وەهمی سەرکەوتن.. کۆتایی ئیسلامی سیاسی

3 ڕۆژ لەمەوپێش



ئیبراهیم شێخ وەسانی 

(١)
ئەو ئێوارەیە سەدان کەس لە گۆڕەپانی شۆڕشی تاران "ئاهەنگی سەرکەوتن"یان بەسەر ئیسرائیل گێڕا.

((بە ئاڵای ئێرانەوە دروشمی ئەڵاهو ئەکبەری سەرکەوتن دەڵێنەوە))

(٢)
کاتێک سەدا نەوەدی غەزەش بەهۆی هێرشێکی گەوجانەی حەماس وێرانکرا و، بەناچاریش لە ژێر فشاری دۆڕان ئاگربەستیان لەگەڵ ئیسیرائیل کرد، ئاهەنگی سەرکەوتنیان بە تەقەی ئاسمانی کلاشینکۆف کرد. 

((حەماسیەکانی کوردستان و هەموو جیهانی ئیسلامیش دەڵێن« حەماس سەرکەوت، چونکە توانی لە ئاستی نێودەولەتی سومعەی ئیسرائیل ببات!»))

(٣)
لەکاتی بەخاکسپاردنی ئەمینداری (حزب اللە)ی لوبنانی حەسەن نەسروڵا، لەسەر لافیتەیەک کە وێنەیەکی ئەوی لەسەر بوو، ئایەتی ژمارە سێزدەی سوڕەتی ( الصف)ی لەسەر نووسرابوو:-
 «نصر من الله وفتح قريب »

(( ئەگەر ئامادەکاران دیزاینەرانی ئەو مەراسیمە هۆکار و کاتی هاتنەخوارەوەی ئەو ئایەتەیان دەزانی ئەزیەتیان نەدەکێشا و جورئەتی ئەوەیان نەدەکرد ئەو دەقە پیرۆزەی سەرکەوتن لە رۆژی شکست هەڵواسن))

 (٤)
بەبڕوای من ئەگەر مەلاکانی ئێران لەجیاتی ئەوەی ئەو هەموو مەسروفە لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بکەن، تەنها هەوڵی ئەوەیان دابووایە بتوانن پەیجەر بۆ «حزب اللە»ی لبنانی دروستبکەن، رێگەنەدەن بچن لە کۆمپانیایەکی بیانی بیکڕن، ئاوا بە ئاسانی توشی ئەو شکستە گەورەیە نەدەبوون.

((إِنَّا أَنزَلْنَاهُ قُرْآنًا عَرَبِيًّا لَّعَلَّكُمْ تَعْقِلُونَ))

(٥)
کێشە سەرەکیەکەی جیهانی ئیسلامی ئێمە ئەوەیە هێشتا  ئاوسە بە وەهم کە سەرەچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کتێبەکانی شەریعەت لە حەوزەی عیلمی قوم و نەجەفو جامیعەی ئەزهەر، بۆیە تێیدا شکست بە سەرکەوتن هەژمار دەکرێت، ئەوەی بەسەرمان دێت بەهۆی دوگمای عەقلی خۆمانەوە هەیە نەک بەهێزی دوژمن، هەڕەشەی دەرەکی لە هەموو سەردەمێک هەبووە، بۆچی رۆژگارێک دەتوانی شکۆی ئەوروپا بخەیتە ژێر قاچەکانت، بەڵام ئەمڕۆ گیرۆدەی دەستی جزیەدانی بە تڕەمپ؟، 

((وەڵامەکەی ئاسانە، کاتی ریفۆرمی ئاینییە، ئێمەش پێویستمان بە مارتن لۆثەرێکە)) 

(٦)
  نووسەر و شاعیری دانیمارکی (هانس کریستیان ئەندەرسۆن) لە چیرۆکی (جلی نوێی پاشا) دا باسی دوو بەرگدوری فێڵباز دەکات کە بە پاشا دەڵێن« ئێمە دەتوانیین جلێکت بۆ دروستکەین، ئەگەر هەرکاتێک لەبەریبکەی تەنها کەسانی شەریف دەتوانن بتبینن»، بەڵێ دواجار جلێکیان بۆ پاشا دروستکرد بەڵام لە «هیچ» نەک «قوماش»، بەڵام هەرکەسێک دەچووە لای پاشا نەیدەوێرا بڵێ «جلەکانت لە کوێن»، هەمووان لەترسی تۆمەتبارکردنیان بەحەرامزادە، دەیانگوت «جەنابی پاشا جلەکانت زۆر جوانن»، دواجار  پاشا ئەو جلەی لەبەرکرد کە لە هیچ دروستکرابوو و، چووە دەرەوەی کۆشک، دانیشتوانی شاریش، هەمووان بەوپەڕی نورمالی پێشوازیان لە پاشا دەکرد و سەرسامی خۆیان بۆ جلەکانی دەردەبڕی، بەڵام لەپڕ منداڵێک هاواری کرد «پاشا رووتە».

((موسڵمان بەگشتی و ئێرانیەکان بەتایبەتی پێویستە بگەڕێنەوە سروشتی منداڵی بۆئەوەی بتوانن جەسارەتی ئەوەبکەن بێژن «مەلاکان و خامەنەیی رووتن»))

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار