ئێمەی سارسین saracen

2 ڕۆژ لەمەوپێش
هونەر تۆفیق
سەرسامی ئینسانی خۆرهەڵاتی بە خۆرئاوا ، بچوکبوونەوەیەکە تا حەدی خۆبەناحەقزان و هەمیشە ئەو بەخاوەن هەق ئەگەر بکوژ و ببڕیشی بێت .
ئەمریکا هەر لە مانگی یەکەمەوە لەڕێگای نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەک هێزی داگیرکاری عێراق خۆی ناساند . کەچی ئێمە بە ئێستاشەوە ئەو داگیرکاریە بە پرۆسەی ئازادی ناودەبەین .
لە دەرەوەش ، واتە لەناو کۆمەڵگەکانی خۆرئاوادا ، بەسیفەتی پەناهەندەیی بێت یان کۆچەری ، نەوەکانی دووەم و سێهەمیشمان کە زادەی خۆرئاوان ، هەروەک سارسین سەیردەکرێن .
سارسین saracen دەستەواژەیەکی ڕۆمانیە دواتر چۆتە ناو زمانە ئەوروپیەکانەوە ، هێمایە بۆ ئینسانی خۆرهەڵاتی و موسڵمان . ئەسڵی وشەکە لە عەرەبیەوە وەرگێراوە ( السارقین ) کە دەکاتە دز_ چەتە ، نووسینی بیتی ک ، بە ce , نووسراوە کە لە لەفزدا سارکینە و دواتر لە زمانە ئەوروپیەکاندا بووە سارسین .
داخۆ لە رۆمانەوە تا ئەمڕۆ ، وەک پێمان دەڵێن سارسین ، ئێمە زیاتر سارقین بووین یان ئەوان ؟
ئەوەی سەردانی مۆزەخانەکانی خۆرئاوای کردبێت بینیوویەتی کە هەزاران جۆر گەنجینەی شوێنەوارەکانی خۆرهەڵات لەڕێگای سارسینەکانی ئەوانەوە گواستراونەتەوە بۆ کۆشکی پاشاکانی ئەوان کە ئێستا کراونەتە مۆزەخانە ، هاوشێوەی ئەم مۆزەخانەیەی کۆپنهاگن Carlsberg Glyptotek کارلسبێرگ گلیپتۆتیک ، کەبەراورد بە مۆزەخانە گەورەکانی سارسینەکانی بەرلین و پاریس و لەندەن ، بەشێکی بچوکە ، کەچی لایەکی تەنیا ئەو شوێنەوارە میزۆپۆتامیایانەن کە سارسینەکانیان دزیویانن.
بەڵام بە ئێمە دەڵێن سارسین و بێ شارستانی . بە لوتبەرزی ئینسانی سپیەوە بە خۆشیان دەڵێن ئادەمیە ئاشتی خوازەکانی ئاوەدانی .
