ئەگەر جەنگی ئەتۆمی بەرپا بێت، مرۆڤایەتی چی بەسەر دێت؟
.jpg)
6 كاتژمێر لەمەوپێش
ئاراس سەعید
لە گۆڤاری The Rotarian لە حوزەیرانی ١٩٤٨دا هاتووە کاتێک لە زانای ئەڵمانی و فیزیکزانی باڵای جیهان (ئەلبێرت ئاینشتاین) دەپرسن چ چەکێکک لە جەنگی جیهانی سێیەمدا بەکاردەهێندرێن؟، ئەو وەڵامی داوەتەوە: "نازانم. بەڵام دەتوانم پێتان بڵێم لە چوارەمیاندا چی بەکاردەهێنن!"
ئەلبێرت ئەنیشتاین لەو گۆڤارەدا و هاوکات لەنامەیەکدا بۆ (سیگۆمند فرۆید) لەبارەی جەنگی جیهانی سێیەمەوە دبێژێت:
"نازانم جەنگی جیهانی سێیەم بە چی جۆرە چەکێک ئەنجام دەدرێت، بەڵام جەنگی جیهانی چوارەم بە دار و بەرد دەکرێت."
واتایی وتەکە بۆ ڕۆژگاری ئەمڕۆ ئەوەیە:" ئەگەر جەنگی جیهانی سێیەم بەچەکی ئەتۆمی ئەنجام بدرێت، لەوانەیە بە جۆرێک وێرانکەر بێت مرۆڤایەتی بگەڕێنێتەوە بۆ سەرەتایترین قۆناغی ئامڕاز و تەکنەلۆجیا و ناچار بێت پەنا بەرێتە بەر بەرد و ساکارترین ئامڕازی سەرەتایی."
ئانی جاکۆبسن، نووسەر و لێکۆڵکاری بەناوبانگی ئەمەریکی، کە خاوەنی حەوت کتێبە دەربارەی شەڕ و چەک و ئاسایش و نهێنییەکانی، لە نوێترین کتێبیدا بەناونیشانی (جەنگی ئەتۆمی) وەڵامی ئەوە دەداتەوە لە حاڵەتی جەنگی ئەتۆمیدا چی ڕوو دەدات و جیهان و مرۆڤایەتی چی بەسەر دا دێت؟
گەرچی سیناریۆی کتێبەکە خەیاڵییە، بەڵام لە دەیان چاوپێکەوتن و بەڵگەنامە پێکهاتووە، کە هەندێکیان لەم دواییانەدا ئاشکرا کراون، وەک بنەمای فاکتێک بۆ وەسفکردنی ئەوەی کە دەکرێت لە ئایندەدا ڕوو بدات.
لە کتێبەکەی (جاکۆبسن)دا، چەندین سینارۆی خەیاڵی دەخوێنینەوە، کە دەشێت لە ئایندەدا ڕوو بدەن، بۆ نموونە: "سەرکردەیەکی کۆریای باکوور مووشەکێکی بالیستیکی بەرەو پنتاگۆن دەهاوێژێت". هاوکات "کۆریا مووشەکێکی بالیستیکی دیکە لە ژێردەریاییەکەوە بەرەو ڕیاکتەرێکی ئەتۆمی کالیفۆرنیا هەڵدەدات."
لە سیناریۆی دواتردا کە ساتی دوای هەڵدانی مووشەكەکانە لە کۆریاوە، ئێستا سەرۆکی ئەمریکا شەش خولەکی هەیە بۆ بڕیاردان لەسەر وەڵامدانەوە. لەوکاتەدا سەرۆکی ئەمەریکا کۆشکی سپی چۆڵ دەکات و لەژێر فشاردایە بۆ هەڵدانی مووشەکی بالیستیی نێوان کیشوەرەکان، بۆ سەر 82 ئامانجی کۆریای باکوور، کە پەیوەندییان بە توانا ناوەکی و ئەتۆمی و سەربازییەکانی کۆریای باکوورەوە هەیە.
لەو کتێبەدا، جاکۆبسن سیناریۆکان پێکەوە گرێ دەدات و دەنووسێت: "مووشەکەکانی ئەمەریکا بەسەر ڕووسیادا دەفڕن و سەرکردەکانی ئەو وڵاتە پێی دەزانن و پێیان وایە وڵاتەکەیان هێرشی کراوەتە سەر. لەوکاتەدا سەرۆکەکانی ڕووسیا و ئەمەریکا ناتوانن بە تەلەفۆن پەیوەندی بکەن، بۆیە مووشەک بە ئاڕاستەی یەکتری دەهاوێژن.
جاکۆبسن لەو سیناریۆ ئەگەرییەدا ئاماژەی بەوە کردووە، تەنیا لە ماوەی 72 خولەکدا سێ وڵات بە چەکی ئەتۆمی ملیاران کەس دەکوژن، ئەوانی دیکە لەسەر زەوییەکی ژەهراویی زیندوون دەمێننەوە كە چیتر هیچ خۆراکێک تێدا گەشە ناکات.
دیمەنی شۆکهنەری کتێبەکە، بەشێک لەو ڕاستییە ترسناکەیە دەربارەی ڕوودانی جەنگی ئەتۆمی و ئەو کاتژمێرە شێتانەیە، کە لەسەر هەموو شتێک دانراوە، لەو کاتەوەی کە تاقیکردنەوەی ناوەکی دۆزرایەوە، هەروەها ئەو ڕاستییەی کە سەرۆک تەنیا شەش خولەکی لەبەردەستدا ماوە، ئەمە کاتێکی قورسە بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە بدات، کە ئەوە پیشان دەدات، ڕاستییەکان دەربارەی پەرەسەندنی سیناریۆکە چەند شێتانە و پێشبینی نەکراون.
