دەسەڵاتی گرتە دەست، ئەوا دەبێ ئەمەریکا دانپێدانەکەی دوابخات، تا دڵنیا دەبێت لە کۆنترۆڵکردنی وڵات لە لایەن حکومەتەوە.
٣- ئەگەرکورد پاڵپشتی لەحکومەتێکی (نەتەوەیی یان بەعسی) نەکەن ، داوای حوکمی زاتی لە چوارچێوەی عێراقدا بکەن، پێویستە ئەمەریکا دانبنێت بە حکومەتی نوێی عێراقدا، بۆ ئەوەی دەریبخات کە هیچ پشتیوانیەک لە داواکارییەکانی کورد ناکات .
٤- لە ئەگەری دروستبوونی ململانێ لە نێوانی شیوعییەکان وئەوانەی شیوعی نین ، پێویستە ئەمەریکا پشتگیری نهێنی پێشکەش بکات بەو لایەنەی دژی شیوعییەکانن، بە ڕاوێژکردن لەگەڵ بەریتانییەکاندا، لە هەمانکاتدا ئەمەریکا وهیچ هێزێکی تر، دەست نەخاتە ناوکاروباری عێراق وەک تورکیا و ئێران.
٥- لە ئەگەری دەستبەسەراگرتنی دەسەڵات لە لایەن شیوعییەکان، (پێویستە ئەمەریکا ئەوە دیاری بکات کە ئەم ئاڕاستەکردن و هاندانە چ سوودێکی پێدەگەیەنێ ، پێدەچێت ئەمە وەلامێک بێت بۆ نیگەرانییە قوڵەکانی دراوسێکانی عێراق).
ئەم ڕاپۆرتەش وەک ڕاپۆرتەکانی تر پاش دوو مانگ گەیشتە کۆشکی سپی لە دوای ماوەیەکی کەم لە کەمکردنەوەی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکان، دیبلۆماسییە بەریتانییەکان باڵیۆزخانەی ئەمریکایان لە بەغدا ئاگادارکردەوە،كە(کۆمەڵێک ئەفسەر) پلاندادەنێن بۆڕووخاندنی ڕژێمی قاسم و، دامەزراندنی ڕژێمێک دژ بە شیوعی، ئەم ئەفسەرانە دەیانەویست گەرەنتی دانپێدانان خێراوەربگرن ، دەستپێکردنەوەی هاوکارییە سەربازییەکان بە دەستبهێنن ، ئەگەر ئەمە ببێ سوپا پەیوەندییەکانی لەگەڵ سۆڤیەت دەپچڕێ، لەم کاتەدا باڵیۆزخانە هەواڵی بوونی پیلانێکی بەربڵاوی بلاوکردەوە لە دژی ڕژێم لە لایەن:
١- ئەوانەی لایەنگری هاشمییەکان بوون، وەک سەرۆک خێڵەکان و سیاسییەکانی سەر بە ڕژێمی پێشو و هەندێ ئەفسەری سوپا کە لایەنگری پەیوەندیی بەتینی ئوردن و عێراقیان دەکرد.
٢- کۆمەڵێك لە ئەفسەری پلە باڵا كە هەندێکیان لە سەرکردایەتیدا بوون و، ترسیان لەوە هەبوو قاسم بیەوێ عێراق ناچاربکات زیاتر بەرەو سۆڤییەت بڕوات، بۆیە هەستیان دەکرد کە کودەتایەکی پێشوەختە پێویستە وهەر دەبێ ڕووبدات، ئەگەر بیانەوێ سەربەخۆیی عێراق بپارێزن. .
٣- گروپێکی دژ بە شیوعییەکان هەوڵیاندەدا قاسم بڕوخێنن و، پەیوەدنییەکی بەتین لەگەڵ بەریتانیا و ڕۆژئاوا دابمەزرێنەوە.
