سەردەمی هیچووپووچی ( بەشی حەوتەم )

2 ڕۆژ لەمەوپێش
نوسینی: شێرزاد شێخانی
جاران حکومەت ئەگەر بیویستبایە کەسێک پۆستی بداتێ ، لەناو کۆمەڵانی شاردا دەگەڕا بۆ کوڕی ئەرباب ونەجیبزادەکانی شارو کاندیدی دەکردن بۆ پۆستە باڵاکانی دەوڵەت . لەمەشدا دوو ئامانجی دەپێکا . یەکەمیان ئەوە بوو خەڵکی رۆشنبیرو بە تەربییەت وکوڕی ئەسڵزادەی شار بخاتە خزمەتی هاوڵاتیان.
دووەمیش راگرتنی شانوشەوکەتو هەیبەت ورێزی دەوڵەت. چونکە ئەولادی ئەرباب بە حوکمی چاوتێری و تەربیەت وئەخلاقی خانەوادەکانیان دەستیان بۆ پارەی حەڕام و زوڵمو ستەمکردن لەخەڵکی نەدەبرد لەترسی سومعەو پێگەی کۆمەڵایەتیەکانیان. بۆیە هەمو پۆستەکانی حکومەت لەلای پیاوی ناسراوو شەریف وخانەدانەکانی شار بەڕێوە دەبران.
لەگەڵ هاتنی حوکمی ڕەشی بەعسی ئەم بەهایانە وردە وردە بزربوون و خەڵکی حیزبی ودڵسۆزی رژێم بوونە مەسئول وخاوەن پۆستی باڵا . لەوساوە لەپێناو پۆستو پارەدا چیینێکی فراوانی خائینو خۆفرۆش و هیچووپووچ پەیدا بوون کە هیچ بنەمایەکی ئەخلاقی و تەربیەت و تەنانەت شەهادەشیان نەبوو .
ئەم کلتووڕە قێزەوننەی بەعس دوای راپەرینی بەهاری ١٩٩١ گواسترایەوە بۆ ناو دەزگاکانی حکومەت و جومگەکانی ، بە هەمانشێوە دەموچاوی وەها هاتنە سەر شانۆ بە تەزکییەی حیزب ودڵسۆزی بۆ دەسەڵات بوونە خاوەن پێگە لەناو کۆمەڵگەدا کە بەدەر بوون لەهەموو بەهاو قییىەمەکان تەنها لەملکەچی وملپانی نەبێت بۆ حزبو دەسەڵات .ئیدی بەمشێوەیە کۆمەڵگەی کوردەواری هێدی هێدی بەرەو هەڵدێران چوو ، ئومووری دەوڵەت کەوتە دەست ئەولادی شەوارع و تەربییەتی بەردەرکی سینەما و شەقاوەو چەقۆکێش و خوێری وسەرسەرییەکانی شار .
ئێستاش کار لەکار ترازاوەو گەیشتۆتە سەر ئەوەی تەنانەت منداڵە ورتکەکانی مەسئولانیش پیرۆز دەکرێن ، کۆیلەکانیش دەبنە خۆڵی بەرپێی هەندێ سەرکردەو موقەددەس دەکرێن !. داخەکەم هەندێ مامۆستای زانکۆو مەلای مزگەوت وشاعیرو نوسەریش هەن کە بەشدارن لەم میهرەجانەی تەقدیس کردن لەپێناو مشتێک دۆلارو پارچە زەوی و ئیمتیازاتی حەڕام .
لەسەردەمی هیچووپووچیدا زۆر ئاساییە بەڵتەچییەک لەناوەندی شاردا شەق لەمامۆستا هەڵدات ، کۆیلەیەک ریشی مەلای ئایینی بسووتێنێ ، ئەفسەریش پێشمەرگەی خۆی ئەتک بکات وسەروریشی بتاشێ .
شەوقی نەمر دەفەرموێ : إنما الأمم الأخلاق مابقيت، فإن هم ذهبت أخلاقهم ذهبوا..
واتا ( نەتەوە ئەخلاقە ، ئەگەر ئەخلاقەکەیان نەما ، ئەوانیش نامێنن ) باقی وەلسەلام .
