سەردەمی هیچووپووچی ( بەشی پێنجەم )

دوێنێ



 

نوسینی : شێرزاد شێخانی

جاران کە بەناو بازاڕدا گوزەرت دەکرد لە موکەبیرەی مزگەوتەکاندا گوێت لەخوتبەی جومعەی مەلایان دەبوو هەموو قسەکانیان ئامۆژگاری و هاندان بوون بۆ چاکەو پیاوەتی وخێروخێراتو بەزەیی و مەرحەمەت بە فەقیرو هەژاران و سیلەی ڕەحمو  موحیبەتی دەرو جیران ورێزگرتن لەگەورەو پەروەردەکردنی منداڵ بە قییەمو ئەخلاقی بەرزی کوردەواری. 

مامۆستای ئایینی مەگەر لەکاتی مارەبڕین و تازیەو مەجلیسی پیاوگەوراندا ببینرایە . مەحاڵ بوو مامۆستای ئایینی حزبایەتی بکردایە یان خۆی لە سیاسەت هەڵقورتاندایە ، چونکە بەلای ئەوانەوە دین و خواپەرستی لەگەڵ درۆو نیفاقی سیاسەت زۆر دوورو دژ بە یەکترن .

ئێستا سەردەمی مەلای حیزبی وبازرگانە . بەشێکیان خاوەن سەیارەی گرانبەهان کە بێگومان بەرتیلی دەسەڵاتە بۆیان . مووچەی باش ومفت و ئیمتیازاتیش بەولاوە ، تەنها کارێک پێیان راسپێردرابێ جوانکردنی دەموچاوی دەسەڵات و پیرۆزکردنی زاڵمو ستەمکارانە. 

تەنانەت ناتوانن لەخوتبەی جومعەشدا دوو قسەی خێرو حەق بۆ میللەتەکەیان بکەن ، دەسەڵات خۆی پێیان دەڵێ چی بڵێن  و چۆن ژەهر درخواردی میللەتەکەیان بدەن .
لەولاشەوە لەبەر ئەوەی دین ودیانەت لەلای هەندێکیان بووە بە کاڵا و سەودای پێدەکرێ، هەرچی هەردەستی ناوی خۆی دەنێ ( بانگخواز ) و ڕابەڕو مورشید ، مایکێک بەدەستەوە دەگرێ و باسی تاریخی هەزارو چوارسەد ساڵ بەر لەئێستامان بۆ دەکات . 

سیفەتی بانگخواز بەو کەسانە دەگوترێ کە بچنە وڵاتانی ئەفریقاو غاباتی ئەمازۆن و وڵاتی هیندستنان کە خەڵکی ئەوێ داروبەردو مشکو گامێش دەپەرستن ، لەوێ بانگی ئیسلام بدات ، نەوەک لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا کە موسڵمانترین و خواناسترین کۆمەڵگەکانی هەموو جیهانە .

دەیان رادیۆ و تەڵەفزیۆنی سەلەفی لەم کوردستانە کارایە ، بەدرێژایی رۆژ مێشکی خەڵک پڕ دەکەن لە قسەی نامەنتیقی و ماوە بەسەرچوو. تەنانەت خوێندنەوەی قورئانی پیرۆزیش بە دەنگە ناخۆشەکانی قورئانخوێنە سەلەفیە سعودیەکان  ناخۆش کردووە ، زۆر بە دەگمەن قورئان بە دەنگە خۆشەکانی عەبدولباست و مەنشاوی و ئەبو العینین و وتەبەڵاوی بڵاو دەکەنەوە . دوژمنایەتییەکی زۆری هەردوو مەدرەسەی قورئانخوێنی میسرو عیراقی دەکەن کە خاوەنی خۆشترین دەنگی قورئانخوێنەکانن .

هەمووی بە لایەک ئەم هەموو فەتوا حەڕامکردنانەی رۆژانە دەریدەکەن کە هیچیان لەگەڵ دابونەریتی کۆمەڵایەتی کوردەواری هەزاران ساڵەی میللەتەکەمان نەگونجاوە .
سەیرە سەلەفییەت لەوڵاتی دامەزرێنەری ئیسلامیدا کە سعودیە و ، فیکری ئیخوانیش کە میسر دایمەزراندووە  وا خەریکە کۆتاییان پێدێت ، کەچی تازە بە تازە لەکوردستانی خۆماندا سەر هەڵدەدەنەوەو دەسەڵاتی هەرێمیش هاوکارییانە .

دینودیانەت ، تاعەتو تەقوا ، فەرزو سرووتەکان بۆ خودای تاکو تەنهایە نەک بۆ سیاسەت وبارزگانی . باقی وەلسەلام .

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار