ئێرانی نوێ و ئەگەرەکان !

20 كاتژمێر لەمەوپێش
دڵشاد ئەنوەر
* ئێران و ئیسرائیل، دە ڕۆژی پڕ لە کێشمەکێشیان تێپەڕاند، ئەوەی چاوەڕوان نەدەکرا لە ماوەی دە ڕۆژدا ڕوویدا.ئێرانێکی حوکمکاری بەغدا، دیمەشق، بەیروت و یەمەن گۆڕا بۆ ئێرانێکی نینۆک کراو. ئێرانی ئێستا، ئێرانێکی بێ مەترسی ئەتۆم، ئێرانێکی دابڕێنراو لە فەرماندە باڵا سەربازییەکان، ئێرانێکی خاڵیکراو لەهەڕەشە ی ئەتۆم و سەربازی و پێگەی ستراتیژی. ئێرانێکی دەستەپارچە بەرامبەر هێزە نزیکەکانی لە ناوچەکە.
*هەموو هەوڵێکی ئیسرائیل بۆ ڕووخانی رژێمی ئێران بوو، ناتەنیاهۆ بەهەموو ئاراستەیەکدا بۆ ئەمە ئیشی دەکرد، بەڵام لە پڕ ترەمپ هات و داوای چۆڵکردنی تارانی لە دانیشتوانەکەی کرد، واتە چۆڵی بکەن، با ناڕەزایەتی دروست نەبێت و مەترسی لەسەر رژێم دوور بکەوێتەوە. ڕەنگە هەر ئەمەش هۆکار بێت، بۆ سور بوونی ئیسرائیل لەسەر بە ئامانج گرتنی رابەرو ڤیتۆی ئەمەریکا.
پێکهاتەکانی ئێران سەرباری داخ لەدڵییان، بەڵام کەسیان نەجوڵان، زوو حاڵیبوون لەدۆخەکە، ئێرانییە ئەسڵییەکانیش نەیاری ئیسرائیلن، خۆ ئەگەر ئەمەریکا بایە، ڕەنگە دۆخەکە جۆرێکی تر بووایە، بەڵام هێشتا ئەم کارتە ماوە، دواتر دێمە سەری.
* ئیسرائیل تینووی شەڕە، نەتەنیاهۆ شەڕ دەدات بە دەم شەڕەوە، دەیەوێ هەم لەدەسەڵات بمێنێتەوە، هەم خۆشی لە دادگا قوتاربکات. لەکاتێکدا شەڕ ترەمپ دووچاری گرفتی گەورە دەکات، چونکە لەناوخۆ نەیاری شەڕ زۆرە، لە دەرەوەش شەڕ لەبەرژەوەندی نییە، بۆیە ترەمپ ئیسرائیلی ڕازیکردو خۆشی لە ناڕەزایەتی گەورە قوتار کرد، گەرچی هێشتا دژەکانی دەنگ هەڵدەبڕن.
ترەمپ هات کۆتا بزماری لە شەڕەکەدا، وەکچۆن ئەمەریکا لە شەڕی جیهانی دووەمدا نەوەوەی وەشاند، گوایە کۆتایی بەشەڕ هێناوە. واتە کۆتایی شەڕەکەی کردە دەستکەوت بۆ خۆی، ئیسرائیلیشی ڕازیکردو پێیگوت ڕاوەستە، ئەمە جیا لەو هەمووسوپاس و شاباشەی ئیسرائیلیەکان کە ترەمپ زۆر حەزی لێیەتی، تۆپە تەقیوەکەشی بۆ ئێران جێهێشت تا خۆی بڕیار بدات.
* ئێرانی ئێستا، ئێرانێکی نینۆک کراوی دابڕێنراوە، ئێرانێکە گەر دەستی گەورە بوەشێنێت دەڕووخێنرێت، گەر دەستی لاوازیش بوەشێنێت، بە ماندوویی دەبرێتە سەر مێزی گفتووگۆ.
وەکچۆن عێراق لەساڵی ١٩٩١ لاواز کرا، دواتر چی ویسترا بەسەریدا جێبەجێکرا، ئێستا ئێران لەو دۆخەدایە.
* گەر ئێران بەلاوازی بچێتە سەر مێزی گفتووگۆ، داوای یۆرانیۆمی پیترێنراوی لێدەکرێ، داوای دەست بەرداربوونی لە بالیستی لێدەکرێ، داوای پچڕاندنی پەیوەندی لەگەڵ هێزە وەلائییەکان لێدەکرێت، داوای مافی کەمینەکانی لێدەکرێ و زۆری تریش.
خۆ گەر بەو داواکارییانە ڕازی نەبێت، کارتی تر زۆرە بەرامبەری ، جوڵاندنی ناوخۆ کە سیستەمەکە لاوازو ئیحراجە، توندتر کردنی گەمارۆکانی سەری، دنگەدانی ناکۆکی نێوان ئێرانی دەولەو سەورە کە خۆیان ناکۆکن. لەراستیدا ئێرانی سەورە کۆتایی هات، چونکە لەناوخۆ لاواز کراو دەم و چاوە دیارەکانی بەئامانج گیران، لەدەرەوەش جارێکی تر توانای جوڵەی نییە، رابەریش تەمەنی هی مونافەسە نییە، بەڵام مادام نوخبە سیاسیەکەی ماوە، مادام بنەمای دەوڵەتەکە مەزهەبە، هێشتا گرەوی لەسەر ناکرێ.
ئێرانی داهاتوو..
* ئەگەر ئێرانی داهاتوو تێ بگات لەوەی لە رابردوودا چ هەڵەیەکی گەورەی کردووە، ئەگەر هەوڵەکانی داهاتووی بۆ نزیکبوونەوە لە رۆژئاواو خۆ قوتارکردن بێت لەو عەقڵییەتەی پێشتر بەڕێوەی بردووە، ئەوا ئێرانی نوێ دەتوانێت هەنگاوی گەورە بنێت، زۆر بە ئاسانی دەتوانێت بگاتە وڵاتە پێشکەوتووەکان.
خەڵکی ئێران، ئێرانی دەولەو رۆشنبیرەکانی پێشکەوتن و گۆڕانکارییان دەوێت، گەرچی جورئەت ناکەن دەری ببڕن، بەڵام جوان تێگەیشتوون لەوەی ئەگەر عەقڵییەتی ئێرانی سەورە نەبایە، ئێستا وڵاتەکەیان لە دۆخێکی زۆر پێشکەوتووتردا دەبوو.
ئێران خاوەنی شارستانیەتە، ئێران خاوەنی ملیۆنێک و نزیکەی ٧٠٠هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، ئێران لەڕووی گەشتیاری، کشتوکاڵ، فەرهەنگ، نەوت و وزە، کانزای بەنرخ و زانکۆ پێشکەوتووەکانی دونیایە.
کەواتە راستە ئێران بە قۆناغێکی گەورەی نەهامەتی و شەڕدا گوزەری کرد، بەڵام شەڕ داینەڕماند، سەرخان و ژێرخانی بەپێوەن، بۆیە ئەو دەرفەتانەی لەمەودوا بۆی دێتە پێش، دەرفەتی گەورەو زێڕینن، ئەگەر نوخبە سیاسییە بەجێماوەکە تێکی نەدەن.
