جیۆپۆلەتیک ئینجا ئایین: ڕەهەندێکی تری ململانێکانی ئیسرائیل-ئێران:

8 كاتژمێر لەمەوپێش
شارۆ شاهۆ
لەماوەی ڕابردوودا خوێنەری پەرتوکێکی بایەخداربووم بە ناونیشانی (هاوپەیمانی فێڵباز-Treacherous Alliance) لە نووسینی تریتا پارسی. گرنگی ئەم پەرتوکە لەوەدایە کە نووسەر بە وردی بێ لایەنانە شیکردنەوەی تەواوی ئەو سەودا و ڕێکەوتنە نهێنیانەی کردووە کە لە نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل پێوەجێبوون.
ئەویش بە ڕێگای هەڵدانەوەی ئەرشیفی نهێنی نێوان هەر سێ دەوڵەتی ناوبراو و ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لەگەڵ زیاتر لە ١٨٠ کەسایەتی سیاسی و ئەمنی پایەبەرزی هەر سێ وڵات.
ئەو ئەنجامگیرانەی کە تریتا پارسی گەیشتۆتە ئەوەیە کە ناکۆکییەکانی نێوان ئێران- ئیسرائیل بە تەنها ناکۆکی ئاینی نین وەک ئەوەی بەردەوام لە میدیا ڕۆژئاوایی و هەرێمیەکان دەخرێتە بەرباس، بەڵکو ناکۆکییەکان زیاتر لە ئاستی ناکۆکی جیۆپۆلەتیکن. ئەوە نیشان دەدات کە چۆن ستراتیژییەکان لە ناوچەیەکی ئاڵۆز وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا یەکتر دەبڕن.
نووسەر شیکاری بۆ سێ سەردەمی کردووە لە هەڵکشان و داکشانی پەیوەندیەکانی ئێران- ئیسرائیل و ئەمریکا، کە ئەوانیش:
١. سەردەمی پەیوەندیەکان لەگەڵ شای ئێران:
شیکردنەوەی ستراتیژی پەیوەندیەکان لە لاوازکردنی ئەو تەوژمە ناسیۆنالیزمە عەرەبییەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خلیج پەرەی سەندبوون. ئیسرائیل لەم سەردەمەدا بۆ لێدان لەو تەوژمە ستراتیژی کەمەرەیی(چێوەی) پەیڕەو دەکرد بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی ئەمریکا، کە داود بنگۆریۆن گەشەی پێدابوو لە ئاراستەکردنی پەیوەندیەکان لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە دژە ناسیۆنالیزمی عەرەبی بوون کە جەمال عەبدوڵناسر ڕێبەرایەتی دەکرد. ئەویش بە بنیادنانی پەیوەندی بەهێز لەگەڵ ئێران و تورکیا و ئەسیوبیا، لەگەڵ کەمە نەتەوەییەکانی ناعەرەب لەوانە کورد و کریستیانەکانی لوبنان. بەتایبەت کورد لەم نێوەندەدا پاڵپشتی ڕاستەوخۆ دەکرا بۆ لێدان لەو تەوژمە بەعسیزمەی کە لە ئێراق سەری هەڵدابوو کە ئاکامەکەی بە ڕێکەوتنامەی جەزائیر و نسکۆی شۆڕشی ١٩٧٥ بە کۆتاهات.
٢. سەردەمی پەیوەندیەکانی دوای ڕوخانی شا و شۆڕشی ئیسلامی:
سەرباری ئەوەی کە ڕژێمی تازە پەیڕەوی ڕاستەوخۆی لە سیاسەتی دژە-زایۆنیزم و ڕووخانی دەوڵەتی ئیسرائیل دەکرد، بەڵام واقعی پەیوەندیەکانی پشت پەردەی ڕووداوەکان جۆرێکی تر بوون. ئیسرائیل لەم سەردەمەدا پاڵپشتی ئێرانی کرد لە جەنگی هەشت ساڵەی (عێراق-ئێران) بە ڕێگای دابینکردنی چەک لە ڕێگای ئەمریکاوە چونکە سەدام حسێنی بە مەترسی ڕاستەوخۆ دەزانی بۆ سەر بەرژەوەندیەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. دەرکەوتنی ئەم پرۆسەیەش دواتر لە قەیرانی (ئێران کۆنترا) کە بووە هۆکاری ئابڕووچوونێکی گەورە لەناو ئیدارەی ئەمریکیدا کە لە هەمان کاتدا پاڵپشتی ئێراقی دەکرد لەجەنگەکەدا. هەروەها، کتێبی (سودەکانی جەنگ- Profit of War)ی ئاری بن میناش، دەکرێت باشترین کتێب بێت لە پەردە هەڵماڵین لەسەر تەواوی ئەو پرۆسەیە.
٣. سەردەمی پاش جەنگی سارد:
لاوازبوونی ئێراق لەدوای جەنگی کەنداوی دووەم و پاشەکشێی لە کوێت بووە هۆکارێک کە هەژموونی ئێران لەناوچەکەدا زیاتر بەرەو پێش بچێت، ئەویش بەڕێگای پاڵپشتی لە گروپە میلیشیاکان لە لوبنان و فەڵەستین و وڵاتانی خلیج. بەتایبەت لە ئێراق پاش داگیرکردنی لەلایەن ئەمریکاوە کە بۆشاییەکی ئەمنی و سیاسی دروستبوو، ئێرانیش زیرەکانە ئەم بۆشاییەی پڕکردەوە بەتایبەت لە دووبارە دروستکردنەوەی ئێراقی نوێدا. ئیسرائیل لەم قۆناغەدا، بەتەواوی سیاسەتەکانی لەبەرامبەر ئێران توندتر کرد و ڕێگری کرد لە هەر جۆرە نزیکبوونەوەیەک لە نێوان ئێران و ئەمریکا لە ڕێگای هێزە لۆبیکارەکانی لەناو ئیدارەی ئەمریکیدا.
لە ساڵی ١٩٩٤ کۆمپانیای نەوتی کۆنۆکۆ کە بنکەکەی لە ئەمریکایە (ئێستا بەشێکە لە کۆمپانیای کۆنۆکۆفیلیپس) بە چاودێری ئیدارە کلینتۆن گرێبەستێکی یەک ملیار دۆلاری (ئەگەری هەڵکشان بۆ ٣.٨ ملیار دۆلار) لەگەڵ ئێران واژۆ کرد بۆ پەرەپێدانی دوو کێڵگەی نەوتی دەریایی لە کەنداوی فارس- کێڵگەکانی سیریک و نەورۆز. ئەمەش پێشکەوتنێکی گەورە بوو لە پەیوەندییە ئابووری و سیاسیەکانی ئەمریکا- ئێران لە ڕەواندنەوەی تەنگژە سیاسیەکان (political détente). بەڵام ئیسرائیل بە ڕێگای فشارەکانی لەڕێگەی کۆمیتەی کاروباری گشتی ئەمریکا-ئیسرائیل (AIPAC) و فشاری بەهێزی ئێدگار برۆنفمان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبردنی کۆمپانیای دوپۆنت (کۆمپانیای دایکی کۆنۆکۆ) لە دواساتەکاندا بیل کلینتۆنیان پاشگەزکردەوە لە گرێبەستەکە. چونکە ئیسرائیل پێی وابوو ئەم ڕێکەوتنامەیە دەبێتە هۆکاری بەهێزبوونی ئێران و جوان پیشاندانی وێنەی ئێران لە ئاستی جیهانیدا.
هەروەها، ئیسرائیل ئەو هەوڵە دیپلۆماسیانەی ئێرانی لەباربرد لەگەڵ ئیدارەی بوش لە ٢٠٠٣ لەسەر پرسی ئەتۆم و هەڵوەشاندنەوەی حیزبوڵاه و داننان بە دەوڵەتی ئیسرائیل، دەرکردنی ئێران لە کۆنفرانسی ئاشتی مەدرید لە ١٩٩١ بەبیانووی پاڵپشتی لە تیرۆری جیهانی. بەبڕوای تریتا پارسی، ئەم هەوڵانە هۆکارێک بوون بۆ بەفیڕۆچوونی ئەو هەوڵانەی کە دراون لەگەڵ ئێران بۆ دەستبەرداربوون لە تیرۆر و بەرنامەی وزەی ئەتۆمی.
ئەنجامگیری:
لەکۆتاییدا، ئەوە دەتوانین هەڵیبژێرین لەم پەرتووکە ئەوەیە کە گرنگە ململانێ مەزهەبی و ئاینیەکان لەناو شانۆی پشت ڕووداوە سیاسیەکان وەک تاکە فاکتەر نەبینین بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێ سیاسیەکان و گۆڕانکارییە خێراکانی ناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دەکرێت ئایین ئامرازێک بێت بۆ دەستکاریکردنی نەخشەی ناوچەکە. باشترین نموونەش گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی سووریایە کە کۆنە سەرکردەکانی دەوڵەتی ئیسلامی لە ئێراق و شام (داعش) کردییان، هێزە ڕۆژئاواییەکانیش پاڵپشتییان لێی کرد. هاوشێوەی ئەو پاڵپشتییەی کە لە تاڵیبان کرا لە شەڕی (ئەفغانستان-سۆڤێت) لەلایەن ئەمریکاوە، کە دواتر هەمان هێز وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریزمی جیهانی ناسێندرا لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە. وەک دووبارە بوونەوەیەکی کۆمیدی، هەمان ڕێکخراوی تیرۆرستی لە ساڵی ٢٠٢١ هاتنەوە سەر خوانی دەسەڵات لە ئەفغانستان لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی.
