هەرێم و بەغداو دۆخی خەڵک!

19 كاتژمێر لەمەوپێش



دڵشاد ئەنوەر

وەفدی عێراق و هەرێمی کوردستان سەرقاڵی گفتووگۆو دانوستانن، گفتووگۆی جیاوازتر لە جاران، گفتووگۆی یەکلاکەرەوە. ئەگەرچی ئایندەی ڕێککەوتنەکان دیار نییەو هیچ گەرەنتییەکیش بۆ زوو تێکچوونەوەی لەگۆڕێ نییە، بەڵام هەرێم جدییەو دەیەوێت خۆی لەم دۆخە قوتار بکات.

* عێراق کۆمەڵێک مەرج و داواکاری هەیەو هەرێمیش کۆمەڵێک گەرەنتی دەوێت، بەڵام گەورەترین گرفت ئەو کۆمپانیا نەوتیانەن کە گرێبەستیان لەگەڵ هەرێم هەیە، ئەوان دەیانەوێت پێشوەخت ئەوەیان بۆ ڕوونبکرێتەوە، چی لایەک مافەکانیان پێدەدات، هەرێم یان نەغدا؟
جاری پێشوو هەرێم خۆی نەکرد بە خاوەنی مەسەلەکە، کۆمپانیاکانی نارد بۆ گفتووگۆو دانوستان لەگەڵ عێراق، لەکاتێکدا عێراقییەکان داوای بەشداری وەفدی هەرێمیان دەکرد، بەڵام ئەمجارە هەرێم خۆی چووەتە پێشەوە.

* ئەمجارە دۆخەکە جیاوازە، جگە ڕێککەوتن و تاڕادەیەک تەسلیم بوون، هەرێم هیچ ڕێگە چارەیەکی تری نییە، چونکە؛

یەکەم؛ ئەمەریکا تا ڕادەیەک لە هەرێم نیگەرانە، هۆکاری ئەمەش ئاڵۆزو تێهەڵکێشە.

دووەم؛هەرێم خوێندنەوەی بۆ ڕووداوەکانی ناوچەکەو شەڕی ئیسرائیل- ئێران کورتی هێنا، بۆیە ئێرانیش زۆر لەهەرێم توڕەیە. ئێران داوا دەکات هەرێم بەسیاستی خۆیدا بچێتەوەو ڕۆڵیش بە نێچیرڤان بارزانی بدرێت، واتە دۆخەکە هاوشێوەی دوای ١٦ ی ئۆکتۆبەرە، وەکچۆن ئێران لە کردارو گوفتاری بارزانی نیگەرانبوو، دواجار نێچیرڤان خرایە خەت بۆ لەحیمکردنەوەی کێشەکان. هەرواشە زۆرجار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پارتی نێچیرڤانی ڕەوانەی ئێران کردووەو میدیای ئێرانیش ستایشیان کردووە.

سێیەم؛ بۆچوونی بەرپرسانی هەرێم گۆڕاوە، پێشتر چاوەڕوانی ڕووخانی ئێرانیان دەکرد، بەڵام ئێستا پێیانوایە گەر جەنگیش سەرهەڵبداتەوە، هاوشێوەی پێشوو فراوان نابێت، بەڵکو ناوبەناو ئێران و ئیسرائیل گورز لەیەکتری دەوەشێنن، بۆیە دەبێت خۆیان لەگەڵ دۆخەکەدا بگونجێنن.

چوارەم؛ وەک ئاماژەم پێکرد، هەرێم جگە لەرێککەوتن و تاڕادەیەکیش تەسلیم بوون، هیچ ڕێگەیەکی تری لەپێش نییە، بۆیە گەر هاوکێشە سیاسییەکان تێکی نەدەن، ئەگەری رێککەوتن هەیە، هەرچەندە ئەمە عێراقەو پێشبینی لەسەر بینا ناکرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار