هاوپەیمانەکانی ئێران لەکوێی هاوکێشەی جەنگی ئیسڕائیل - ئێران دان؟
11 كاتژمێر لەمەوپێش
✍️دکتۆر: ئەحمەد فاتح محەمەد
چین و ڕوسیا، وەک دوو هێزی گەورەی جیهانی و ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا پەیوەندییەکی ستراتیژی نزیکیان لەگەڵ ئێران پەرەپێداوە وبونەتە هاوپەیمانێکی گرینگ بۆ یەکتری.
بەڵام لەم ساتەوەختەی هەڵگیرسانی جەنگ، کاتێک پرسیار لە پشتیوانی ئەم دوو وڵاتە بۆ ئێران دەکرێت، ئەوا شرۆڤە وشیکاری زۆر دەکرێت، تاڕاددەی ئەوەی دەگاتە ئەوەی دەڵێن چین و ڕووسیا دێنە نێو جەنگەکەوە. بەڵام هەڵوێستی هەر دوو وڵاتی هاوپەیمان لە ژێر کاریگەری بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکانیان و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا و ڕۆژئاوا دەبێت.
دەبێت بۆ وەڵامی ئەوەی ئایا چین و ڕوسیا ئامادەگییان هەیە پشتیوانی ئێران بکەن پێویستە هەڵوەستە لەسەر توانا ئابورییەکانی هەردوو وڵات بکەین، وەک ئەوەی لە خوارەوە ئاماژەی پێدەدەین.
توانای ئابووری چین و ڕوسیا
چین: وەک دووەم گەورەترین ئابووری جیهان، خاوەنی ژێرخانی ئابوورییەکی بەهێزە کە دەتوانێت لە رووی دارایی و بازرگانییەوە پشتیوانی لە ئێران بکات. ئێران یەکێکە لە سەرچاوە گرنگەکانی نەوت بۆ چین، و هەردوو وڵات لە چوارچێوەی پڕۆژەی "ڕێگای ئاوریشم" و هاوکارییەکانی دیکە پەیوەندییەکی قووڵی ئابوورییان هەیە. بەڵام، چین لە هەمان کاتدا پەیوەندی بازرگانی گەورەی لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا هەیە، کە نایەوێت ڕاستەوخۆ و بەئاشکرا بەهۆی پشتیوانی لە ئێرانەوە زیان بە پەیوەندییە بەربڵاوە بازرگانی وئابوریی و داراییەکانی بگات. بۆیە ئەگەرێکی زۆرە چین پشتیوانییەکی ناڕاستەوخۆ، وەک کڕینی نەوت یان دابینکردنی کارگەی بازرگانی، پێشکەش بە ئێران بکات.
ڕوسیا: لەئێستادا بەهۆی شەڕی ئۆکرانیا ئابووری ڕوسیا، بە شێوەیەکی زۆر پەیوەستە بە داهاتی نەوت و غاز، ئەمەش لە ژێر فشاری گەمارۆکانی ڕۆژئاوا دایە. لەبەرامبەردا، ڕوسیا و ئێران لە بواری وزە و چەکدا هاوکارییەکی درێژخایەنیان هەیە. بەڵام، توانای ئابووری ڕوسیا بۆ پشتیوانی لە ئێران سنووردارە، چونکە وڵاتەکە خۆی لە ژێر گەماڕۆی ئابووری دەناڵێنێت. هەندێک زانیاریی ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕوسیا دەتوانێت بە نهێنی یارمەتی سەربازی بۆ ئێران دابین بکات، وەک سیستمی بەرگری ئاسمانی وپێدانی زانیاری هەواڵگری، بەڵام ئەمە ئەگەر ببێت لە ئاستێکی سنوورداردا دەبێت.
ئایا دەخاڵەتی سەربازیی دەکەن؟
ڕوسیا: لە ڕووی سیاسییەوە هەڵوێستێکی سەرکۆنەئامێزی دەربڕیوە. بەپێی ڕاگەیەندراوەکانی کرملین، ئەم هێرشانەی بە "مایەی گرژیی ومەترسیدار" لە ناوچەکە وەسفکردووە و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ نێوەندگیری لە نێوان ئیسرائیل و ئێران ڕاگەیاندووە. بەڵام، هیچ ئاماژەیەکی ئاشکرا بوونی نییە کە ڕوسیا پشتیوانی ڕاستەوخۆی سەربازی لە ئێران دەکات. بە پێچەوانەوە، هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕوسیا لەئێستادا بەهۆی گرفتەکانی خۆی لە ئۆکرانیا، ناتوانێت بە شێوەیەکی کارا لە شەڕێکی نوێدا بەشداری بکات. ئەگەرچت پەیوەندییە سەربازییەکانی ڕوسیا و ئێران، وەک مانۆرەکانی دەریایی لە ساڵی ٢٠٢٥، نیشاندەری هاوکارییەکی درێژخایەن دەردەخات.
چین: ئابوورییەکەی زۆر پەیوەستە بە بازرگانی جیهانییەوە، واتە پێش هەنگاوێکی سەربازی چین بیر لە ئابوری و بازرگانی خۆی دەکاتەوە، تائێستاش هەڵوێستێکی دیپلۆماسی پراگماتیکی گرتووەتەبەر. هیچ ئاماژەیەکی فەرمیش بوونی نییە کە چین ئامادەیە پشتیوانی سەربازی ڕاستەوخۆ لە ئێران بکات. لەسەر تۆڕی ئێکس ئاماژە بەوە دەدەن کە چین و ڕوسیا دەتوانن بە نهێنی کارگەی سەربازی بۆ ئێران دابین بکەن، بەڵام واقیع ولۆژیکی سیاسی و ئابوری ئاماژە بەوە دەکات کە چین نایەوێت پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل وڕۆژئاوا بکەوێتە مەترسییەوە. بۆیە چین زیاتر گرنگی بە پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە دەدات بۆ دڵنیابوون لە ئەمنی وزە و بازرگانی خۆی.
هەڵوێستی چین و ڕوسیا لە ئەگەری داخستنی کەنداوی هورموز
کەنداوی هورموز یەکێکە لە گرنگترین کەناڵەکانی گواستنەوەی نەوت و گازی سروشتی لە جیهاندا، کە نزیکەی ٢٠٪ی بازرگانی نەوتی جیهان لەوێ تێدەپەڕێت. داخستنی کەنداوی هورموز لەلایەن ئێرانەوە دەتوانێت کاریگەرییەکی وێرانکەر لەسەر بازاڕەکانی وزە و ئابووری جیهانی دروست بکات، بەتایبەتی بۆ چین کە یەکێکە لە گەورەترین کڕیارەکانی نەوتی ئێران.
ئابووری چین بە شێوەیەکی زۆر پەیوەستە بە نەوتی کەنداوەوە، و داخستنی کەنداوی هورموز دەبێتە هۆی قەیرانێکی گەورەی وزە بۆ ئەم چین. چین ئێران وەک "شادەماری ئابووری" خۆی دەبینێت، و لە ئەگەری داخستنی کەنداوەکەدا، ئەگەری زۆرە چین بە توندی دژ بەم کردارە هەڵوەستە بکات و فشاری دیپلۆماسی بەکاربهێنێت.
چین لە ماوەی ڕابردوودا هەوڵیداوە لە قەیرانەکانی ناوچەکەدا هەڵوێستێکی بێلایەنانەی هەبێت، وەک ئەو نێوەندگیری لە نێوان سعودیە و ئێران لە ساڵی ٢٠٢٣، بۆیە ئەگەرەیەکی زۆرە هەمان ستراتیژی بەکاربهێنێت.
سەبارەت بەڕوسیا، کە خۆی یەکێکە لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی نەوت و غاز، بەڵام وەک چین ناکەوێتە ژێرکاریگەر نابێت داخستنی کەنداوی هورموز. لەگەڵ ئەوەشدا، داخستنی کەنداوەکە دەتوانێت نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا بەرزبکاتەوە، کە ئەمەش بەرژەوەندییەکی کاتی بۆ ئابووری ڕوسیا دروست دەکات، چونکە داهاتی نەوتی وڵاتەکە زیاد دەکات. بەڵام، ڕوسیا لە هەمان کاتدا نایەوێت ببێتە فاکتەری ناسەقامگیرییەکی گەورە لە ناوچەکە دا.
لەکۆتاییدا هەڵوێستی چین و ڕوسیا لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران زیاتر دیپلۆماسی و پراگماتیکیانە دەبێت نەک سەربازی یان ئابوورییەکی ئاشکرا. هەردوو وڵات سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیلیان کردووە، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی بەرچاو نییە کە پشتیوانی سەربازی ڕاستەوخۆ لە ئێران دەکەن. لە ئەگەری داخستنی کەنداوی هورموز، چین، کە ئابوورییەکەی پەیوەستە بە نەوتی کەنداوەوە، بەئەگەرێکی زۆرەوە دژایەتی ئەم کردارە دەکات، لە کاتێکدا ڕوسیا دەتوانێت بە شێوەیەکی کاتی سوود لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت وەربگرێت.
