نامەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئەکادیمیای ژنۆلۆژی

2 ڕۆژ لەمەوپێش



09/06/2025
لە منداڵیمەوە هەوڵم داوە ببمە باشترین هەڤاڵ و هاوبەشی ژنان. تەنانەت لە پەیوەندیم لەگەڵ دایکمدا بەدوای ژنی ئازاد دا گەڕاوم. پابەند بە خەونەکانمەوە ژیاوم و خەباتی ئازادی ژنم خستووەتە ڕوو.

هەمیشە ویستوومە ڕۆڵەیەکی شایستەی ژنان بم
یەکەم جار کە برامە دوورگەی ئیمراڵی، گوتم: ” کارەکەم بۆ ژن پڕۆژەیەکی نیوەناچڵە.” ئێستا ئەو کارە تەواو بووە و ئەوەی ماوەتەوە جێبەجێکردنیەتی. خەباتی ئازادی ژن میراتێکی زۆر گرنگی دروستکردووە. ئەم میراتە تا ئەمڕۆ بە قوربانیدانی هەزاران شەهید هاتووە و بەهایەکی گرنگی دروستکردووە. 

پێویستە ئەوە بزانرێت کە من هەمیشە ویستوومە ژنان بژین و بەزیندوویی بمێننەوە، شەهیدبوونی هەر ژنێک ئازاری داوم. لەبارەی منەوە گوتوویانە “کوڕی خوداوەندە”. منیش هەمیشە ویستوومە ڕۆڵەیەکی شایستەی ژنان بم. ئەمە بنەمای بنەڕەتی خەباتەکەمی دیاریکردووە. پەرەم بە “پرەنسیپی هیوا”دا بۆ ژنان. گوتم هەموو ژنێک دەبێت ئازاد بکرێت. منیش وەک پیاوێک خۆم بە پێوانەکانی ئەخلاقی و جوانیناسی کە بە ئاستی ئازادی شێوە دەگرێت، پەروەردە کردووە. گوتم پرەنسیپی بنەڕەتی سۆسیالیزم، ئازادی ژنە. 

پێوانەی سۆسیالیستبوونی پیاوێکیش ئەوەیە کە بزانێت چۆن لەگەڵ ژن بە ڕاستی بژی. ئەمە پرەنسپی بنەڕەتی سۆسیالیزمە. لە تەواوی ئەزموونە سۆسیالیستییەکانی مێژوودا ئەم بنەمایە هەمیشە کەم ماوەتەوە. ئەگەر پەیوەندی هەموو ڕێبەرە پێشەنگەکان لە مارکسەوە بۆ ستالین و لە ماو-وە بۆ لینین لەگەڵ ژنان بە باشی لێکبدرێتەوە، ئەم ڕاستییە باشتر تێدەگەین.

پێویستە بوونی ژن هاوتای ڕێباز  مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت
پڕۆژە تەواونەکراوەکەم بە ژنۆلۆژی مەودای بڕی. بەم تیۆر و چەمکە ویستم کێشەی ژن بە ڕاستی بناسێنم. وەک بودا دەڵێت: “بەبێ دەرهێنانی خەنجەرەکە لە پشتی کۆمەڵگە هیچ ناکرێت.” بەڵێ کۆمەڵگە کێشەی زۆری هەیە، بەڵام خەنجەرەکەی پشتی، کۆیلایەتی ژنە و بەبێ دەرهێنانی ئەم خەنجەرە هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکرێت.

ژنۆلۆژی لەم مەبەستەدا گەشتێکی گرنگی کردووە. ڕەنجێکی بەنرخ خەرج کراوە. ئەم ماندووبوونە لەگەڵ پڕۆسە نوێیەکەدا واتای زیاتر بەدەست دێنێت. پێویستە بوونی ژن بە ڕاستی بناسێندرێت و ناسنامە و پێویستە بوونی ژن هاوتای ڕێباز  مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

سیمۆن دی بۆڤواریش دەڵێت: ” مرۆڤ وەک ژن لەدایک نابێت، دەکرێت بە ژن.” پێویستە ناسنامەی بونیادنراوی ژن لە توخمەکانی ڕەگەزگەرایی-سێکسیزم پاک بکرێتەوە. ژنان دەبێت لەسەر ئەوە قاڵ ببنەوە. وەک ڤیرجینیا وۆلف دەڵێت: ” ژن دەبێت ژوورێکی تایبەت بە خۆی هەبێت”. 

دەبێت ژن بیر لە خۆی بکاتەوە و بتوانێت خۆی بنیاد بنێتەوە. بە زانینی ئەوەی کە ژنبوون چەندە سەختە، ئەمە دەڵێم. لە کاتێکدا پیاو لە ژێر کەلتووری بەردەوامی دەستدرێژییدا دەژی، خۆبونیادنانەوەی ئازادانە بۆ ژن سەختە. بەڵام نازانم ئایا ژنان ئەم ڕاستییە سووتێنەرە وەک من بە ئازار و تووڕەییەوە هەست پێ دەکەن یان نا. من بەم تووڕەییەوە هەموو ڕۆژێک خۆم لە ڕووی بیرکردنەوەوە نوێ دەکەمەوە، چارەسەر دەخەمەڕوو و بۆ ئەوەی ژن بتوانێت ئازادانە بژێت، دەژیم. واتای ژیان لە لای من بەم شێوەیە ڕاستی دەبینێتەوە.

هەوڵم داوە پیاو بگۆڕم و کۆمەڵگە لەگەڵ ژندا ئازاد بکەم
فێمینیستەکان پرسیار دەکەن کە بۆچی پیاوێک سەرۆکی بزووتنەوەی ژنی کوردە. ڕاست دەڵێن، خۆزگە ژنان بیانتوانیایە ئەم پێشەنگایەتیە بکەن. منیش پڕبەدڵ ئەمەم دەویست. بەداخەوە لە دەرەوەی بزووتنەوەی کوردیش بە گشتی هێشتا ئەم پێشەنگایەتیە نەهاتۆتە ئاراوە. من بەردەوام بە گوتنی پێویستە ژنی ئازاد چۆن بێت، پڕۆژە و تیۆرم خستووەتەڕوو؛ ئایدیۆلۆژیای ئازادیی ژن و ژنۆلۆژیم پەرەپێدا، ئەمەم کردووەتە هێزێکی ڕێکخراو. هەوڵم داوە پیاو بگۆڕم و کۆمەڵگە لەگەڵ ژندا ئازاد بکەم. بۆ ئەوەی کوڕێکی شایستەی خوداوەندەکان بم ئەمەم کردووە. چاوەڕوانتانم کە بەم ڕاستییەمەوە، بەدرووستی لە من تێبگەن.

دەزانم ژنان پێشەنگایەتی پڕۆسەی “ئاشتی و دیموکراسی” دەکەن
دەزانم ژنان پێشەنگایەتی پڕۆسەی “ئاشتی و دیموکراسی” دەکەن کە هەوڵی پەرەپێدانی دەدەین. ئەوان خاوەنی زیاتر لە نیوەی ئەو سەرکەوتنانەن کە تا ئێستا بەدەستهاتوون. لە ئێستاشەوە باوەڕم بەوەیە کە پێشەنگایەتی دەکەن و دەڵێم بەو ئاستەی پێویستتانە، لەگەڵتان ژیان و لەگەڵتان بوون درێژە پێدەدەم.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار