جەنگی ئێران ئیسڕائیل چی ڕوویدا؟

3 ڕۆژ لەمەوپێش



 

✍️دکتۆر ئەحمەد فاتح محەمەد 

سەرەنجام لە ١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٥  جەنگی نێوان ئێران ئیسڕائیل ڕوویدا، بەڵام لە ٢٥ی حوزەیران کۆتایی پێهات، ئەمەش دوای ئەوەی ئەمریکا بەفڕۆکەی B2 بۆردمانی دامەزراوەی ئەتۆمی فۆردۆ ونەتەنزی کرد، هەر دوای ئەو بۆردومانەش ئەمریکا فرمانی بە هەردوو وڵات کرد جەنگەکە ڕابگرن.

پرسیارگەلێکی زۆر دەکرێت ئەم جەنگە چی بوو، کێ سەرکەوتوو بوو، ئەی پەیامی ئەمریکا بۆ ئەم جەنگە چی بوو. لێرەدا تیشک دەخەینە سەر ئەو پرسیارانە.

کێ براوەی جەنگەکە بوو؟
پێوانەی سەرکەوتن لە جەنگێکی لەم جۆرە کارێکی ئاسان نییە، چونکە هەردوو لایەن ڕاستەخۆ لەڕێگەی سوپا و جەنگی بەرەییەوە ڕووبەڕوویی یەکتری نەبونەتەوە، بەڵکو ئەم جەنگە پشتی بەستبوو بە جەنگی دیجیتاڵی وسایبەر، وهێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، و ڕۆکێتەکان. ئیسرائیل لەڕوویی تەکنیکی و زانیاریی، و لێدانی ورد لە دامەزراوە هەستیارەکانی ئێران، و کۆنتڕۆڵکردنی ئاسمانی ئێران لەڕێگەی فڕۆکە پێشکەتوەکانەوە گورزی توندی لەئێرانییەکان دا.

لەبەرامبەریشدا ئێران سەرەڕای زیانەکان، بەڵام لەڕێگەی موشەک و فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی زەبری کاریگەریی لە ئیسڕائیل وەشاند.ئەم لێدانانەی ئێران ئەوەی نیشاندا ڕاستە ئێران نەیتوانیوە فڕۆکە جەنگییەکانی بەکاربهێنێت بەڵام هێزی موشەکی خۆی سەلماند.

گورزێکی زۆر کوشندەشی لە جبەخانەی ئێران وەشاند بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانیشەوە.سەبارەت بەوەی لەم جەنگە کێ سەرکوتوە دەتوانین بڵێین  هەردوولا خاڵی تەکتیکی خۆیان وەدەستهێناوە، لەهەموو ئەمە گرینگتر ئەوەی جەنگێکی سەرتاپاگیر ڕووینەداوە، دەتوانین بڵێین ئێران توانی دڵی شەقامی ئیسلامی وعەرەبی بۆ خۆی ڕابکێشێت چونکە هیچ هێز لایەنێک بەم شێوەیە لە قوڵایی ئیسڕائیلی نەداوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی پارێزگاریی لەمانەوەی دەسەڵاتی حوکمڕانی خۆی کرد. ئیسڕائیلیش دەستکەوتی گەورەیی هەبوو زۆرێک لەفەرماندە و زاناکانی ئێرانی کوشت، باڵادەستی ئاسمانیی و تەکنەلۆژیی و هەواڵگریی خۆی سەلماند.

پەیامی ئەمریکا لەم جەنگە چی بوو؟
ئەگەرچی ئەمریکا لایەنی ڕاستەوخۆی جەنگەکە نەبوو، بەڵام  هەموو قورسایی سیاسی و سەربازیی وگۆڕینەوەی هەواڵگری خۆیەوە ئامادە بوو، ئەمریکا لەم جەنگە چەند پەیامێکی هەبوو کە بریتی بوو لەم پەیامە ستراتیژییانە:

پەیامی یەکەم: ئاسایشی ئیسرائیل هێڵی سورە:
ئیسڕئیل کوڕی ناسک ونازداریی ئەمریکایە بۆیە هەر کاتێک ئەم کوڕە بکەوێتە مەترسی بێگومان ئەمریکا دەخاڵەت دەکات، ئەم قاعیدەیەکی نەگۆڕە بۆ ئەمریکا.

