سەردەمی هیچوو پووچی (٦)

4 ڕۆژ لەمەوپێش



 

نوسینی : شێرزاد شێخانی

لەهەموو کوردستاندا هەڵگرانی شەهادەی دکتۆرا ژمارەیان لەپەنجەی دوو دەست تێنەدەیەڕی . کەمال مەزهەر ، مارف خەزنەدار ، عزەدین مستەفا رەسول ، کامیل بەصیر ، ئاورەحمانی حاجی مارف ، بەدرخان سندی ، هیتر . ئەوانەش بە ماندوویەتی و حەقی خۆیان بوونە خاوەن ئەم شەهادە بەرزەو بوونە مەرجەعی باڵا لەناوەندە رۆشنبییریەکەی کوردستاندا .

ئێستا شەهادەی دکتۆرا لەبازاڕی شێخەڵڵا لەپشت عارەبانەیەکەوە سەودای پێدەکرێ و بە پەنجا وەرقە دەفرۆشرێ . هەرچی منداڵوتاڵی مەسئولان و کادیرو ئەندامانی حزب هەیە بوونە خاوەن دکتۆرا بەبێ ئەوەی بتوانن دوو ووشەش بنووسن !.

جاران گەنجانی وڵاتەکەم خوێندەوار بوون ، زادی رۆژانەیان کتێب بوو ، زۆر عەیب بوو گەنجی ئەو سەردەمە دەیانو سەدان رۆمانی جیهانی و کتێبی فەلسەفی و شاکاری ئەدەبی وڵاتانی نەخوێندبێ . هەموودەم کتێبخانەکانی کوردستان پڕبوونە لە تازەترین بەرهەمی ئەدەبی جیهانی ، تەنانەت رۆژنامەو گۆڤارەکانیش نەدەبووران لەخوێندنەوەیاندا . چایخانەو گازینۆکانیش ببوونە مەڵبەندی موناقەشاتی ئەدەبی و فەلسەفی .

مەنهەجی خوێندنیش لەمەکتەبەکان هەر لەقۆناغی سەرەتاییەوە پڕ زانست و سەقافەت بوون . کتێبی مێژوو لەسەردەمی نیاندەرتاڵەوە دەستی پێدەکرد تا هاتنی ئینگلیز . جوغرافیا زانیاری لەسەر کیشوەرەکانی دونیا وڵاتانی تێدا بوو .

بۆیە زۆرجار ووتومە : خاوەن شەهادەی سەرەتایی جاران زۆر زاناترە لەهەڵگرانی بەکالۆریۆسی ئێستاو ، خاوەن شەهادەی ناوەندیش بارتەقای ماجستێری ئێستایە ، دەرچووی ئامادەییش زۆر لەدکتۆرای ئێستا لەپێشترە . ئێستا مەنهەجی سویدی و ئینگلیزی و فەرەنسی وشتیتریشی هاتۆتە سەر و لەمەکتەبە ئەهلییەکان دەخوێندرێن لەکاتێکدا کۆمەڵگەی ئێمەو ئەم وڵاتانە جیاوازییان ئاسمانورێسمانە !.

هەر ئەوەش نیە ، ئەوەتا زانکۆی ئەهلیش پەیدا بووە  ئەویش بە پارەیە ، مەنهەجەکانیان بەزمانی عەرەبیە و تەلەبەکەش دوو کەلیمەی عەرەبی نازانی . ئەویشیان کردووە بە تیجارەت ، ساڵانە پارەکەی خۆت بدەو لەکۆتاییدا شەهادەیەکی قەبە وەرگرە !. بۆیە ئێستا نموونەی وەها لەسەر شاشەکاندا دەبینی کە مامۆستای زانکۆ و خاوەن دکتۆرایە ، بەڵام قسەی وا بێ سەروبەر دەکات هەر زۆر لەئەولادی شەوارعی جاران دەچن . بێجگە لەوەش ئێستا زۆربەی گەنجەکانمان ئالودەی کتێبی ئایینی بوونە و هەموو سەقافەتەکەیان گێڕانەوەی قسەی هەزارو چوارسەد ساڵی پێش ئێستاو کوشتوبڕی غەزایەکانی دژ بە نەتەوەکانی دونیایە ، کە ئەوەش رێک پێچەوانەی ڕەوتی پێشکەوتنی گەلانە .

بەڕاستی ئێمە وەکو مییزی حوشتر بۆ دواوە دەچین .. باقی وەلسەلام ..

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار