بڕینی مووچەی فەرمانبەران تاوانێکی نێودەوڵەتییە

دوێنێ
د. سمکۆ شوانی
لە جیهانێکدا گوایە لەسەر بنەمای دادپەروەری و مافی مرۆڤ دامەزراوە، تاوانێک بە بێدەنگی لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت. تاوانێکی سیستماتیکی و بەکۆمەڵە، کاریگەری لەسەر سەدان هەزار خێزان هەیە، ئەو تاوانەش پێی دەوترێت "بڕینی مووچەی فەرمانبەران".
لە واقیعدا ئەم تاوانە لە فۆرمێکی مۆدێرندا جینۆسایدی ئابووریە، بەرامبەر بە کەسانێک ئەنجام دەدرێت تاکە تاوانیان هەڵبژاردنی ژیانێکی شەرەفمەندانەیە.
حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا زۆرجار زاراوەی ناڕوون بەکاردەهێنێت: "ناکۆکییە داراییەکان"، "نەبوونی شەفافیەت"، "کێشەی نەوت". بەڵام دواجار هاووڵاتیی کورد ئەوانە نین کە ڕێککەوتنە نەوتییەکانیان واژۆ کردووە، نە ئەوانەن سیاسەتی دارایی دادەنێن، نە ئەوانەن قەیرانی سیاسییان دروستکردووە. کەواتە بۆچی سزا دەدرێن؟
لە لایەکی دیکەوە پەنجەی تۆمەت ئاراستەی حکومەتی هەرێم دەکرێت، لە خراپ بەڕێوەبردن و نەبوونی شەفافیەت سەبارەت بە داهاتی سەرچاوە نەوتی و نا نەوتیەکان و دابیننەکردنی بەدیلێکی ڕاستەقینە بۆ دەستەبەرکردنی مووچە.
بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، "سزادانی بەکۆمەڵ" قەدەغەیە و زەوتکردنی بژێوی گەلێک بەهۆی ناکۆکی سیاسییەوە پێشێلکردنی ئاشکرای ڕێککەوتننامەکانی مافی مرۆڤە.
لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە، زەوتکردنی مافە سەرەتاییەکانی خەڵک، دەتوانرێت وەک تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی پۆلێن بکرێت، بەتایبەتی ئەگەر سیستماتیک بێت و کاریگەری لەسەر توێژێکی فراوانی دانیشتوان هەبێت. ئەمە ناکۆکی ئیداری و دارایی نییە؛ کارەساتێکی مرۆییە.
نەتەوە یەکگرتووەکان و دەزگا نێودەوڵەتییەکان پابەندن بە لێکۆڵینەوە لەم بابەتە. ئێمە لەبەردەم پرسیارێکی ئابووریدا نین، بەڵکو پرسیارێکی ئەخلاقی و مرۆڤدۆستانە: کێ بەرپرسیارە؟ کێ لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت؟
ئایا حکومەتی فیدراڵی بەردەوام دەبێت لە پاساوی بێدەنگی خۆی؟
ئایا حکومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لە خۆدزینەوە لەوەی پەنجە بخاتە سەربرینەکان و چیتر خەڵک نەبێتە قوربانی بێدەنگیە گوماناوییەکان.
ئایە هەردوو لایان هەتا کەی بەردەوام دەبن لە بەکارهێنانی توێژێکی گەورەی خەڵکی هەرێمی کوردستان وەک وەرەقەی فشار؟
لە کۆتاییدا، پرسی بڕینی موچەی فەرمانبەران تەنیا قەیرانێکی ناوخۆیی نییە؛ پرسێکی مرۆییە و شایەنی ئەوەیە بخرێتە بەردەم دادگا نێودەوڵەتییەکان. دادپەروەری بەدی نایەت تا کەرامەت بۆ خەڵکی ناوچەکە نەگەڕێتەوە و هەرکەسێک بەشداری لە برسێتیەکەیاندا کردبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت، بەبێ گوێدانە ناسنامە و پێگەی خۆی.
