خوێندنەوەیەکی نیۆڕیالستانە بۆ خواستی ترامپ لە بەرامبەر ئێران

9 كاتژمێر لەمەوپێش
بروا ستار
ئەمریکای سەردەمی ترامپ، وڵاتێکی پوختی ئابووری و بازرگانییە، بۆ ئەمەش پێویستی بە ئاشتی ڕێژەیی هەیە، بۆیە ترامپ باش دەزانێت کەوتنی ڕژێمی ئێران، ئاسان نابێت و ئاژاوەیەکی گەورە بۆ بەرژوەندییەکانی وڵاتەکەی درووست دەبێت، هەر لەبەر ئەوەشە سیاسەتی (نە جەنگ، نە ئاشتی)، پیادە دەکات.
ئاشتی ڕێژەیی چییە؟
لە ڕوانگەی تیۆری ڕیالیزمی نوێ لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، بەهۆی سرووشتی سیستمی نێودەوڵییەوە، کە ئەنارکییە (Anarchi)، ئاشتی تەواوەتی، ئامانجێکی ستراتیژی و درێژمەودا نییە، بەڵکو ئامانجێکی تاکتیکی و کاتییە، چونکە وەک (کێنت واڵتز) دەڵێت: وڵاتان بەهۆی نەبوونی متمانە و دڵنیاییەوە، لە ڕێگەی کۆکردنەوەی هێز و هاوپەیمانیەتییەوە، هەوڵی خۆپارێزی دەدەن. بە مانایەکی تر، وڵاتان لە ڕێگەی هاوسەنگی هێزەوە (Balance of Power)، هەوڵی ڕێگری هێزێکی هەژموونی ناوچەیی دەدەن، هەر بۆیە لەو ڕوانگەیەوە، ئاشتی ڕێژەیی ئامانجێکی باڵایە.
ئەگەر سەرنج بخەینە سەر ڕوداوەکانی ئەمدواییەی جیهان، دەبینین، هێزە گەورەکان هاوپەیمانی هەرێمی و نێودەوڵەتی دەبەستن، بۆ ڕەواندنەوەی ترسی دەرکەوتنی هێزێکی هەژموونی ناوچەیی، بۆ نموونە هەموو ئەوروپا لە بەرامبەر دۆسیەی ئۆکرانیا لە دژی ڕووسیا یەکیان گرت، وڵاتانی ئەمریکا، ئیسرائیل و بەشێک لە وڵاتانی کەنداو و بەریتانیا، بۆ ڕاگرتنی ئێران لە هەوڵدانی بۆ هێزێکی هەژموونی ناوچەیی، هاوپەیمانییەکی سنوورداریان کردووە، بەڵام ئەم هاوپەیمانیەتییە لە ڕوانگەی ئەمریکاوە، بۆ سنووردارکردنی هێزی ئێرانە لەناوچەکە و دەرکەوتنی ئیسرائیلە وەک هێزێکی هەژموونی ناوچەیی، چونکە ئیسرائیل، باشترین و دڵنیاترین وڵاتی ناوچەکەیە، کە ئەمریکا ترسی لە دەستدەرچوونی نەبێت.
بۆچی ترامپ نایەوێت ئێران بڕوخێت؟
ترامپ، لە بنەڕەتدا سەرۆکێکی سیاسی و جەنگی نییە، بەڵکو سەرۆکێکە، تەواوی ستراتیژی کارکردنی لە ئیدارەی کۆشکی سپیدا، فراوانکردنی کایەی بازرگانی ئەمریکی و بەرزکردنەوەی توانا ئابوورییەکانی وڵاتەکەیەتی بەرامبەر وڵاتانی ئابووری جیهان، بە تایبەتیش پێشکەوتنە ئابووری و بازرگانییەکانی ئەم دواییەی چین، لەلایەکی ترەوە شکستی ئەمریکا لە ئەفغانستان و عێراق، کە نەیتوانی ئیدارەیەکی سەقامگیر و پارێزەری بەرژەوەندییەکانی تێدا درووست بکات، ترسی لەلای ترامپ درووستکردووە، لەلایەکی تریشەوە، ترامپ بۆ ئیدارەدانی بەرژوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتی کەنداو، پێویستی بە ڕژێمی ئێستای ئێران هەیە، تا بتوانێت بۆ هەمیشە ترس و دڵەڕاوکێ لە وڵاتانی کەنداو درووست بکات و بوونی خۆی وەک گرەنتی پاراستن بۆ ئەوان دوپات بکاتەوە، بە مانایەکی تر ئەگەر ڕژێمی ئێستای ئێران بڕوخێت، کەنداوی عەرەبی گەورەترین مەترسییان لەسەر نامێنێت و لە ڕووی سەربازییەوە پێویستیان بە ئەمریکا نابێت، بەمەش بوونی هێزەکانی ئەمریکا، کە جگە لە لایەنی سەربازی، وەک کارتێکی فشار و زۆرەملێ بەسەر ئەو وڵاتانەوە، نرخ و بەهای نامێنێت.
ئەی ترامپ بەتەمای چییە؟
ترامپ، بە سرووشت و ئەزموونی سەرۆکایەتییەکەی، کەسێکە حەز بە ئیدارەدانی قەیران دەکات، نەک چارەسەرکردنی، بۆ ئەمەش نموونەی ئۆکرانیامان هەیە، کە جەنگی ڕاگرت و قەیرانەکەی هێشتەوە، بەمەش توانی ئۆکرانیا ناچار بە دانوستان بکات و بەرژوەندییەکانیشی لەگەڵ ئەو وڵاتە سەد هێندە بکات، هەرچی ڕووسیاشە توانی قەناعەتی پێ بکات، کە جەنگ ڕابگرێت و لە ناوچە داگیرکراوەکانی وەک (لۆهانسک و دۆنێتسک)یش بمێنێتەوە، ئەوروپاش بەهۆی ڕازی بوونی ئۆکرانیا بە مەرجەکانی ئەمریکا، نەیتوانی لە خاوەنداریەتی ئۆکرانیا بەردەوام بێت.
ئەنجام
بەمپێیە بێت، هەوڵەکانی ترامپ بە ئاراستەی ڕوخانی ڕژێمی ئێران نییە، بەڵکو لە پەلوپۆخستن و بێ تواناکردنیەتی بەرامبەر بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکەدا، کە پێشتر بەهۆی بردنە دەرەوەی مۆدێلی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، زیانی زۆری پێگەیشتبوو، بۆیە دەیەوێت ڕژێمی ئێران ماندوو بکات و پاشانیش بە ناچاری ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ بکات، چونکە تەنها ڕێگە بۆ ڕێگریکردنی ئێران لە دەستکەوتنی بۆمبی ئەتۆم، ڕێککەوتنە لەگەڵ ئێرانێکی لاواز و بێ توانا، کە خەونی دەستکەوتنی بۆمبی ئەتۆم، لە بیری ڕژێمی ئێران بسڕێتەوە، بەڵام ئەمەش دڵنیایی نییە، چونکە ئەگەر ئێران خوازیاری شەڕ بێت و بەردەوامی بە جەنگ بدات، ئەوا ئەمریکا ناچار دەکات، بەردەوام بێت، لەوەها ئەگەرێکیشدا ئەگەر ئێران بتوانێت ئیدارەی جەنگ بدات و لە ماوەدرێژدا بەرگە بگرێت، ڕووسیا و چینیش دەستەوەستان نابن و بە ئەگەرێکی زۆرەوە بە ناڕاستەوخۆش بێت دێنە ناو شەڕەکەوە، چونکە هەردوو وڵاتەکە کێشەیان لەگەڵ ئەمریکا هەیە، چین بەهۆی دۆسیەی تایوان و ڕووسیاش بەهۆی دۆسیەی ئۆکرانیاوە خوازیاری سەرقاڵکردنی ئەمریکان و دەیانەوێت مەیدانی ململانێکان لەبەردەم ئەمریکادا فراوان بکەن، تا بە ئاسانی هەر یەکێکیان لە دۆسیەکەیان لەگەڵ ئەمریکا سەرکەوتووبن، بەڵام لەوەناچێت ئەم جەنگە درێژە بکێشێت و ئێرانیش بیەوێت بکەوێتە ناو جەنگێکی ئاوا گەورەوە.
