کورد لە شەڕی جیهانی سێهەمدا

7 كاتژمێر لەمەوپێش
سەلاح خدر
هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، سەردەمێکی نوێی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین هێنایە ئاراوە و جەنگی جیهانی سێیەمی بردەئاستێکی نوێیوە ئەمەش جیاوازە لە گۆڕانکارییەکانی پێشووتر.
شەڕێکە کە بە ئامانجێکی دیاریکراو بەڕێوەدەچێت، بۆ ئێستا پێدەچێت ئامانج چۆکدادان بێت بە ئێران.
هەروەها پێدەچێت ئامانجی دروستکردنی زەمینەسازی بێت بۆ گۆڕانکاری هەمەلایەنەتر لە ناوخۆی وڵاتەکەدا.
بەهۆی گرنگییەکەیەوە پێویستە بە ڕێبازێکی فرەلایەنە مامەڵە لەگەڵ ئەم جەنگەدا بکرێت.
ئەوەی لەم جەنگەدا مەترسیدارە ئەوەیە کە دەرئەنجامەکەی کاولکاری مەزن بۆ گەلانی ناوچەکە دەهێنێت.
ئەم گۆڕانکارییە کاردانەوە و ڕەنگدانەوەی لەسەر گەلی کورد دەبێت، بەتایبەت لە ئێران کە بەشێکی کوردستان لەژێر داگیری ئەو ڕژێمەدایە.
گەرچی ئیسرائیل ئەم ئۆپەراسیۆنەی بەناوی شێری بەئاگاهاتوو دەستپێکردووە کە دەبێت پەیامێک بێت بۆ سەمبوڵی شای ئێران.
بەڵام مومکینە لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەپێشخستنی ئیرادەیەکی خۆیی بەشێوەی ستراتیژی و تاکتیکی سود لەم هەلە مێژووییە بەقازانجی خەڵکی کورد وەربگرن.
بێشک لەئێستادا گونجاو نییە و ناپێویستە ببنە پارچەیەک لەشەڕەکان، وەلێ لە قۆناغەکانی داهاتوودا بەپشت بەخۆڕێکخستن بەستن و بەرگری خۆجێیی دەتوانن سود لەو گۆڕنکارییە مەیدانی و سیاسییانیە وەربگرن کە لەئەنجامی جەنگەکەدا دێتە ئاراوە.
لەهەمان کاتدا ئێران خاوەن کۆمەڵگایەکی پلوڕالیستیی وەهایە کە چەندین نەتەوە و باوەڕ و پێکهاتەی جیاوازی لەناو خۆیدا کۆکردووەتەوە، ئەوەش سەرچاوەیەکی سروشتی بەهێزە بۆ دروستکردنی بەرەیەکی دیموکراتی گەلان.
ئەم جەنگە دەستی باکوری کوردستان لەسەر مێزی دانوسانەکانی ئیمراڵی و قەندیل و دەوڵەتی تورک بەهێزتر دەکات.
ئەوەش بەمەنتقی تیۆری جیۆپۆڵەتیکی دۆمینۆ کە کەوتنی شام و تاران بۆ ئەنقەرە درێژ دەبێتەوە.
وەک دەولەت باخچەلی سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی مەهەپە دەڵێت، ئامانجی کۆتایی ئەم شەڕ و هێرشانە تورکیایە.
ئەمەش حەقیقەتێکە و هەرلەسەر بنەمای ئەو تێگەیشتن و گۆڕنکارییە ناوچەییە دەوڵەتی تورک ناچار بووە بە قبوڵکردنی دەستپێشخەری ڕێبەر ئۆجالان بۆ چارەسەر ئاشتی و دیموکراتیانەی پرسی کورد.
دەوڵەتی تورک لە غەیری ڕێکەوتن لەگەڵ پەکەکە و چارەسەری دیموکراتیانەی پرسی کورد کە چارەسەری بنەڕەتییە هیچ شانسێکی دیکەی نییە.
کاریگەری ئەم شەڕە ڕاستەوخۆ لەسەر عێراق وەک پڕۆکسی و باخچەی پشتەوەی ئێران دەبێت، بەرلەهەرشتێک بۆ سود وەرگرتن لەم هەلە دەبێت لایەنەکانی باشووری کوردستان کۆدەنگیەکی نەتەوەیی نیشتمانی دروست بکەن.
ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد مەترسی ئێرانی لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان دوورخستەوە، هەرلاوازبوونێکی تارانیش لاوازبوونی دەوڵەتی تورکیایە، بۆیە چیدی لەقۆناغی هەنوکەییدا ئەنقەرە ناتوانێت بەردەوامبێت لەهەڕەشەکانی لەو بەشەی کوردستان و بەڵکو مانەوەی لەکانتۆکانی عەفرین و سەرێکانی و هەرێمە داگیرکراوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان مەحاڵ کردووە.
ئەوەی ئێستا هەیە جەنگی جیهانی سێیەمە و ئەم شەڕە پێشبینی دووبارە داڕشتنەوەی ناوچەکە دەکات.
کاریگەرییەکانی ڕێکەوتن نامەی سایکس پیکۆ نەماون، گوتنەکان هەرچی بن، یا تەسلیم بوونە بە نیولیبراڵیزم یاخود چیدی مۆدێلی دەوڵەتێکی ئایدۆلۆژی و ناوەندی - سەنتراڵ لەناوچەکەدا بەسەرچووە، کەمەبەستی سەرەکیش لە هەڵوەشاندنەی ئەو مۆدێلە پاراستنی ستاتۆی ئیسرائیل و زاڵبوونە بەسەر ناوچەکە و جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕێڕەوی داودە،
پێویستە کورد وەک گەلێکی ڕێکخراو و بەرگریکار، خۆی لەم شەڕەدا ببینێتەوە، دەبێت هاوسەنگی و هۆشیارییەکانیش لەسەر ئەم بنامەیەبن.
بەلەبەرچاوگرتنی پارادایم و دووبینیەکانی ڕێبەر ئۆجالان بۆ دۆخی ناوچەکە و جیهان و گۆڕانکارییە خێراکان و داخوازی دیداری ئیمراڵی لە نێوان ئۆجالان و بارزانی و تاڵەبانییەکان، کۆنگرەی یەکێتی نەتەوەیی کوردان بووەتە فەرز و پێویستیەکی حەتمی.
