کام سەروەری خاک؟ کام بەرژەوەندی باڵا!

14 كاتژمێر لەمەوپێش
کانی عومەر
دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات، پێیوایە ئەم دەستدرێژییە پێشێلکاری ئاشكرای بنەما سەرەكییەكانی یاسا نێودەوڵەتییەكان و میساقی نەتەوە یەكگرتووەكانە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی، بۆیە دەبێت ڕووماڵە میدیاییەکان لەگەڵ بەها جێگیرە نیشتیمانی، مرۆڤی و ئیسلامییەکاندا یەکبگرێتەوە.
13ی ئازاری 2022، سوپای پاسداران بە 12 مووشەکی بالستی هێرشی کردە سەر هەولێر، بەدیاریکراویش هێرشەکە بۆ سەر ماڵی شێخ باز بەرزنجی، بەڕێوبەری جێبەجێکاری کار گروپ بوو کە یەکێکە لە سەرەكیترین كۆمپانیاكانی كەرتی وزە لە هەرێمی كوردستان، بە پاساوی چالاکی سیاسی و بوونی بنکەی ئیسرائیلی بۆ سیخوڕیکردن لەو شوێنەدا.
سەرباری ئەوەی کە ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕاگەیاند، هیچ بەڵگەیەکییان بۆ ئەو پاساوە نەبوو، هێرشەکە بۆ سەر ماڵی کەسێکی سیڤیل بوو، لەهەمانکاتیشدا ئەنجامی لێکۆڵینەوەی لیژنە تایبەتەکان کە لە نوێنەرانی هەردوو حوکمەتی فیدڕاڵی و هەرێم پێکهاتبوو، ئەوەیان پشتڕاستکردەوە کە هیچ کام لەو شوێنە تایبەتانە لەلایەن هیچ دەزگایەکەوە بۆ چالاکی هەواڵگری بەکارنەهاتووە، هیچ ئامێرێکی سیخوڕیکردنیش نەدۆزرایەوە!
بەشێک لە نەخشە و کارنامەی لیژنەکان بانگهێشتکردنی هەریەک لە بریكاری وهزیری دهرهوه، بریكاری دهزگای ههواڵگریی نیشتمانی عێراقی و ژمارهیهك بهرپرسی ئهمنی تا پرسیاری ئەوەیان لێ بکرێت، ئایا بەر لە ڕووداوەکە لە لایەنی هێرشکەرەوە (ئێران)-ەوە هیچ زانیارییەک یاخو ئاگادارکردنەوەیەک لە بوونی بنکەی ئیسرائلی لە هەولێر بەوان دراوە؟ بەڵام وەڵامەکانییان ئەوە بوو کە ئێران هیچ کام لەو لایەنانەی نە لەبارەی زانیارییەکان نە هێرشەکان ئاگادار نەکردووەتەوە.
ئایا تا چەند ئەم هێرشانە لەگەڵ بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەکان مافی مرۆڤ و پەیمانی نەتەوە یەکگرتووەکان یەکدەگرێتەوە؟ ئایا سەروەری خاکی عێراق نەکەوتە ژێر پرسیارەوە؟ هەرچەندە لەو سەروەختەشدا لیژنەی لێکۆڵینەوەکە ئیدانەی هێرشەکانی کرد و بە پێشێلکردنی سەروەری عێراق هەژماری کرد و داوای قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی کرد، بەڵام ڕووداوی هاوشێوە ڕوویدایەوە.
لە 15-ی کانوونی دووەمی 2024، سوپای پاسدارانی ئێران، چەندین مووشەکی بالیستی ئاڕاستەی ماڵی (پێشڕەو دزەیی)-کرد، کە بازرگانێکی گەورەی هەرێمی کوردستان بوو، بە پاساوی بوونی بنکەی ئیسرائیل لە هەولێر و بەدیاریکراویش لەو شوێنەدا کە کردبوویە ئامانج، خودی ناوبراو و کچەکەی و چەند کەسێکی دیکەش گیانییان لەدەستدا.
لەڕاستیدا ئەو سەروەرییەی دەوڵەتی عێراق لە بەیاننامە و ڕاگەیەندراوەکاندا ئاماژەی بۆ دەکات لەلایەن هێزە شیعە و میلیشیاییەکانەوە کە وەکیلی دەوڵەتی خەلافەت و ئیمامییەتە بێسڵەمینەوە دەبەزێندرێت، بەجۆرێک کە هەژموونی بەسەر دەسەڵاتی تەشریعیشیدا هەیە. بۆ نموونە لە مانگی ئایاری 2022، پەرلەمانی عێراق، یاسای سزای لەسێدارەدان یان زیندانی هەتاهەتایی دەر دەکات بۆ هەر هاووڵاتییەک، کۆمپانیایەک، یان دامەزراوەیەکی عێراقی کە هەوڵی هەر جۆرە ئاساییکردنەوەیەکی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل یان ئیسرائیلییەکان بدات، تەنانەت یاساکە ئەو لایەنە بیانییانەشی دەگرتەوە کە لە عێراق کار دەکەن.
یاساکە پاش ئەنجامدانی کۆنفرانسێک لە هەولێر لە ئەیلوولی 2021دەرکرا، کە بۆ پێکەوەژیانی ئایینەکان و ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل بوو، هەروەک ئاشکرایە ئەمە وەک بەشێک لە ئامادەسازی دەستوپەنجە نەرمکردنی هەرێم لەگەڵ (ڕێککەوتنامەی ئیبراهیمی) هەژمارکرا، لە کۆنفرانسەکەش ژمارەیەکی بەرچاو لە یاسادانەرانی عێراق و سەرکردە عەرەبەکانی عەشیرەتەکانی عێراق بەشدار بوون.داوەکە زیاتر ئاڵۆسکا کاتێک هەر لەو سەروەختەدا هەریەک لە وڵاتانی عەرەبی وەک: ئیمارات، بەحرەین، مەغریب و سودان چوونەپاڵ ڕێککەوتنامەکە.
خودی یاساکە بەرئەنجامی هیستریای چەندین دەیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەدیاریکراویش ئێران و لەوێشەوە بۆ عێراقە بەرامبەر ئیسرائیل، کە لەسەر (مەرگ بۆ ئیسرائیل) نەوەکانی پەروەردە کردبوو، بەڵام خەریکە لەڕێگەی ڕێککەوتنامەکە کارە بۆ تەتبیعکردنەوەی ئەم ڕقە مێژووییە و خاوکردنەوەی هیستریایەکە دەکرێت.
دەشیا نزیکبوونەوە لە ڕێککەوتنەکە لە ئاستی دارایی و کۆمەڵایەتییەوە گۆڕانکاری گەورە دروست بکات، چونکە نەوەی نوێی ئەم وڵاتانە ئاگادارن ئەگەر دیمەنی جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە بەهۆی ڕیککەوتنەکە پرۆسەی ئاسایکردنەوەوە بگۆڕێت، دەرگا لەسەر چەندین پڕۆژەی گەورەی بازرگانی دەکرێتەوە، لە ئاستە کۆمەڵایەتییەکەشدا ڕای گشتی لەسەر ئەم دوژمنە مێژووییە و پەیوەندی پێوەی دەگۆڕێت.
بۆیە لە بڕگە سەرەکییەکانی یاساکەدا هەر جۆرە هاوکارییەکی سیاسی، ئەمنی، ئابووری، تەکنیکی، فەرهەنگی، وەرزشی و زانستی لەگەڵ ئیسرائیل و ئیسرائیلییەکان لە هەر بارودۆخێکدا بە یاسای ژمارە 1-ی "تاوانبارکردنی ئاساییکردنەوە و دامەزراندنی پەیوەندی لەگەڵ قەوارەی زایۆنیستی"، سزا دەدات.
پاش ماوەیەک لە ئەنجامدانی کۆنفرانسەکەی هەولێر، حکومەتی عێراق و چەند گروپێکی میلیشیای شیعە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، ئەوەی بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا کردبوو بە "خائین-بەکرێگیراو" ناوزەند کرد، هەوەرها وتی: " دەبێت ئەو شوێنانەی خیانەتکاران تێدایە وبنکەی خراپەیە بسووتێنرێت".
هەر لەم بگرەوبەردەدا، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی هەق، کە میلیشیایەکی بەهێزی شیعەیە و لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، ڕەخنەی توندی لە کۆنفرانسەکە گرت و بە ئابڕووچوون وەسفی کرد، ڕەخنەی توندی لە بەرپرسانی کورد گرت داواشی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد هەنگاوی جدی بنێت، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "ئۆپۆزیسیۆنی ئیسلامی بێدەنگ نابێت لەم خیانەتە گەورەیە، و ئێمە وانەیەک دەدەین بە ئیسرائیلی دوژمن و ئەوانەی پەیوەندییان لەگەڵیان ئاسایی کردووەتەوە، کە هیچ کەس بوێری ئەوەی نەبێت بیر لە ئاسایکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل بکاتەوە".
هەر لە دوای ئەم بڕیار و یاسا و گوتارانەوە، بەشێوەیەکی راستەوخۆ و بەبێ گوێدانە ئەوەی خۆیان ناوی دەبەن سەروەری خاکی عێراق، هێرش دەکرێتە سەر هەر شوێنێک کە بەئامانجی بگرن، تەنانەت بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختەی هیچ لایەنێک تەنانەت دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی عێراقی و لایەنی ئەمنی، وەک ئەو دوو نموونەیەی لە سەرەوە باسکراون. ئەمڕۆش داوا دەکات دەبێت هەواڵی میدیاکان لەگەڵ بەرژەوەندییە باڵاکانی حوکومەتدا یەکبگرێتەوە، واتە مەبدەئی (کەڕ-کوێر-لاڵ).
