قازی دەگەڕێتەوە

15 كاتژمێر لەمەوپێش



محەمەد ڕەوئوف

بەر لە 26 ساڵ یەكەم كارو بابەتی رۆژنامەوانیم كە بڵاوم كردەوە، تایبەت بوو بە كۆماری كوردستانی(قازی محەمەد)..

قازی محەمەد وەك كارەكتەرێكی جوان و قوربانی ناو مێژووی سیاسی كوردی تا ئێستاش پێگەیەكی گرنگ و سەنگێكی جوانی گرتووەو هیچ رووداوو پێشهاتێك پێگەی قازی لە روحماندا كاڵ نەكردووەتەوە.

قازی بە گیانی خۆی قوربانیدا، ئەو یەكێك بوو لە دەگمەنترین سەركردەكانی كورد راستگۆیانە  "گەلەكەی لەكاتی تەنگانەو نەهامەتیدا جێنەهێشت، خۆی كردە قوربانی بۆ ئەوەی گەلەكەی پارێزراوبێت".....

تا ئێستاش مهاباد بۆن و رەنگی قازی بەرنەداوە، تا ئێستاش وەك پایتەختی رۆژهەڵات خۆی دەنوێنێت، لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی قازی و هەڵكردنی ئاڵایە لەسەر ئەمارەتی هەیئەی میللی كوردستان لە مهاباد...
ئەمڕۆ رۆژهەڵات لەبەردەم هەستیارترین قۆناغی ژیانی سیاسی خۆیدایە... لەبەردەم ژانی لەدایك بوونی قۆناغێكی نوێدایە..قۆناغێك كە رەنگە ببێتە بناغەی درووستبوونی ئەزمونێكی نوێی كورد لە بەشێكی تری كوردستان. 

چاوەڕوان دەكرێت رۆژهەڵات لە نزیكترین كاتدا بچێتە ناو ئەزمونێكی نوێی ژیانی سیاسیەوە، كە لانی كەم دیفاكتۆیەك هاوشێوەی باشورو رۆژئاوا چاوەڕێییان بكات، ئەم جەنگەی ئێستا چەندێك گفتوگۆ و پرسیارو قسە هەڵدەگرێت، داهاتوو و چارەنووسی رۆژهەڵاتی كوردستانیش دەیان هێندە پێویستی بە گفتوگۆو قسەو پرسیاری جدیییە، ئەم جەنگە نوێیە چەندە درێژە بكێشێت، رێگای لە دایك بوونی ئەزمونە نوێیەكەی رۆژهەڵات كورتر دەكاتەوە... 

جەنگ تەواو بێت یان بەردەوام، ئەزمونەكەی رۆژهەڵات هەر لەدایك دەبێت..
لەدەرهاویشتەو كاریگەرییەكانی ئەم جەنگە نوێیە، چارەنووس و داهاتووی رۆژهەڵاتی كوردستان چی لێدێت..؟ هەروا بە بێدەنگی دەمێنێتەوە، یان سەردەكێشێت بۆ شۆڕش، یاخود راپەڕیین و ناوچەی دیفاكتۆ؟  
 هیوادارین بە هەمان ئەزمونی هەرێمی كوردستاندا تێنەپەڕن یان لانی كەم خاڵە رەش و تاڵەكانی ئەزمونی هەرێم لە لاپەڕەی ژیانی سیاسی خۆیان دووبارە نەكەنەوە... ئازادی بەبێ قوربانی نایەتە دی، بەڵام دەكرێت قوربانییەكە لە كەمترین پنتدا بێت.. ئەوان قوربانیانداوەو قۆناغی قوربانیان تێپەڕاندووە... كاتی چنینەوەی بەری ئازادیە..
خەڵكێكی هۆشیار و خوێندەوارو نەرم و ئارام لە رۆژهەڵاتدایە، چاوەڕێ دەكرێت بەو نەفەسەش مومارەسەی ئەو دۆخە نوێیە بكەن كە چاوەڕێیان دەكات، رێگە نەدەن دووبەرەكی و سیاسی بازرگان و تێر رابەرایەتیان بكات، پلان و بەرنامەی وورد و نەخشەی داڕێژراو تۆكمە كێشەو قەیرانە چاوەڕوانكراوەكانی بەردەمیان كورتر دەكاتەوە...

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار