گوتاری نەوەی شاخ، لە سەردەمی پارەدا

2 ڕۆژ لەمەوپێش
نەبەز گۆران
یاشوور دۆخێكی تایبەتە، لەگەڵ پارچەكانی تری كوردستان بەراورد ناكرێت، ئەو گوتارەی لە شاخ بەرهەم هاتووە، گوتاری بەرگری و مانەوە، هێشتا لە پارچەكانی تری كوردستاندا هێز و وزەی خۆی لەدەست نەداوە.
بەڵام لەناوخۆی باشووردا، گوتارەكە لاواز بووە، ئەوەی لاوازی كرد گەلی باشوور نەبوو، ئەو شۆڕشگێڕانەبوون هەڵگری گوتارەكەبوون و كاتێك كەوتنە ناو سیستەمی خۆبەڕێوەبردنەوە، سەرمایەكی سەرنجڕاكێشیان بۆ خۆیان و نەوەكانیان كۆكردەوە، ئەو سەرمایە كۆكردنەوەیە جیاوازییەكی چینایەتی دروستكرد، كە ئەو جیاوازییە چینایەتییە، دژبوونێكی بەرامبەر گوتارەكە دروستكرد.
بۆچوونێك هەیە پێی وایە: گوتاری شاخ، كە خۆی لە كردەی كوردایەتییدا دەبینێتەوە كۆتایی هاتووە! ئەم بۆچوونە هەڵسەنگاندنەكەی دروست نییە، گوتارەكە ئەگەر لەناوخۆدا لاوازی پێوە دیاربێت، بەڵام هێشتا ئەو وزەیەی تێدایە ئەویتری فارس و تورك و عەرەب دەهری بكات.
لەپاڵ ئەمەدا، بۆچوونێكی تر بێحومەرتی بە گوتارەكە و كوردایەتییەوە دەكات! هەرجۆرە بێحورمەتییەك بە كوردایەتی، بێحورمەتییە بە خۆمان، چونكە كوردایەتی كردەیەكی شۆڕشگێڕانەیە، بەرگرییە لە شوناس و بوونی گەلێك، گوتارەكە پێویستی بە قوڵبوونەوەیە نەك بێحورمەتیكردن پێی، ئەگەر پەرچەكردارێكیش هەبێت پێویستە بەرامبەر ئەو هێزانەبێت هەڵگری گوتارەكەن، نەك خودی گوتارەكە.
چونكە گوتارەكە هێندە ڕووبەرەكەی فراوانە دەتوانرێت سەرلەنوێ دابڕێژرێتەوە و مانایەكی تری پێبدرێت، بەڵام كاتێك بارگاوی دەكرێت بە ئایدۆلۆژیاییەكەوە لەبری سەرلەنوێ شرۆڤە كردنەوەی، ڕەدكردنەوە و بێحومەتیكردن شوێنی دەگرێتەوە! (بەشێك لە شتایشكەرانیشی بەرژەوەندی خوازانێكن، سیمای گوتارەكە زشت دەكەن.)
ئەو نەوەیەی لە شاخ بوون، دونیابینیان لەناو گوتارەكەدایە، هێشتا قبوڵی ئەوە ناكەن سەردەمی شار و حوكومڕانی پێویستی بە جۆرێكی تر لە دونیابیینیە لەناو هەمان گوتاردا. هەر ئەم سنوورداركردنەوەی هزریان لەو ڕووبەرەی گوتارەكەدا، وایكردوە هەمووجار بە زمانێكی ڕاستەوخۆ هەمان گوتار دەریكەوێتەوە، بەبێ ئەوەی بەر لە تیژكردنەوەی گوتارەكە تەماشایەكی ناوماڵە شێواوەكەی باشوور بكرێت.
ناوماڵی باشوور پەرتەوازەیە، حیزب و ئایدۆلۆژییەكان پچڕاون، ئەوەی دۆخەكەی گەیاندووەتە ئەم ئاستە گەلی باشوور نییە، حیزبەكانن. گەلی باشوور گەلێكی زیندووە، ئەنفال و هەڵەبجە و وێرانی و ئاوارەیی و برسیەتی دیوە، گەلێكی بەهێز و پڕ وزەیە. بەڵام سەركردایەتییەكەی هەنگاوێك لە دواوەی هوشیاری گەلەكەوەن.
ئێستا دۆخی ئابووری گەلەكە لەرزینی تێكەوتووە، هەڤاڵانی خاوەن گوتارەكەی شاخ، بەهەمان ئەزموونی ڕابردوویان تەماشای دۆخەكە دەكەن، لەكاتێكدا چەند نەوەیەك پاش ئەوان هاتووە، ئەو نەوانە دونیابینیان بۆ ژیان، بۆ ئەویتر، بۆ ئازادی و سیستەم تەواو جیاوازە لە دونیابینی نەوەی شاخ، ئەمە واتای ئەوە نییە، ئینیتما بۆ خاك و ناسنامە و كولتوور و كوردبوون نەمابێت، هەركەسێك بەو جۆرە هەڵسەنگاندن بۆ ئینتیمای ئەم نەوانەی سەردەمی خۆبەڕێوەبردن بكات، دیارە بە باشی نەوەكانی نەناسیوە.
تەنانەت دڵشكاوترین كوردی باشوور لە سیستەمی دەسەڵاتەكەی، ئەو دڵشكاندنەی نەیتوانیوە خۆشەویستییەكەی بۆ خاك و ناسنامە و كوردبوونەكەی لەدەست بدات. كوردبوون لە منداڵدانی دایكەوە دروست دەبێت، بە گوتاری هیچ ئایدۆلۆژیا و هێزێك نالەرزێت. كوردبوون هوشیارییە، هوشیارییە بە خۆت و دەرەوەی خۆت، هوشیارییە بە مێژوو و زمان و كولتوور و بوونت، هوشیارییە بە ئەویتری دەرەوەی خۆت.
كوردایەتی كردەی بەرهەمهێنانی كوردبوونە، بۆیە ئەگەر گوتاری كوردایەتی لەناوخۆدا هێزەكەی جارانی نەمابێت، بەو مانایە نایەت كوردبوون لاواز بووبێت، بەڵكو بەو مانایە دێت نەوەیەك هاتووەتە پێشەوە، دونیابیینیەكی جیاوازتری هەیە بۆ ژیان و بوونی خۆی.
ئێمە دەتوانین جارێكی تر شرۆڤەی گوتاری كوردایەتی بكەینەوە و مانایەكی تری پێبدەین. بەڵام ئەم نەوەیە هوشیارە بەوەی هەڤاڵانی هەڵگری گوتارەكە دۆخێكی چینایەتیان دروستكردووە، كاتێك گەنجێك ژیانی خۆی بەراورد دەكات بە ژیانی منداڵەكانی ئەوان، ئیتر دێوانە دەبێت و حەقیەتی نیگەران و ناڕازی بێت.
حەقیەتی پرسیار لەسەر ژیانی خۆی و ژیانی نەوەی شاخ بكات، چونكە چینایەتیەكە گەیشتوەتە ئاستێك تەحامول نەكراوە و تووڕەبوون و نائومێدی دروست دەكات.
بۆئەوەی گوتارە جەوهەرەكەی خۆی بۆ دەگەڕێتەوە، دەبێت بە هزرێكی قوڵ شرۆڤە بكرێتەوە و ژیانێكی سەربەرزانەی لەسەر دروست بكرێت. من نامەوێت گوتارەكە داڕزێت، بە پێچەوانەوە دەمەوێت بخرێتەوە شوێنە ڕاستەقینەكەی خۆی و بدرێتەوە بە گەل، چونكە ئەوە گەلە دەتوانێت بە جەوهەرە شۆڕشگێڕان و بەرگریكارانەكەیەوە خاوەندارییەتی گوتارەكە بكات و ژیانێكی نوێی لێ دروست بكات.
ئەو نەوەیەی لە شاخ بوون، ناتوانن دەست لەو گوتارە هەڵگرن، ناشتونن لەو ڕووبەرە بێنە دەرەوە و ڕووانینێكی تریان هەبێت. نەوەی پاش ئەوانیش كە هاتووەتە سەر حوكومڕانی، ڕاستی هیچ گوتارێكیان نییە، لەژێر سێبەری هەمان گوتاردا خۆیان شاردوەتەوە و بە جۆرێكی كرچوكاڵتر دەری دەبڕن. لەكاتێكدا نەوەی نوێ یانی دونیابینی نوێ و یانی گوتاری نوێ. بەڵام كاتێك ئەو دوو پرسە لەخۆیان شك نابەن، دەخزێنە ژێر هەمان گوتارەوە بۆ مانادان بە خۆیان و هَندەی تر سیمای گوتارەكەیان شێواندووە.
هێزی گوتارەكە بۆ ئەویتری دەرەوە، عەرەب و تورك و فارس، لە شوێنی خۆی ماوە. بەڵام بۆ ناوخۆ هێزەكەی لاواز بووە. ئەوەی دەتوانێت هێزەكەی بۆ بگەڕێنیتەوە، دروستكردنی سیستەمێكە لە دونیابینی نەوەكانی پاش خۆی تێبگات، واتە: باوەڕی بە ئازادی هەبێت، باوەڕی بە سەروەری یاسا هەبێت، باوەڕی بە نەهێشتنی چینایەتی بێت و كۆتایی بە خۆدەوڵەمەندكردنی بهێنێت لەسەر حیسابی ژیانی خەڵك، باوەڕی بە دروستكردنی سیستەم هەبێت و عەقڵێكی دەوڵەتمەدارانەی هەبێت.
باوەڕی خزمەتكردنی زمان و كولتوور و بەها بەرزەكانی كۆمەڵگەكەی هەبێت و جۆرێك لە خۆشگوزەرانی دروست بكات هەموو هاوڵاتییەك هەست بە هاوڵاتی بوونی بكات. لە هەمانكاتدا ئەم باوەڕانەی تەنها لەناو گوتار و دروشمدا نەهێڵێتەوە و لە واقیعدا تەحقیقیان بكات. بەبێ ئەم جوڵانەی ناوخۆی باشوور و دروستكردنی ماڵێكی پێكەوەیی، هەم ڕۆژدوای ڕۆژ لەناو ماڵی باشووردا گوتارەكە هێزی خۆی لەدەست دەدات و، هەم ئەو فەوزایەی لە ئێستای باشوور هەیە، بەرەو ئاڕاستەیەكی ناتەدروستر دەڕوات و لاوازبوونەكەی هەموو كوردێكی هوشیار بریندار دەكات.