پەیامی دووەم: نا بۆ شەڕی سەرتاپاگیر:
واشنتۆن ژێر بەژێریش ئاگاداریی ئیسڕائیلی دەکردەوە کەنابێت هەوڵبدات جەنگەکە بگاتە خاڵێک کە هەموو شت لەدەست دەربچێت.

پەیامی سێیەم: فشار بۆ سەر ئێران بەردەوامە، بەڵام بەبێ ڕووخاندنی دەسەڵاتەکە. واشنتۆن هەوڵی ڕووخاندنی ڕاستەوخۆی دەسەڵاتدارانی ئێرانی نادات، بەڵکودەیەوێت دەست وپەنچەی ئێران لەناوچەکەدا بکات

ئایا جەنگ بەڕاستی کۆتایی هاتووە؟
وەڵامەکە بە کورتی: نەخێر جەنگ بە شێوەی ڕاستەوخۆ لەوانەیە بەکاتی وەستابێت، بەڵام ئەو ژینگەیەی کە ئەم جەنگەی بەرهەم هێناوە هێشتا بەردەوامە. نە ئێران وەک دەسەڵاتی سیاسی کەوتووە، نە ئیسرائیل بڕیاری داوە واز لە سیاسەتی جەنگ بهێنێت.
وەستانی جەنگ لە ئێستا ئاگربەستێکە،بۆ ئەوەی هێزەکان بەتایبەتی ئیسڕائیل خوێندنەوەی گشتگیر بۆ خۆی بکات وبزانێت خاڵە لاوازەکانی کامانەن، لەبەرامبەریشدا ئێران پێداچونەوەیەکی گشتگیر بە خۆیی وهاوپەیمانەکانیدا بکات، چونکە هاوپەیمانەکانی هیچ ڕۆڵێکیان نەبوو، بەتایبەتی لە عێراق و لوبنان ویەمەن.

دانوستانەکان ئەنجامیان دەبێت؟
دانوستانە بەردەوامەکان، چ ڕاستەوخۆ بن یان لە ڕێگەی ناوبژیوانانەوە (وەک قەتەر، عومان، یەکێتی ئەوروپا)، هێشتا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنی گشتگیر ، بەڵام ئاماژە سەرەتاییەکانیان ئاماژەیە هەردوو لایەن ویستیان هەیە لە ئێستادا لەجەنگ دوور بکەونەوە.

لە لایەن ئێرانەوە: ئاماژە هەیە ئێران ویستی ڕێکەوتنی تێدایە لەبەرامبەر ئەوەی فشارەکانی لەسەر کەم بکرێتەوە.
لە لایەن ئیسرائیلەوە: ئامادەگی هەیە بەمەرجێک ئێران دەستبەرداری تەواوەتی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بێت ئەگەرچی زەبری کوشندە وتوندی بەرکەوتوە هەروەها بە دوور بێت لەدەستوەردان لە عێراق وسوریا لوبنان و یەمەن.

بەڵام کێشە وگرفت ئەوەیە لەنێوان ئەم دوو هێزە هیچ سیقەیەک بونی نییە، هەردووکیان بەچاوی گومانەوە تەماشای یەکتردەکەن وترسیان لەیەکتریی هەیە. ئەمەش ڕەنگە ڕێڕەوی دانوستانەکان زۆر لاواز بکات.

کۆتایی:
ئەوەی لە نێوان ئێران و ئیسرائیل ڕوویدا نە جەنگی ئاسایییە، نە ئاشتیەکی پوچەڵیشە، بەڵکو بەشێکی دانەبڕاوە لە ناکۆکی نەبڕاوەی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست. نە لایەنی سەرکەوتویی ئاشکرا دیارە نە شکستخواردنی کۆتایی بونی هەیە، بەڵکو تەرازووی هێز بەردەوام دەگۆڕێت. پەیامی ئەمریکاش ڕوون بوو: پشتیوانی مەرجدارە، و جەنگ هەڵبژاردە نییە.

تا ئەو کاتەی نەخشەیەکی ئاسایشی نوێ بۆ هەرێمەکە نەکێشرێت،وەستانی جەنگ تەنها ئاگربەستێکی کاتی دەبێت وهێشتا بەشەکانی کۆتایی نەهاتووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار