ئیسرائیل ئێران: گۆڕینی ڕژێم

6 كاتژمێر لەمەوپێش



سەردار عەزیز

هەتا بێت ئامانجی ئیسرائیل بۆ گۆڕینی ڕژێم زیاتر زەق دەبێتەوە. ئایا لە سەرەتاوە وەهابوو یان سروشتی هێرشەکان و کاریگەرییان بەو ئاراستەیەدا برد؟ 
بەڵام بۆ ڕاڤەکردنی ئەمە میتۆدی واڵاکردنی کۆدەکان بەکاردەهێنم، پاشان قسە لە سەر ڕوداوەکان دەکەین.

سەرەتا با لە ناوی شەڕەکەوە دەست پێبکەین. شەڕەکە لە لایەن ئیسرائیلەوە ناونراوە شێری ڕاپەڕیو. ئەم ناوە چەندین کۆدی جیاواز لە خۆی دەگرێت. سەرەتا لە دینەوە دەست پێدەکەین. کاتێک ڕۆژی پێنج شەممە ناتانیاهو ڕۆشتە دیوارە پیرۆزەکەی جوەکان لە قودس لە نامەیەکی بچوکدا ئاماژەی بە دەربڕینی شێری ڕاپەڕیو دا. ئەم دەڕبڕینە دەگەڕێتەوە بۆ کتێبی ژمارەکان لە تەوراتدا. 

کتێبەکە خۆی باس لە جوەکانی سەردەمی ئیمپراتۆریەتی ئەخمینی دەکات، کە خاوەن ئیمارەتی خۆیان بوون کە بە یەهود میدناتا، یان شاری جو ناسراوە. دیسانەوە بۆخۆی ئاماژەیە بۆ مێژوی کۆنی ململانێ لە نێوان جو و فارسدا لە میانەی هەڵکشان و داکشانی هێزەکانی ناوچەکە.

دەربڕینە تەوراتیەکە دەڵێت، شایەتحاڵ بە، خەڵک وەک شێری مەزن ڕادەپەڕن. لێرەدا داواو و خواستی نەتانیاهو و ئیسرائیل دەردەخات کە دەخوازن خەڵکی ئێران راپەڕێن.

ئەم شێر و ڕاپەڕینە ڕەهەندێکی ئێرانیشی هەیە. ئەوەی لە ئاڵای ئێرانی پێش کۆماردا هەیە بە شێر و خورشید یان خۆر ناسراوە. شێر ئاماژەیە بۆ شا و خورشید یان خۆر ئاماژەیە بۆ خودای ڕوناکی لە ئاینی میترای پێش زەردەشتیدا.

بەستنەوەی شەڕی ئێران بە شێرەوە گەڕانەوەیەتی بۆ سەردەمی پەش کۆماری ئیسلامی. دیار ەهەرچەند کوڕی شا چانسی کەمە، بەڵام بژاردەی خوازراوە لە لایەن هێزەکانی ڕۆژئاواوە. 
هەموو ئەم کۆد و سیمبولانە دەرخەری ئەوەن کە ئەم جەنگە دەخوازێت سیمبوڵ و ئاماژە ئیسلامیەکانی ئێرانی ئێستا لاببات.

ئێستا گەر بێین بۆ ئاماژەکان. گەر ڕێچکەیەک بۆ ڕوداوەکان بکێشین دەبینین هەتا بێت فراوان و مەدەنی و سیاسی دەبێت. ئایا هەر لە سەرەتاوە وەهابوو، یان سەرکەوتن و ئەنجام پێکانیان بوە هۆکاری ئەوە، بە گەڕانەوە بۆ سیمبولی شێرەکە، دیارە هەرە لەسەرەتاوە ئەمە ئامانج بوە، بەڵام نەخوازراوە بە زەقی بوترێت، چونکە ڕژێم گۆڕین مێژەیەکی باشی نیە لە ناوچەکە.

لە هەمانکاتدا وەک دەبینین ئەوانەی کە دەکرێنە ئامانج دیسانەوە سیمبول و کۆدن. کوشتنی شەمخانی یانی نەخێر بۆ دانوستان لە سەر چەکی ئەتۆمی. کوشتنی ئەفسەرانی سوپای پاسداران و لاقەنەکردنی ئەرتەش دیسانەوە پەیامە بۆ ئەوەی کە کێ دەبێت بڕوات و کێ دەتوانێت بمێنێتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار