سوودانی و دوو ئاڵنگاری ترسناک

2 ڕۆژ لەمەوپێش
جواد خەلیل
لە کۆتاییەکانی ساڵی 2022 ەوە، کە محەمەد شیاع سوودانی پۆستی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی وەرگرتووە، تاوەکو ئێستا، ڕووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری و کێشمەکێشمی سیاسی گەورە بووەتەوە، کە هەریەکێک لەو ئاڵنگارییانە گەر بە وریایی و ژیرییەوە مامەڵەی لەگەڵ نەکردبان، دوور نەبوو ببێتە هۆی دوورخستنەوەی نەک بە تەنها لە پۆستەکەی، بەڵکو لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقیش!
ئەو لە سەروەختێکدا کرا بە سەرۆک وەزیران، کە نێوماڵی شیعەکان لەوپەڕی پەرتەوازەییدا بوو، هیچ لایەنێکی سیاسی شیعە دانی بە لایەنێکی دیکەدا نەدەنا و دواجار لە ڕێککەوتێکی سەیری مێژووییدا، سەرباری کەمی ژمارەی کورسیەکانی، سوودانی بوو بە بەربژێری هەمەلایەنەی شیعەکان، ئەمە ئەو خاڵە لاوازە بوو کە وای لە سوودانی کرد دوای گرتنە دەستی دەسەڵات، بکەوێتە بەر ژمارەیەکی ئێجگار زۆر لە ئاڵنگاری و هەمووان وەک دەسکەلایەکی خۆیان لێی بڕوانن و خواستی سەپاندنی ئەجێندا جیا جیاکانی بەسەردا بسەپێنن.
لە لایەکی ترەوە، ڕوونە عێراق لە دوای کەوتنی سەدامەوە، بووەتە گۆڕەپانی ململانێ هەرێمایەتییەکان و ناوەندی پێکداهەڵگژانی ئێران و ئەمریکا، ئەمە گرفتی تەواوی سەرۆک وەزیرانەکانی دیکەی پێش سوودانیش بوو؛ لەولاشەوە لە نێو ئەو سەدان کێشەیەی کە دەبوو خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان ئامادە بکات، کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا یەک لە هەرە هەستیارترین و ئاڵۆزترینیان بوو.
سوودانی، کە لە سەردەمی سەدام حوسێندا، پیاوی چاودێری کردنی دۆخی کشتوکاڵ و کاریگەرییەکانی وشکەساڵی بوو لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان و خۆی لە قەرەی باسوخواسە سیاسیەکان نەدەدا، کەچی دوای کەوتنی سەدام و لە ساڵی ۲۰۲٤، بەهۆی گرنگیدانی زۆری بە ژینگە و زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی و هەوڵەکانی بۆ بووژانەوەی کەرتی کشتوکاڵ، کرا بە سەرۆک شارەوانی لە شارۆچکەی ئەمارە و دوای ساڵێکیش بوو بە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای میسان، دواتر و لە ساڵی ۲۰۰۹ کرا بە پارێزگای میسان، ئەمە دەرفەتێکی زیاتری پێدا بۆ خۆناساندن و پیشاندانی لێهاتووییە کەسییەکانی، تا ئەو ئاستەی کە لە نێوان ساڵانی ۲۰۱۰ بۆ ۲۰۱۸ دوو جار پلەی وەزاری وەرگرت، جاری یەکەمیان وەک وەزیری مافی مرۆڤ و جاری دووهەمیش وەک وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق.
لە نێو ئەم پێشینەیەوە، کە پێشینەیەکی زیاتر خزمەتگوزاری و ناسیاسیانەیە،لە پڕێکدا و بەهۆی ڕازی نەبوونی حیزبە زۆرینەکان، ئەم پیاوە بەرزکرایەوە بۆ سەر لووتکەی هەرەمی سیاسی و کەسی یەکەمی دەسەڵات لە عێراقدا. ئەمە وایکرد کە لە دوای وەرگرتنی پۆستەکەی، بۆ چارەسەرکردنی بەشی هەرە زۆری کێشەکان، سوودانی ناچار ببێت پەنا بۆ ئەو هاوپەیمانێتیە بەرفراوانە ناچارەکییەی شیعەکان ببات و لەو شوێنانەشدا کە دەیزانی خەریکە بەریەکەوتنی بەرژوەندییەکان ڕوودەدات و کێشەی گەورەی ڕووبەڕوودەبێتەوە، بژاردەی خۆگونجاندن و پەنابردن بۆ لێکتێگەیشتنی هەڵدەبژارد و خۆی لێیان ڕزگار دەکرد. بە مانا کۆمەڵایەتیەکەی، دڵی کەسی لە خۆی نەدەڕەنجاند و لە گەڵ هەموواندا بە نەرمییەوە مامەڵەی دەکرد، کە بێگومان هۆکاری لۆژیکیانە و دروستیشی بۆ ئەم جۆری مامەڵەیە هەبوو، ئەو دەیزانی چۆن گەیشتووەتە لوتکەی هەرەمەکە و کێش و توانای خۆی و ئەوانی دیکەشی دەزانی، هەرچەندە ڕەنگە بەشێکی ئەم هەوڵانەش بۆ چارەکردن و خۆلادان لە ململانێ، بگەڕێتەوە بۆ پێشینە ناسیاسی و کایە مەدەنیانەکەی خۆی.
شیعەکان، بەتایبەتی سەرکردە ڕکابەر و جەماوەرییەکانیان، لە دوای زیاتر لە سێ ساڵ، ئێستا لەوە تێگەیشتوون کە سوودانی جارێکی دی نیازی خۆهەڵبژاردنەوەی هەیە و ئەمجارەیان ڕەنگە پێگە جەماوەریی و سیاسیەکەی و ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان خواستی باڵای شیعەکان و ئەمریکیەکاندا، بیکەنە کەسایەتی یەکەم و زۆرینەیەکی مەترسیدار و خودان هەژموون لە هەڵبژاردنی داهاتوودا و چیدی وەک سەرۆک وەزیرانێکی ملکەچ و گوێڕایەڵ مامەڵە نەکات، بۆیە لە زۆر ڕووەوە داوی گەورەی سیاسیان بۆ ناوەتەوە، گەورەترین داوێکیش کە سوودانی ئێستا دەرگیرێتی و خوازیاری دەرچەیەکە بۆ خۆقوتارکردن لێی، داوی مووچە و کێشە داراییەکانی نێوان کورد و بەغدایە. سوودانی لەوە تێگەیشتووه کە ئەم ئاڵنگارییە مەترسیدارە شیرێکی دوو دیوە و بەهەرلایەکیدا دەستی بۆ ببات زیانی پێدەگات، بەڵام ناچاریشە بەوپەڕی هوشیارییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکات.
ئەو لەوە دڵنیاییە ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد، نە جێبەجێکراوە و نە هیچ نیازێکیش هەیە بۆ جێبەجێکردنی، لە لایەک هەرێمی کوردستان سوورە لەسەر ناردنی کەمترین ڕێژەی داهاتی ناوخۆ و لە بەرامبەریشدا پێدانی تەواوی شایستە داراییەکان و مووچە، لەمەشدا هەرێم پشتئەستوورە بە لاوازبوونی ئێران و بەرەی هیلالی شیعی و زامنکردنی پشتیوانی ئەمریکیەکان لەڕێی پێدانی سەرانەی زیاترەوە ، لە لایەکی تریشەوە خودی لایەنە شیعیە هاوپەیمانەکانی سوودانی، کە ڕاگری پایەی پۆستە باڵاکەی ئەون، نایانەوێت چیدی مووچە لە بەغداوە، بێ ملنەدانی سەرانی کورد، بدرێتە کوردستان و لەمەشدا لەڕێی هەردوو ڕاگرە گرنگەکەیانەوە: ( وەزیری دارایی عێراق و دادگای فیدراڵی)، شەڕی مووچە لەگەڵ کورد دەکەن .
سوودانی لەبەردەم ئاڵنگارییەکی گەورەدایە و نایەوێت لە سەروبەندی نزیکبوونەوەی لە دووبارە خۆهەڵبژاردن، بکەوێتە بەرداشی ململانێیەکی وەهاوە، کە ناچار بێت یان پشتگیری سەرانی کورد لەدەست بدات، یاخود پشتگیری هاوپەیمانە شیعەکانی! هەرچەندە سوودانی لەوە بە ئاگایە، ئەوانەی داوی مووچەیان لەم سەروبەندەدا بۆی ناوەتەوە، نایانەوێت بەو ئاسانییە دەربازی ببێت لێی و جارێکی تر ببێتەوە سەرۆک وەزیران. ڕەنگە لە ڕۆژانی داهاتوودا، سوودانی بە گەڕانەوە بۆ دادگای فیدراڵی و سازدانی ڕێککەوتنێکی ڕانەگەیەنراو لەگەڵ هاوپەیمانە شیعەکان و سەرانی کورد و بیرهێنانەوەی خواستی ئەمریکیەکان و هەڕەشەکانیان لەم دۆخە هەستیارەدا، دەست بکاتەوە بە ناردنی مووچەی هەرێم، بەڵام نە لە باریدایە بەیەکجاری مووچەی چەند مانگێک نەنێرێت و نە دەشتوانێت بێ دروستکردنی کێشە و بەربەست مانگانە هەروا بە ئاسانی مووچە ڕادەستی هەرێم بکات.
لە نێو ئەم هەموو ململانێ سیاسیە ئاڵۆزانەدا، لە نێو بەرداشی کێشە هەرێمایەتیەکان و ویستە هەمیشەییەکان بۆ بەردەوامبوونی ناکۆکی، سوودانی ئێستا دەرگیری کێشەیەکی گەورەتر بووەتەوە کە زۆر ئاڵۆزتر و سەختترە لە کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، ئەویش کێشەی تەشەنەسەندن و فراوانتربوونی جەنگە گەورەکەی نێوان ئێران و ئیسرائیلە، میلیشا شیعییەکان و شەقامی شیعی مەیلێکی گەورەیان بەلای ئێراندا هەیە و دەیانەوێت عێراق لەمەدا پشتگیری ئێران بکات، هەرچەندە سوودانی خودی خۆی ئەمەی ناوێت و دەزانێت ئێران باری لە لێژییە و ئەمریکیەکانیش لە مەترسیەکانی هەر جۆرە جووڵەیەکی تەبا بە سیاسەتی ئێران ئاگاداریان کردووەتەوە، بەڵام هێشتا ڕوون نیە سوودانی تا کۆتایی ئەم جەنگە بە چ ئاڕاستەیەکدا هەنگاو دەنێت و ڕەنگە ڕۆژانی داهاتوو ڕوونتر نیازی سوودانی بەدەربخەن. هەرچۆنێک بێت ئەگەر سوودانی بتوانێت هەم لە پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و شێوازی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، هەمیش لە پرسی خۆلادان و تێکەڵ نەبوون بە جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل، بە براوەیی بێتە دەر و خۆی لە هەردوو داوەکە ڕزگار بکات، دوور نیە تا ڕادەیەک براوەیی خۆی بۆ دووبارە وەرگرتنەوەی پۆستەکەی مسۆگەر بکات، بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی ناوچەکە و هەڵسەنگاندنی ئاڵنگارییەکان، هەرچەندە ئەمە زۆرتر لە مەحاڵەوە نزیکە، بەڵام دواجار ئەوە ڕوونە سیاسەت هونەری مومکینات و بەدیهێنانی مەحاڵەکانە!
“هاروێڵد لاسوێڵ” کە باسی سیاسەت دەکات، پێناسەیەکی زۆر وردمان بۆ دەخاتە ڕوو: ( سیاسەت واتا کێ چی بەدەست دەهێنێت و کەی و چۆن؟) لەم سۆنگەیەوە گرنگە بپرسین: ئایا توانای سیاسی سوودانی، لەباریدایە ئەوەی خواستێتی بەدەستی بهێنێت و لە ناو ئەم هەموو ئەجێندا دژبەیەکە سیاسیانەی عێراق و ناوچەکەدا، پێگەکەی خۆی بە پارێزراوی و بەهێزی بهێڵێتەوە؟ بێگومان هەنگاوەکانی داهاتووی سوودانی، وەڵامی ئەم پرسیارە بە شێنەیی دەدەنەوە و تەرازوون بۆ پێوانی ئاستی لێزانییە سیاسیەکانی ئەم شارەزا دێرینەی کشتوکاڵ.
