ئێران و کورد

16 كاتژمێر لەمەوپێش



سەردار عەزیز

ئێران لەو جۆرە وڵاتانەیە کە ئیمپریالیزم و دین و نەتەوە لە کۆکتێڵێکدا تێکەڵ دەکات. لە پەیوەندیدا لە گەڵ کورددا، یەکێک لە کلاسیکترین مۆدێلەکانی پەیوەندی ناوەندی ئیمپراتۆری و پەراوێزە. هەموو ئیمپراتۆریەتەکانی دونیا ئەم ڕەفتارەیان لە گەڵ پەراوێزدا کردوە. 

شێوازی مامەڵەی ناوەند لە سەر کۆمەڵێک بنەمایە، یەکەم، ڕێگریی لە دروستبونی ناوەندی تر، دوو، دروستکردنی گرژی ئیدارەدراو، وەک پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی. سێیەم، پیادەکردنی سیاسەتی هاوسەنگی هێز، ڕێگریی لەوەی لایەک سەربکەوێت بە سەر لایەکی تردا.

بەو مانایە دەبێت هەمیشە ناوەند، وەک ناوەند هێزە پەرتەوازەکانی پەراوێز ناچار بکات کە بچنەوە ناوەند، بۆ پشتیوانی، نێوەندگیریی، ڕزگارکردن لە کاتی تەنگانەدا.[بەغداش خەریکە بە هەمان مۆدێل لە گەڵ هەرێمدا کاردەکات، پاش ئەوەی هەرێم خۆی کردە پەراوێز].
 
ئێرانی کۆماری ئیسلامی لە هەموو شەڕە ناوخۆییەکانی کوردیدا ئەمەی کردوە. لە سەر ئەم بنەمایە دەتوانیت بە باشی بزانیت بۆچی کوردستان سێ زۆنە، دوو زۆن کە زۆنی قەڵەمڕەویی دوو حیزبەکەن و زۆنێک لە نێوانیاندایە کە ئیدارە دەدرێت. بۆ نمونە چۆمان لە نێوەندایە، ئێران نایەوێت سنوری ڕاستەوخۆی لە گەڵ پارتیدا نەبێت، بۆیە نابێت یەکێتی لەوی حوکم بکات. 

ئەمەش ڕەفتاری زۆرینەی خەڵکەکەی دیاری دەکات، کە جۆرێکە لە مایکرۆجیوپۆلەتیک. 
بەم پێیە سیاسەتی ئێرانی لە گەڵ هەرێمدا سیاسەتی دەوڵەتێک نیە لە گەڵ حکومەتێکدا، بەڵکو سیاسەتی ناوەندێکی ئیمپراتۆرییە لە گەڵ دوو جەسمەری هێزدا کە دەبێت ئیدارە بدرێن. لە هەمانکاتدا بنەمای ئەوە دروست دەکات کە مالک بن نەبی ناوی دەنێت قابلیەتی ئیستعمار.

کورد خۆی، بە ساویلکەیی و ناچاریی و خۆڕسکانە بەشێکن لەمە. بەشی زۆری کورد لەم ئاڵۆزییانە تێناگات، بۆیە تەنها لایەکی هاوکێشەکە دەبینێت.

ئێران هەمان سیاسەتی ئیمپریالی لە گەڵ هێزەکانی عێراقدا پیادە دەکات. بەڵام ئەمە پرسێکی ترە. ئەم سیاسەتەی ئێران تایبەت نیە بە کۆماری ئیسلامیەوە، سبەینێ هەر هێزێکی تر بێتە تاران، بە هەمانشێوە بەردەوامی دەبێت. 
بۆیە ئەوەی دەبێت بگۆڕێت کورد خۆیەتی، چۆن لە گەلێکەوە ببێت بە نەتەوەیەک. کورد نەتەوە نیە، یەکێک لەو لایەنانەی کە دژایەتی نەتەوەبونی کورد دەکات ئێرانە، بە خیتاب و ئامرازی جیاواز.

نەتەوە یانی بونی هاوبەشی، خەیاڵی هاوبەش، بەرژەوەندی هاوبەش و دروستکردنی سیاسەتی عەلمانی خەڵکیی نەک خێزانی و ملکەچی. 

ئەمە بە هەمانشێوە لە ڕۆژهەڵاتیش پیادە دەکرێت. دیارە ڕۆژهەڵات بیست ساڵ لە دوای باشورەوەیە، لە تێگەیشتن لە چیەتی حوکمرانی، لە هەمانکاتدا ئەوان بە زۆری لە ناخەوە بە ئێرانییکراون. بۆیە ئەوەی چاوەڕوان دەکرێت ئەوەیە کە لەناوخۆیاندا دەجەنگن بۆ ملکەچی ناوەند.

بۆیە ئەگەر ئێران بگۆڕێت و کورد نەگۆڕێت، ئەوا ڕەنگە تەنها پشویەک لە دۆخەکەدا دروست بێت، بەڵام هەمان شێوازی سیاسەت لە داهاتویەکی نزیکدا دەست پێبکاتەوە. 
ئەو تابلۆیەی دامناوە لە کێشانی خانمە هونەرمەندێکی ئێرانییە، کە ئێران دەکاتە بەشێک لە جەستە، لە بونی. ئەم جۆرە پەیوەندییە نامەدەنیە، نائۆرگانییە بۆ من هەمیشە کرۆکی فاشیزمە، بە تایبەتی لە مانا هێگڵییەکەیدا. دیارە ئەگەر فاشیزم باوکێکی هەبێت، هێگلە لە تەماهیکردنی دەوڵەت و ڕۆحدا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار