ئاشتی لەسەر ڕیتمی بۆمبەکانی B-2

13 كاتژمێر لەمەوپێش



د. ئەمیر حسێن 

تڕامپ زوو ئەو وتەیەی بەدرۆخستەوە کە دەڵێت: هەڵگیرسانی شەڕ ئاسانە بەڵام کۆتایی پێهێنانی ئەستەمە. لە ماوەی دوانزە ڕۆژی شەڕدا جیهان شاهیدی بەریەککەوتنی جەبەروتی ڕق و توڕەیی دوو زلهێزی هەرێمی گەورەبوو.

ئەو ڕق و توڕەییەی زیاتر لە چوار دەیەیە پەنگی خواردبۆوە بەرامبەر یەکتر، ئەگەرچی لەو ماوەیەدا ئەم دوو هێزە بەردەوام لە شەڕدابوون بە شێوازی جۆراو جۆر، بەڵام بەیەکدادانی ڕاستەوخۆی ئەم جارە زۆر جیاوازبوو، هەر لە سەرەتاوە کۆنتڕۆڵکردنی ئاسمانی ئێران لەلایەن ئیسڕائیلیەکان، ڕێگە خۆشکەربوو بۆ وەشاندنی گورزی کاریگەر لە بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران و سەربازگەو بەشێک لە دامودەزگا خزمەتگوزاریەکان.

لە پاڵیدا دزەکردن و چالاکیە هەواڵگیریەکانی مۆساد لەقوڵایی ئێراندا هەر لەدەستنیشانکردنی شوێنی تایبەتی بەرپرسە سەربازی و زانا ئەتۆمیەکانەوە بگرە تا هاوکاری لۆجستی و چاوساغی هێزە ئاسمانیەکان، خاڵی لاوازی ئێرانیەکان بوو لەم شەڕەدا، چونکە ئێران لەهەردوک بەرەی شەڕی ئاسمانی و هەواڵگیری زیانی زۆری بەرکەوت.

بەتایبەت لەدەستدانی کۆمەڵێک زانای بواری ئەتۆمی کە خاوەنی ئەزموونێکی دورودرێژبوون، قەرەبوکردنەوەی ئەو عەقڵە زانستیە ڕاهێنراو پەروەردەکراوانە کە سەرمایەیەکی نیشتمانی گەورەبون هەروا ئاسان نیە بەراورد بە سەرکردە سەربازیەکان ، بێگومان ئیسڕائیلیەکان جیا لە تێکشکاندنی کورە ئەتۆمیەکان و پەکخستنی بەرنامە ئەتۆمیەکەی لەم هێرش و پەلامارە مەبەستیان شکاندنی شکۆو بچوککردنەوەی ئێران بو، وەک هێزێکی هەرێمی خاوەن هەژموون لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە سەرکردایەتی بەرەی مقاوەمەدەکات.

وەک چۆن ناتانیاهۆ لە دوای (٧) ی ئۆکتۆبەرەوە بەردەوام جەخت لە داڕشتنەوەی نەخشەی جیۆسیاسی ناوچەکە دەکاتەوە بە دیزاینێکی نوێ، بەشێوەیەک مەترسیە وجودیەکان لە سەر قەوارەی ئیسڕائیل بۆ ئایندەیەکی دوور بڕەوێنێتەوەو، ئاسایشی ناوچەکەش دەستەبەربکات.

لە بەرامبەردا ئێران توانی بۆ یەکەم جار لە مێژوی دروستبونیەوە سەرجەم گەلانی ئیسڕائیل بە قونسوڵ و سەفیری وڵاتانەوە بۆ ماوەی دوانزە ڕۆژ لە پەناگەو ژێر زەمینەکان قایم بکات ، بە شێوەیەک ژیان تا ئەندازەیەکی زۆر لە زۆربەی سێکتەرەکان پەکیان بکەوێ، ئێرانیەکان گرەویان لەسەرکات دەکرد ، چونکە دڵنئابوون درێژەدان بە جەنگ جیا لەوەی کۆمەڵگەی ئیسڕائیلی دابەشدەکات بەسەر دەنگی هاوسۆزو ئۆپۆزسیۆنی ناڕازیدا، لە هەمان کاتدا ئابوریەکەی وێران دەکا.

ناتانیاهۆ زوو پەنای بردە بەر تڕامپ بۆ ئەوەی گورزی یەکلاکەرەوە بوەشێنێ، لێرەوە لۆژیکی ئاشتی بەهێز، وەک بژاردەیەکی تاقیکراوە لە مێژوودا، بۆ نمونە وەکو تڕامپ دەڵێت : گورزە ئەتۆمیەکەی هێرۆشیما و ناکازاکی کە دواجار تەسلیم بونی یابان و کۆتایی جەنگی لێکەوتەوە جارێکی تر لە مێژوودا دووبارە بۆوە، ئێرانیەکان جیا لەوەی لەم شەڕەدا هێزی درۆن و ڕۆکێتی بالستی خۆیان پێشانی هەمواندا، لە هەمان کاتدا بۆ یەکەم جار لە مێژوودا توانیان پایتەخت وشارەکانی ئیسڕائیل وەک غەزەو خواروی لوبنان بە وێرانە پێشانی جیهان بدەن.

بە شێوەیەک ئیسڕائیلیەکانی توشی ترس و شۆک کردبو، هەروەها گەلانی ئێران زوو گرەوەکەی ناتانیاهۆیان پوچەڵ کردەوە کاتێک بە گەرمی باوەشیان بە دەسەڵات و سیستەمە ئیسلامیەکەیدا کردەوە، وەکو پشتیوانیەک بۆ سوپا وهەڵوێستەکانی دەسەڵاتە سیاسیەکەی ، لە کاتێکدا زۆربەی چاودێران وهەندێک هێزی سیاسی پێیان وابو گورزە سەربازیەکان دەبنە پاڵنەری گەلانی ئێران بۆ ڕاپەڕین، ئەم هەڵوێستە ئاماژەیە بۆ ڕەگی قوڵی دەوڵەتی ئیسلامی بە پشت بەستن بەعەقیدەو مەزهەبی ئاینی وەکو بونیادی سەرەکی دەوڵەت، بە پێوە وەستانی دەسەڵات لەبەرامبەرئەم مەترسیەو دەربازکردنی لەم تەنگژە وجودیە خۆی لەخۆیدا سەرکەوتنە لە ئێستادا، ئەگەرچی زەبری زۆریش بەر پەیکەری سوپاو پڕۆژەی ئەتۆمی و ژێرخانی ئابوری کەوتبێت .

ئەوەی بەدرێژایی دوانزەڕۆژەی شەڕ زۆرترین فۆکسی لەسەربو،هەڵسوکەوتە شۆ ئامێزیەکەی تڕامپ بوو، هەڵسوکەوتێک پيدەچێت سیمای سیاسەتکردنی چوارساڵی کابینەکەی تڕامپ بێت لە بەرامبەر پێشهات و ئاڵوگۆڕەکاندا، تڕامپ وەکو سەنتەری بڕیارە چارەنوس سازەکان ( بڕیاری شەڕو ئاشتی ) لە سەر شانۆی ڕاگەیاندنەکان و نێو سۆسیال مێدیا خۆی وەکو پاڵەوان نمایش دەکرد ، ئەگەرچی سەرەتا ڕوبەڕوی ناڕەزایەتی بزوتنەوەی ماگا بۆوە، بەڵام دەرئەنجامی بڕیارەکان هەرزو توانی جارێکی تر پشتیوانی ئەم بزوتنەوە بەدەست بێنێتەوە، تەنانەت دەنگە ناڕازیەکانی کۆماریەکانی بەیەکجاری کپ کردو تەنانەت هاوسۆزی بەشێکی زۆری بنکە جەماوەریەکەی دیموکراتەکانیشی لە ناوخۆدا مسۆگەرکردوە، لە ئاستی دەرەوەش لە گەرمەی ململانێکان لەگەڵ دۆست و نەیارە تقلیدیەکانی، تڕەمپ بەبێ هەڕەشە هەموانی لە تواناو هێزی سەربازی و تەکنۆلۆژی ئەمریکا جارێکیتر ئاگادارکردەوە ، بۆ ئەوەی بە خەیاڵیش بیر لە ڕوبەڕوبونەوەی ئەمریکا نەکەنەوە، ئەمەش گێڕانەوەی شکۆو مەزنیە بۆ ئەمریکا وەکو خۆی بانگەشەی بۆ دەکا، بەتایبەت دوای شکستە ئابڕوبەرانەکەی ئەمریکا لە ئەفغانستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی، هەروەها مسۆگەرکردنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیە وەکو خەونی پێوە دەبینێ .

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار