مەشقێکی سەد ساڵە!

2 مانگ لەمەوپێش
ڕزگار شەوکەت
زۆریش کێشەی کورد لە خۆمان ئاڵۆز نەکەین، لە سەدساڵی ڕابردوودا کورد بەسەر چوار وڵاتدا دابەشکرا و کوردیش قبووڵی نەکرد، بەڵام کورد توانای تەواویشی نەبوو بۆ ئەو ڕەدکرنەوەیە، جارجار جەستەی باش بوو مێشکی لە گوێی نەدەکرد و هەندێک جاریش بە پێچەوانەوە.
ئەو توانین و نەتوانینە وایکرد کورد بە وتەی هانا ئارێنت ڕووبەڕووی بیر و ڕێگا و ئایدیۆلۆژیا جۆرا و جۆر بێتەوە و ئیتر لە هەڵنوتانێکدا ڕێیکەوت لە یەکێتی و پارتیش، بڕێک زیانی ستراتیژیشی لەم دوانەکرد، سەرەکیترینیان ئەوە بوو لە کۆڕەودا کە هێشتا کورد بە تەواوی لە قوڕی پارتی و یەکێتی نەچەقیبوو، هاوسۆزی هەموو جیهانی هەبوو.
ئێستاش ئەزموونەکەی یەکێتی و پارتی هاوسۆزی کۆمەڵێک تەماحکار و قاچاخچی نەوت و خاوەن کۆمپانیای لابەلای جیهانی هەیە. ئەو ئەزموونەش کە بە دیدگای ئۆجالان سەرپێ خراوە هەموو جیهان هاوسۆزییەتی، ئەمەش ئیتر بەڵگەی ڕوونی پێشچوونی پارادیمەکەی ئۆجالانە لە جیهان و لای کوردیش.
بەو شێوەیە کورد لە سەد ساڵی ڕابردوودا بێ مافی، بێ شووناسی و سەرشۆڕکردنی لە هەموو ئەو وڵاتانەی کە بەسەریدا دابەشرکاوە تاقیکردەوە، لەو گێرمە و کێشەدا چەندین جار کوردیان تا پای مەرگ برد و هەستایەوە، ئیفلیجیان دەکرد و کەسێتی کوردیان شێوان، وەک گەلی جوو ساڵانێکی دوور و درێژ سەرلێشێوا و وڵێگەرد دەست و پێی خۆی ونکردبوو.
ئەم کەوتن و هەستانەوەیە سەدەیەک کوردی کێشا بە بەرداشی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی ئەم ناوچەدا، لەم سەرەگێژەیەدا کورد ڕێگای زۆری تاقیکردەوە، کەوتن و هەستانەوەکانی کورد لە هەر چوار پارچە جۆرێک مەشقی زەینی و جەستەیی بوون بۆ کورد، بەو شێوەیەش بەشێک لە تەشەنووجی سەد ساڵەی زەینی و جەستەیی لە گیانی دەرچوون و لەم کارلێکە مێژووییەدا دەرەنجام گەیشت بە پارادایمی ئاپۆ.
ئاپۆ لەسەر پشتی ئەو ئەزموونە هاتووە و سێنتێزی ئەزموونی سەدساڵەی کوردە، ئێستا ئاپۆ بە مووکێش خەریکی بژارکردنی کەسێتی کوردە، دەزانێت سەدساڵ ئەزموونی داگیرکراوی لەوە گەورەترە تەنها بڵێی کێشەکە دەوڵەتی کوردییە.
لە دوا پەیامیدا بۆ ژنان ئاپۆد دەڵێت: دەبێت ژنان لە توخمە ڕەگەزەیەکان (سێکسیزم) خۆیان پاککەنەوە، ئەوەش یانی شێوازی کارکردنی ئاپۆ هەم مایکرۆیی و وردە(هەڵبەت بە دیدی باو پرسی ژن وردە، دەنا لای ئاپۆ سەرەکی ترین پرسی کۆمەڵایەتییە) هەم وێنە گشتییەکە دەبینێت، کورد و نەتەوە و ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری دیدی گشتیی و هۆڵستیکە.
هەڵبەت لای ئاپۆ نەخۆشییە بەشەکی و وردەکانیش پێویستیان بە چارەسەرە، ژن، ژینگە، منداڵ، پیاوسالاریی کە لە ناسیۆنالیزیمی تەقلیدیدا بێ بایەخن، لای ئاپۆ پرسی گرنگن و ژیانین، هەر بۆیە ئاپۆ سەرەڕای پرسی سیاسی و ستراتیجی نەتەوە،سەرنجی لەسەر خانە سەرەتاییەکانی کۆمەڵگاشە، دەیان پشکنێت بژاریان دەکات، ئاپۆ بە مووکێشە ئایدۆلۆژییەکەی،دەغا زیانبەخشەکانی خانە بە خانەی جەستەی کورد بژار دەکات، هەر بۆیە کەیسی کورد کەسی شیاوی خۆی دۆزیەوەتەوە بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی بکات.
پاشان لە ململانێی کۆیلە و سەروەردا سەرکەوتن بۆ کۆیلەیە، چون کۆیلە کاری کردووە، مەشقی بینیوە، کورد سەد ساڵە کۆیلەی نەتەوەکانی دەوروبەرە ئێستا لە هەڵکشاندایە، ئۆجالان نوێنەری هەڵکشانی کوردە، کوردێک کە کۆیلایەتی جێهێشتووە.
