بنەما ئەخڵاقییەکانی شەڕی (ئێران-ئیسڕائیل)

7 كاتژمێر لەمەوپێش



ئیبراهیم شێخ وەسانی

(١)
ئەگەرچی شەڕ کارێکی زۆر نا ئەخڵاقییە، قێزەونە.

((بەڵام بەهۆی شەڕانگێزبونی مرۆڤ و مێژووی دوور و درێژی لەگەڵ شەڕ، شەڕەکانیش هەندێک بنەمای ئەخڵاقیان هەیە))

(٢)
کێشە ئەخڵاقیەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەوەیە کە هیچ جیاوازیەک لە نێوان هاوڵاتی مەدەنی و سەربازی ئیسڕائیلی ناکات، بەڵام ئیسڕائیل تەنها سەرکردە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکاتە ئامانج.

((حەماسیش لە حەفتی ئۆکتۆبەر هەمان هەڵەی ئەخلاقی کرد))

(٣)
لۆیە ئەو پرسیارەی «بۆچی ئیسڕائیل چەکی ئەتومی هەبیت، بەڵام ئێران نەیبێت»، هەرکەسێک بیکات پرسیارێکی نائەخلاقیە.

(( چونکە ئەگەرچی ئیسڕائیل چەکی ئەتۆمی هەیە لە ئێرانی نادات، بەڵام ئێران چەکی ئەتومی هەبووایە، لەمێژبوو ئیسڕائیلی تەخت کردبوو))

(٤) 
نەبوونی پێوەری ئەخڵاقیش لۆ شەڕکردن کۆمەڵێک هۆکاری هەیە، بەڵام هۆکاری سەرەکی لەبێهێزیەوە سەرچاوەی گرتیە.

((مرۆڤی بێهێز لە کاتی شەڕ سنورە ئەخڵاقیەکان دەبەزێنێ، لۆیێ کاتێک ئێران بێهێزە و خۆی خستیتە ناو شەڕێکی خۆتڕێن و ناتوانی دەرەقەتی ئیسڕائیل بێت، ئاوا لە پێوەرە ئەخڵاقییەکان لادەدا))

( ٥)
چوونە ناو شەڕێکی نابەرابەر و خۆتڕێنیش بەرهەمی غیابی بیرکردنەوەی عەقلانیە.

((بێگومان ئەو شەڕە خۆتڕێنەی لە ئەو ناوچەیەی ئێمە روودات بەهۆی نەبوونی بیرکردنەوەی لۆژیکییە))

(٦)
هەڵبەت مەلاکان هۆکاری سەرەکی ئەو هەموو نەهامەتیەی دونیای ئێمە نیین، هۆکارگەلێک هەن کە سەرەداوەکەیان دەگەڕێتەوە لۆ سەرەتای هاتنی کۆلۆنیالیزم لۆ ئەو ناوچەیە و، دواتریش دروستبوونی ئەو دەستەڵاداریانەی بە شەمەندەفەری (سی .ئای .ئەی) و دەزگا هەوالگریەکانی رۆژئاوا هاتنە سەرحوکم، بەڵام ئەوەی لێناگەڕێ چارەسەری ئەو خواریانەی بەهۆی کۆلۆنیالیزم دروستبووە، بکرێت، مەلاکانن.

((چونکە مەلاکان رێگرن ریفۆرمی ئاینی بکرێت))

(٧) 
لۆ ریفۆرمی ئاینی گرنگە؟ 

((چونکە ئەو ئاینەی لەدەستی مەلاکان دایە رێگرە لەوەی بیرکردنەوەی عەقڵانی هەبێت، لێناگەڕێ مرۆڤەکانی رۆژهەلاتی ناوەراست و جیهانی ئیسلامی بیربکەنەوە لۆئەوەی بتوانن لەو نەهامەتیەی تێیدانە خۆیان رزگاربکەن))

(٨) 
دونێکە مەلای ئەو مزگەوتەی کە نزیکەی ساڵێکە ئەمن خوتبەی تێدا دەکەم، بەپێچەوانەی هەموو ئەو خوتبانەی پێشتر دوعای لۆ سەرکەوتنی خەڵکی غەزە و لەناوچوونی کیانی سەهیونی نەکرد، بەزوویش کۆتایی بە خوتبەکەی هێنا، راستیەکەی نازانم هۆکاری بێ تاقەتی مەلاکەمان چ بوو، بەڵام ویقار و هەیبەتی جارانی نەمابوو، دەنگ و سەداشی وەک حەفتەی پێشتر خۆش نەبوو.

((رەنگە مەلاکەمان گەیشتبیتە ئەو قەناعەتەی هەر دوعایەکی ئەو دەیکات بە عەکسەوە قەبوڵ دەبی،  دوعاکانی هەمووی بوونە موشەک، بەڵام لەجیاتی ئەوەی بە ئیسڕائیل بکەون، هەموو ئیسڕائیلیەکی لەسەر زەوی مەحفبکەنەوە، بە فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و،  باڵەخانەکانی غەزە و دەزگای میتی تورکی تەنیشت مالی محەمەد جۆلانی کەوتن، مرۆڤەکانی ناوی هەپڕون بە هەبرون بوون، باڵەخانەکایشی وێران کردن))

(٩) 
کێشە سەرەکیەکەی دونیای ئێمە لە جیهانی ئیسلامی و مەلاکانمان و ئەوانەی لە جیاتی ئێمە بیردەکەنەوە و بڕیار دەدەن، ئەوەیە، هێشتا عوقدەی جەنگی بەدریان تێنەپەڕاندووە، پێیانوایە دەبێ باری تەعالا لە ئاسمانەوە مەلائیکەت بەباشترین موشەک بنێریتە خوارێ لۆئەوەی یارمەتی ئەو شەڕە خۆتڕێنەی بدەن کە بەفەتوای مەلاکان هەڵگیرساوە. 

((باری تەعالا لەو شەڕانە تەڕەف نیە، بە یەکسانی تواناو  عەقلی بەسە هەمووان دابەشکردیە, لۆ دەبی مەلائیکەت بنێری  تاکو لەجیاتی جەنابت شەڕ بکەن))

(١٠)
 دونێ شەوێ کاتەک لەگەڵ برادەرەکی زانکۆ بەیەکەوە باسی نەبوونی سیاسەتی عەقلانی و ئیفلیجی فیکری دونیای موسڵمانانمان دەکرد، ئەو برادەرە بەسەرهاتێکی سەرنجراکێشی گێرایەوە، گۆتی« ساڵی نۆهەد و چوار بەچاوی خۆم دیتم کە پێشمەرگەکانی یەکێتی بە دیلی شێخ عوسمانی هەڵەبجەیی رابەری بزوتنەوەی ئیسلامیان بە سواری کەر لە چیای ماکۆک بە گوندی ئێمە هێنایە خوارێ، بە بەردەم ماڵی ئێمە تێپەڕین و بردیانە شاری رانیە، ئەمن منداڵ بووم لەلایەک تەماشی داکم دەکرد، سەرم سوڕمابوو، لەوەی نەدەگەیشتم کە ئەو لۆ بارودۆخی پڕ لە سوکایەتی بە پیاوێکی بەتەمەنی ریش سپی وەک مەلا عوسمان دەگریێ، لەلایەکیش شێوەی مەلا عوسمانم زۆر لەلا کۆمیدی بوو، چونکە لاقەکانی ئەوەندە درێژ بوون لۆئەوەی نەکەونە سەر زەوی لەبن زگی کەرەکە لەیەکتری گرێدابوون»، ئەوکات باوکی ئەو  برادەرە فەرماندەیەکی بزوتنەوەی ئیسلامی بووە و لەو مەجلیسەی بووە کاتەک مەلا کرێکار پێش دەستپێکردنی شەڕی یەکێتی و بزوتنەوەی ئیسلامی دەچێتە هاوینەهەواری سەرئەشکەفتانی گوندی بێتواتەی خۆشناوەتی بە مەلا عوسمانی دەڵێت« ئەگەر دەمانەوێت شەڕ لەگەڵ یەکێتی بکەین، شەڕ ئاوا نابێت، ئێرە شوێنی سەرکردایەتیکردنی شەڕ نیە، دەبی بچینە نزیک بناری قەندیل، دەنا مەعقول نیە رۆژانە لە حەوزی بیتوێن

رێگری لە قافلەی ئۆتۆمبێلەکانی یەکێتی دەکرێت» کەچی خوالێخۆشبوو شێخ عوسمان لەوەڵامدا گۆتبووی« نەخێر لێرە ناڕۆین، ئێرە فرە خاسە».

((کاتێک بە عەقلی مەلاکانی تاران لە ئاپارتمان و ڤێلا فرە خاسەکانی گەڕەکی هیجرە و هادی ئابادی تاران دیزاینی شەڕی حەفتی ئۆکۆتبەری خۆتڕێن لۆ حەماس دەکرێت، بێگومان عاقیبەتەکەی بۆ ئێران هەر ئاوا شکست دەبی، فرە خاس نابێ)) 

                          *****

# بەبڕوای من شەڕی مەلائیکەتەکان لە جەنگی بەدر تەنانەت ئوحودیش پەیوەندی بە مێژوو و توراسی ئیسلامیەوە هەیە، هیچ دەقێکی قورئانی نیە کە بەڕوونی باسی شەڕی راستەوخۆی مەلایکەت لەو جەنگە بکات…
#لەوەیگەڕێ کە بەهۆی کوالێتی خراپی موشکەکانی ئێران یەکێکیان لە درعای سوریا دەکەوێتە خوارەوە، چەند دانەیەکیش لە عێراق و ئوردن فەلەستین دەکەونە خوارەوە، بەڵام جیاوازی نەکردن لە نێوان سەرباز و مەدەنی ئەوپەڕی بێ ئەخڵاقیە، پەیوەندی بە جەوهەری ئیسلام نیە،….
#کێشەی سەرەکی دونیای ئێمەی موسڵمانان سەڕەتانی ئەو مەلایانەیە کە لێناگەڕێن بیرکردنەوەی عەقلانی سەرهەلبدات، دەنا سەرسەریەکی وەکی تڕەمپی چیە بێت بە ملیارەها دۆڵاری موسڵمانی رەش و رووت لۆ ئەمریکای ببات، ئەگەر ئەو مەلایانەی تاران نەبن لۆ دەبی نەوتی عێراقیەکان  بەبێ حەداد لۆ ئیسرائیلی بڕوات…..

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار